رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەی هەولێر - شەقڵاوە قەدەخە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە کۆتایی هەموو هەفتەیەک بۆ ماوەی 24 کاژێر هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە رێگەی هەولێر بۆ شەقڵاوە و ناوچە گەشتیاری و سەیرانگەکان قەدەخە دەکرێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر رۆژی پێنجشەممە 23-05-2024، ئاگادارینامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئاگاداری شوفێرانی بارهەڵگر دەکەینەوە لە رۆژانی هەینیدا لە کاژێر 8ـی بەیانییەوە تاوەکو 8ـی بەیانیی رۆژی شەممە، ‌واتا بۆ ماوەی 24 کاژێر هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر له رێگەی هەولێر بەرەو شەقڵاوە بە ئاراستەی تونێلی پیرمام و شوێنە گەشتیارییەکان و سەیرانگاکان قەدەخە دەکرێت".
 
هەروەها هاتووە، "نابێت بارهەڵگرەکان بەم رێگایانەدا هاتووچۆ بکەن، ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی هاتووچۆ و دروستنەبوونی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتووچۆ لەو رێگەیانەدا".
 
سەبارەت بە بەردەوامبوونی بڕیارەکەش، لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە هاتووە بڕیارەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو رێگای گونجاو بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان تەرخان دەکرێت.