5 پاسەوانی قەیسەریی کەرکووک لەسەر کەیسی سووتانی بازاڕەکە دەستبەسەرکراون

23-05-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، پێنج کەس کە پاسەوانی ناو بازاڕی کەرکووکن بانگکراونەتە بنکەی پۆلیسی ئازادی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سووتانی قەیسەرییەکە.
 
عومەر جەبار حەسەن، کە وەکیلی هەردوو باڵەخانە سووتاوەکەیە بە رووداوی گوت، "یەکێک لەو پاسەوانانە، پاسەوانی باڵەخانەکانی ئەوانە، بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کراون و فەرمانی راگرتنی بۆ دەرچووە لەگەڵ چوار پاسەوانی دیکە".
 
عومەر جەبار کە هاوکات دووکانیشی هەیە لە باڵەخانەکە و دەڵێت زیانێکی زۆری بەرکەوتووە باس لەوە دەکات، ”گومان دەکەن سووتانی بازاڕەکە دەستێکی شاراوە بێت، نەک ئەوەی پەیوەندی بە پاسەوانەوە هەبێت، بەڵام بانگکردنی پاسەوانەکان لە چوارچێوەی رێکاری ئەمنی و لێکۆڵینەوەدایە، بەو ئامانجەی بگەنە سەرەداوێک".
 
کاژێر 02:00ی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19-05-2024 لە قەیسەریی کۆنی کەرکووک نزیکەی 100 دووکان و کۆگە سووتان. ئاگرەکە زیانی گیانیی نەبوو و تەنیا زیانی مادیی لێکەوتەوە.
 
هەرچەندە هێشتا بەفەرمی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دووکاندارەکان نایشارنەوە کە بەگومانن لە رووداوەکە. ئەوەی گومانەکانیشیانی زیاتر کردووە ئەوەیە؛ باس لەوە دەکرێت ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە هەڵگیرسابێت، بەڵام دەگوترێت لەکاتی هەڵگیرسانی ئاگرەکە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان، کارەبا نەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە