مامۆستایەکی ئایینی ژیانی زانایانی 269 ساڵی بێتواتەی خۆشناوەتی دەنووسێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینی کتێبێک لەسەر زانایانی ئایینی نزیکەی 269 ساڵی دەڤەری بێتواتەی خۆشناوەتی لە پارێزگای هەولێر دەنووسێت و ژیانی مامۆستایانی ئایینی دۆکیومێنت دەکات.
مەریوان حاجی مامۆ هەرتەلی، مامۆستای ئایینی و نووسەر، لەدایکبووی ساڵی 1989یە و سێ بەرهەمی نووسراوی هەیە، دواینیان کتێبی "زانایانی ئایینی دەڤەری بێتواتە"یە، کە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەچاپ گەیێندراوە.
ئەو مامۆستایە سەبارەت بە کتێبەکەی بە رووداوی گوت، "کتێبەکە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی مێژووی ناحیەی بێتواتە و گوندەکانی و جوگرافی سنوورەکە و ژیاننامەی مامۆستایانی ئایینی دەڤەرەکەی بە وردی تێدایە، بەشێکیان مردوون و بەشێکیان هێشتا لە ژیاندان".
کتێبەکە مێژوو و جوگرافیای دەڤەرەکە و ژیانی مامۆستایانی ئایینی لە ساڵانی 1755 تاوەکو ساڵی 2024ـی تێدایە.
مەریوان حاجی مامۆ هەرتەلی گوتی، "هەمیشە دەڤەری خۆشناوەتی سەرقافڵە و پێشەنگ بووە و خزمەتی دیار و بەرچاوی کردووە، بەتایبەت لەبواری ئایینی و دینداری و مەدرەسە و حوجرە و مزگەت و پێگەیاندنی فەقێ و زانای ئایینی، بە سەدان حوجرە و مەدرەسەی بەهێزی تێدابووە و بە هەزاران زانای ئایینی دەرچووی حوجرەکانی خۆشناوەتین".
ئەو نموونە بە قسەیەکی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، زانای ئایینیی گەورەی کورد دەهێنێتەوە و دەڵێت گوتوویەتی یەکەم مەدرەسە و حوجرە لە دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە ناوچە کوردییەکان، لە گوندی باشوورەی خۆشناوەتی، سەر بەناحیەی باسرمە، سەر بە قەزای شەقڵاوە بونیادنراوە.
دەشڵێت، "لە رووی خانەدانی و پیاوچاکی و حوجرە و تەکیە و دیوەخانەکانی کوردیشەوە، هەمیشە دەڤەری خۆشناوەتی پشکی شێری بەرکەوتووە و ئەو شوێنانە کاریگەری زۆریان هەبووە و شوێنی شۆڕش و کوردایەتی و کوردپەروەری و خانەدانی و ناندان و مەعریفی و زانستی بوون".
کتێبی "زانایانی ئایینیی دەڤەری بێتواتە"، لە دووتوێی 552 لاپەڕەدایە و ژمارە سپاردنی 331ـی وەزارەتی رۆشنبیریی پێدراوە. جگە لەوانەی باسکران بە وردی باسی هەموو گوندەکانی ناحیەی بێتواتەی تێدایە.