کرێکارانی پارێزگای ورمێ 80٪ـی داهاتیان بۆ کرێی خانوو دەچێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگیی رێکخراوەکانی کار لە پارێزگای ورمێ دەڵێت، 65٪ـی کرێکارانی ئەو پارێزگایە کرێچین و زیاتر لە 80٪ـی داهات و مووچەیان بۆ کرێی خانوو دەچێت.

عەلی سەحرانەوەرد، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگیی رێکخراوەکانی کار لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 23-5-2023، بە میدیای ئێرانی راگەیاند، ئەمساڵ مووچەی کرێکاران یەک لەسەر سێ زیادی کردووە، بەڵام سفرەی کرێکاران بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر 10 هێندە بچووک بووەتەوە.
 
رێکخراوەکانی کرێکاری لە پارێزگای ورمێ داوای زیادکردنی مووچەی کرێکاران بەگوێرەی ئەو هەڵاوسانە دەکەن کە بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵایان لە دیوانی دادی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێران تۆمار کردووە.
 
یەک لە نیگەرانییە هەرە سەرەکییەکانی کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوونی ئاسایشی کارە. عەلی سەحرانەوەرد دەڵێت، کرێکاران بەردەوام ترسی ئەوەیان هەیە لە کارەکانیان دەربکرێن، بەتایبەت ئەوانەی لە کارگەکان کاردەکەن زۆربەی هەرە زۆریان گرێبەستی کاتییان بۆ دەکرێت و ئەوەش پێشێلکردنی یاساکانی کارە کە لە دەستووری ئێراندا ئاماژەی پێدراوە.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگیی رێکخراوەکانی کار لە پارێزگای ورمێ باس لە دیاردەیەک دەکات کە ئێستا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بووەتە باو و وەکو ئاماژەی پێدەدات، بەشێک لە خاوەنکاران بۆ ئەوەی کار بدەن بە کرێکار، ناچاری دەکەن گرێبەستی سپی واژۆ بکات و ئەوەش بە جۆرێک لە کۆیلەداریی هەژمار دەکرێت.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 268 هەزار کرێکار هەیە و 120 رێکخراوی کرێکاریش تۆمارکراون؛ لە کۆی ئەو ژمارە کرێکارە 98٪یان بە گرێبەستی کاتی کاردەکەن و تەنیا 2٪یان کاری هەمیشەییان هەیە.

 

بەگوێرەی یاسای کار، لانیکەمی مووچەی کرێکاران لە ئێران چوار ملیۆن و 308 هەزار تمەن "کەمتر لە 100 دۆلار" دیاریکراوە، ئەوە لەکاتێکدایە کرێی خانوو لە نێوان سێ ملیۆن بۆ چوار ملیۆن و 500 هەزار تمەنە و وەکو بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی کار لە پارێزگای ورمێ دەڵێت، "65٪ی کرێکاران لە خانووی کرێدا دەژین".