کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە. لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، رێگرییان لە کارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-05-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانیی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە" و رایگەیاند، "هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت."
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بێ رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە؛ فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا باسی لەوەش کرد، "لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و ھاوتەریب کۆمیسیۆنیش کارابکرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا."
لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی تێیدا ئامادەبوون، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانیش ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بافڵ تاڵەبانی داوای لە پەرلەمانتارانی یەکێتی کرد، "وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت."
وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناخە هەستیارەدا بکەن. دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت."
سەرەڕای ئەوەی کە لە پەرلەمان روویدا، بەڵام سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سوورە و دەرگەی بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ