لە ورمێ دوو کەس بە تەقینەوەی مین بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
لە دوو رووداوی جیاوازدا و بەهۆی تەقینەوەی دوو مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ، دوو کەس بریندار بوون.
 
ئەحمەد ساڵح پوور، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سەردەشت رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مین لە گوندی زەردکەی سەر بەو شارە هاونیشتیمانییەک بریندار بووە و پەنجەکانی پێیەکی پەڕیون. بریندارەکە لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی شاری سەردەشت چارەسەر وەردەگرێت.
 
هەروەها لە ناوچەیەکی سنووریی شاری پیرانشاریش مینێک بە سەربازێکی هێزەکانی پاسەوانیی ئێراندا تەقیوەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، مینەکە لە بەرزاییەکانی ناوچەی سنووریی تەمەرچین تەقیوەتەوە و سەربازەکە بە سەختی بریندار بووە، گۆزینگی قاچێکی پێوە نەماوە.
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتنی بۆ ناوچەکە و فریاگوزاری سەرەتایی، بریندارەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار.
 
ئەو دوو رووداوە رۆژی چوارشەممە روویدا، رۆژێک پێشتریش لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە بەرزاییەکانی ناوچەی کێلەشینی شنۆ هاونیشتیمانییەک بە ناوی ئیسماعیل عەزوزەمە، تەمەن 37 ساڵ گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بە ناوەکانی سەید هێمن مووسەوی و سەید هادی مووسەوی بریندار بوون.
 
ئەو هاونیشتیمانییانە خەڵکی گوندی میراوێی سەر بە شاری شنۆ بوون و بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووبوونە ناوچە سنوورییەکان.