هێمن هەورامی: وردەکاریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانم بۆ بەرپرسی یونامی روونکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی یونامی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەڵێت، "ھەموو وردەکارییە یاسایی و پەیڕەوییەکانی دانیشتنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنم بۆ شیکردەوە".

رۆژی سێشەممە، 23-05-2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "لە پەرلەمانی کوردستان لەگەل ریکاردۆ رۆدریگز، بەرپرسی یونامی لە ھەرێمی کوردستان کۆبوومەوە".
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسیویەتی، "ھەموو وردەکارییە یاسایی و پەیڕەوییەکانی دانیشتنی پەرلەمان ژمارە 4 لە 22-05-2023 و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنم بۆ شیکردەوە".
 
لەو کۆبوونەوەیەدا هێمن هەورامی داوای لە بەرپرسی یونامی لە ھەرێمی کوردستان کرد کە یونامی ھاوکاری سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان بێت.
 
کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە.
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش گوتی، پەیڕەوی نێوخۆ پێشێلکراوە و داننانێن بەو هەوڵەدا، چونکە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتووە.
 
بەڵام هەر ئەمڕۆ ژمارە 305ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە کە رۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات. لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023ـی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی.