لە دوو رۆژدا نرخی مسقاڵێک زێڕ 20 هەزار دینار دابەزیوە

23-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دوو رۆژدا زیاد لە 80 دۆلار دابەزیوە، نرخی مسقاڵێکیش 20 هەزار دینار. شارەزایەک دەڵێت، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 450 هەزار دینار دابەزێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-5-2024) نرخی زێڕ 41 دۆلار دابەزی. هەر ئۆنسەیەک بە 2,340 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە دوێنێ ئێوارەوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 81 دۆلار دابەزیوە.
 
دابەزینی نرخی ئۆنسەی زێڕ، لە هەرێمی کوردستانیش نرخی مسقاڵی زێڕی دابەزاندووە.
 
ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا لە هەرێمی کوردستان، نرخی مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دینار دابەزی.
 
حاجی هەژار قادر، بازرگان و شارەزای زێڕ بە رووداوی گوت، هەرچەندە بازاڕ داخراوە، بەڵام ئێستا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دیناری دیکە دابەزیوە و ئێستا مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 475 هەزار دینارە.
 
بەم پێیە، لە دوو رۆژدا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 20 هەزار دینار دابەزیوە.
 
دەشڵێت، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو نرخی زێڕ زیاتر دابەزێت و ئۆنسەیەک بگاتە ئاستی 2 هەزار و 100 دۆلاریش.
 
ئەگەر ئۆنسەی زێڕ بۆ ئەو ئاستە دابەزێت، وەک ئەو دەڵێت، رەنگە ئەوکاتە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بگاتە 450 هەزار دیناریش.
 
ئەو دەڵێت، ئێستا لە جیهاندا خواست لەسەر زێڕ کەمبووەتەوە. هیچ پێشبینییەک بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەشی لە هەفتەی داهاتوودا نییە، ئەگەر هیچ رووداوێکی لەناکاو نەیەتە پێش.
 
دووشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 2450 دۆلار. حاجی هەژار دەڵێت، گرانبوونەکانی ئەمدواییەی زێڕ ئاسایی نەبووە. هۆکارەکەشی شەڕی غەززە و کڕینی زێڕی زۆر بووە لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.
 
بڵاوبوونەوەی کۆنووسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و داتا ئابوورییەکانی وڵاتەکە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕن.
 
ئەمڕۆ کۆنووسی کۆبوونەوەی دوێنێی سیاسەتداڕێژەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاوبووەوە.
 
بەپێی کۆنووسەکە، نیگەرانیی بەرپرسانی بانکەکە زیادبووە لەبارەی هەڵاوسان. بەشێکیشیان دوودڵییان پێشانداوە لە دەستکردن بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود.
 
لە کۆنووسەکەدا هاتووە، "بەشداربووان پێیانوایە هەرچەندە هەڵاوسان بەراورد بە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام لە مانگەکانی دواییدا هەڵاوسان بەرزبووەتەوە و لە ئامانجی بانکەکە دوورکەوتووەتەوە."
 
لە کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە بەرپرسان "ئامادەییشیان دەربڕیوە بۆ تووندترکردنی سیاسەتی نەختینەیی، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر مەترسیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ببێتە راستی."
 
بەشێک لە بەرپرسان، لەنێویاندا جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و کریستۆفەر واڵەر، پارێزگاری بانکەکە گوتوویانە رەنگە هەنگاوی داهاتوویان زیادکردنی رێژەی سوود بێت.
 
ئاماژەکانی کەمبوونەوەی بێکاریش لە ئەمریکا دابەزینی نرخی زێڕیان زیاتر و خێراتر کرد.
 
چوارشەممە 15-5-2024 وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە لە ئەمریکا بۆ 3.4٪ دابەزیوە. لە مانگی ئاداردا رێژەکە 3.5٪ بوو.
 
ئەمڕۆ وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا تاوەکو 18ـی مانگ ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی داوای بیمەی بێکارییان کردووە، بۆ 215 هەزار کەس کەمبووەتەوە. 
 
هەفتەی پێشووتر 223 هەزار کەس داوای بیمەکەیان کردبوو.
 
ئەم داتایە پێچەوانەی خواستی بەرپرسانی بانکیی ئەمریکا و سیاسەتی نەختینەییانە.
 
کەمبوونەوەی داواکارانی بیمەکە ئاماژەیە بە کەمبوونەوەی بێکاری. ئەمەش بە واتای زیادبوونی خەرجی دێت رەنگە هەڵاوسان بەرز بکاتەوە و کەمکردنەوەی رێژەی سوود دوابخات.
 
لە دوای شەڕی ئۆکرایناوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار رێژەی سوودی بەرزکردووەتەوە؛ 10 جاریان لەسەر یەکدی بووە.
 
ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە. سەرەتای ئەم ساڵ پێشبینی دەکرا ئەم ساڵ ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەکە بکات، بەڵام بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ئەو پێشبینییانەی لاوازکرد.
 
بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود، ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت، بەڵام هێشتا دوورە لەو رێژەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە.

مەزڵووم عەبدی: پابەندین بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا

سێشەممە، 17.12.2024، مەزڵووم عەبدی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "جەخت لە پابەندبوونی جێگیرمان بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا دەکەینەوە و رایدەگەیێنین کە ئامادەین پێشنیازی دامەزراندنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لە شاری کۆبانێ پێشکێش بکەین."