هاتووچۆی سلێمانی: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کات هەژمار ناکات بەڵکو خێرایی دیاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە قۆناخی ئەزموونیدایە" ئەو ئامارانەشی بڵاوکراونەتەوە ئاماری 24 کاژێر نین. دەشڵیت "کامێراکان کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایار دەستبەکار دەبن و تیژڕۆیی تۆمار دەکەن".
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رۆژی دووشەممە 22-05-2023 رایگەیاندبوو، تەنیا لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمی ئێوارەدا، کە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کەوتە کار، 385 هەزار سەرپێچی لە کامێراکە لە رێگەی تاسڵوجە - دووکان تۆمارکران.
 
عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-05-2023) میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی رووداو بوو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات و گوتی "ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە دروستن، بەڵام ئاماری 24 کاژێر نین وەک چۆن لە هەندێک شوێندا بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو ئەوە تایبەتە بە کۆی گشتیی زەمەنی کارکردنی تێستی پرۆژەکە کە لە پار ساڵەوە تاوەکو ئێستایە".
 
عەقید بەختیار محەممەد گوتیشی "کۆی گشتیی ئەو ئامارانە تەنانەت ئەو شیکارانەش کە کراون، گوایە ئەوەندە ملیارە داهاتی پڕۆژەکە بووە، دروست نین، چونکە یەک سەنت لە شۆفێر نەسەندراوە و ناسەندرێت، چونکە بابەتەکە لە قۆناخی تاقیکردنەوەدا بووە، واتا پێویست بە هیچ دڵەڕاوکێیەک و نیگەرانییەکی شۆفێران ناکات. ئێستا کامێراکان تەنیا لەنێوان تاسڵووجە - سلێمانی و بەپێچەوانەوە کاردەکەن و لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە، ئێستاش سەرپێچییەکان دەبیندرێن و تۆمار دەکرێن، بەڵام لەسەر کەس ماڵ نییە و کەس بە پێبژاردن سزا نادرێت".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، رۆژانە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ تێست دەکرێن بۆ ئەوەی بزانن گرفتیان چییە، کواڵێتییان چۆنە، ئەو وێنانەی دێنە نێو سێرڤەرەکانەوە روونن یاخود ناڕوونن، ژمارەکان دیارن یاخود نا. 
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی خاڵ بۆ خاڵ کار دەکەن. سەرەتای پرۆسەی دانانی کامێراکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانییان و چەند پەرلەمانتارێکی لێکەوتووەتەوە.
 
لە قۆناخی یەکەمدا کامێراکان لە رێگەی تاسڵووجە - سلێمانی دانراون. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "لە رێگەی تاسڵووجە - سلێمانی و بەپێچەوانەوە کە 12 بە 12، واتا 24 کامێرا دەکات، بەڵام هیچ پێبژاردنێک لەسەر شۆفێر تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەژمار ناکرێت، دوای ئەو کاتەش، کامێراکان کاردەکەن و تیژڕۆیی تۆماردەکەن".
 
لەبارەی دیاریکردنی کات لەنێوان کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، عەقید بەختیار محەممەد گوتی "ئەو کامێرایانە کاتیان لەسەر شۆفێر دیاری نەکردووە، بەڵکو بڕی خێرایی دیاریکراوە و لە دوای 100 کیلۆمەترەوە پێبژاردنەکە هەژمار دەکرێت، کە نۆ کیلۆمەتریش رێپێدراوە، واتا بە کۆی گشتی شۆفێر 109 کیلۆمەتر بڕوات ئاساییە، بەڵام بوو بە 110 ئەوە بە پێبژاردن بۆی هەژمار دەکرێت، کە لەم یەک دوو رۆژەدا بڕەکانی پێبژاردنیش بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".
 
لە بارەی ئامانجی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، عەقید بەختیار محەممەد گوتیشی "ئەو کامێرایانەی دانراون، بۆ ئەوەیە خەڵک هێواش ئۆتۆمبێل لێبخوڕن بۆ ئەوەی تووشی رووداو و کارەسات نەبن، ئامانجی پشتی پڕۆژەکە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانە، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بە ئاگابن لە خێرایەکانتان و دارایی گیرفانتان، خێرا لێ نەخوڕیت، تووشی پێبژاردن نابیت".