فڕۆکەکانی تورکیا خانوویەک لە سنووری شنگال دەکەنە ئامانج؛ "قوربانی هەن"

23-05-2023
دیمەنی خانووە بۆردوومانکراوەکە
دیمەنی خانووە بۆردوومانکراوەکە
نیشانەکردن هاتووچۆ خاڵ بۆ خاڵ شنگال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەیامنێری رووداو رایگەیاند خانوویەک لە گوندی خەلەفی سەر بە ناحیەی سنوونێ لە سنووری شنگال کراوەتە ئامانج و، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی ناحیەی سنوونێ بە رووداوی راگەیاند "فڕۆکەکانی تورکیا هێرشەکەیان کردووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، قوربانی هەن".
 
خودێدا چوکێ، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی ناحیەی سنوونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی تورکیا خانوویەکیان لە گوندی چووموو ناسراو بە خەڵەف بۆردوومان کرد"، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی ئەو بەرپرسە، کوژراو و بریندار هەن.
 
بۆ فریاکەوتنی قوربانییەکان، بە گوتەی خودێدا چوکێ، "ئەمبیوڵانس بەرەو شوێنی رووداوەکە چوون، بەڵام هێشتا زیانە گیانییەکان بەتەواوی نەزانراون".
 
لەبارەی شوێنی بۆردوومانکردنەکە، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی ناحیەی سنوونێ گوتی، ئەو خانووە لە ناوەڕاستی گوندەکەوە دوور بووە و، کە گوندەکە دەکەوێتە نزیک چیای بارای لە نزیک سنووری سووریا.
 
بەپێی زانیارییەکانى تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو خانووە هێزێکى چەکداریى یەکینەکانى بەرخودانى ژنانى شنگالی تێدابووە؛ "باس لە کوژرانی سێ شەڕڤان دەکرێت".
 
لە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەوە دووەمجارە فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی شنگال دەکەن، رۆژی 16ـی ئەم مانگە فڕۆکەکانی تورکیا کۆمەڵگەی خانسۆریان لە سنووری شنگال بۆردوومانکرد. بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەوکاتیش کوژراو و بریندار هەبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە