لە کەرکووک تێستی سەرژمێری لە سێ ناوچە و گوندێک دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

تێستی سەرژمێریی دانیشتووان لە کەرکووک لە سێ ناوچەی کوردنشین، عەرەبنشین و تورکماننشین هەروەها گوندێک ئەو پارێزگایە دەکرێت.
 
عەلی حەمادی، یاریدەدەری هونەریی پارێزگاری کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوێنێ، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کۆبووینەوە بۆ تاوتوێکردنی سەرکەوتنی راهێنانی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ئامار و پلاندنانی کەرکووک، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ تێستی سەرژمێریی دانیشتووان، کە رۆژی 31ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئامادەکارییە بۆ ئەو سەرژمێرییە گشتییەی ئەمساڵ دەکرێت."
 
یاریدەدەری هونەریی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای کرد؛ تێستی سەرژمێریی دانیشتووان لە چوار ناوچە دەکرێت، کە بریتین لە گوندی گورگەچاڵ و سێ ناوچەی نێو شاری کەرکووک کە ناوچەیەکی عەرەبنشین، ناوچەیەکی کوردنشین، لەگەڵ ناوچەیەکی تورکمانین.
 
عەلی حەمادی، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت "سەرژمێریی گشتی جگە لە ژمارەی نوێی دانیشتووانی کەرکووک، وامان لێدەکات بزانین رێژەی هەژاری لە پارێزگاکە و بێکاری و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ژمارەی خانووبەرە و پێویستیمان بۆ خانوو چەندە، هەروەها دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژمارەی قوتابخانەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە."
 
دەشڵێت "سەرژمێری، ژمارەی ئاوارەکانمان بە دروستی دەداتێ، چونکە بودجەی هەر پارێزگایەک لەسەر بنەمای دانیشتووان دەدرێت، ئێمە 120 هەزار ئاوارەمان هەیە، 60 هەزاریان ئاوارەی نێوخۆیین و 60 هەزار دیکەشی ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەن، کەرکووک بودجەی خۆی وەکو پێویست لە بودجەی گشتی وەرناگرێت، بۆیە بەهۆی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانەوە، ژمارەیەک پێوەر لە سەرژمێریی گشتی دەردەچێت کە بۆ بڕیاربەدەستەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ زۆر بابەت."
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتی دانیشتووان بکات، کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی دیکە.
 
لە ساڵی 2009ـوە، حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان، بەردەوام رێگر بووە لێی. 
 
عێراق، بڕیاریدابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری بکات، له‌ ساڵانی: 1927، 1934، 1947،1957، 1965، 1977، 1987، 1997 سەرژمێری کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە دوایین سەرژمێرییەکەدا نەبووە و ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکات.
 
لە دوایین سەرژمێریدا، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن و 184 هەزار و 534 کەس. بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.