بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و دانانی دوو ئەندامی لە وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسراوێک بە واژۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڵاوبووەتەوە و دەڵێت: بڕیاری داوە بە بەردەوامبوونی حەوت کەس وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و دوو ئەندامی نوێیشی بۆ کۆمیسیۆنەکە دەستنیشان کردووە. هەروەها رۆژنامەی وەقائیعی کوردستانیش نووسراوی ژمارەی 10ـی پەرلەمانی کوردستانی لەبارەی بۆ بەردەوامبوون و دەستبەکاربوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڵاوکردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-05-2023، نووسراوێک بە واژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی 1 لە ماددەی 56 لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و حوکمی مادەی خاڵی 1 لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 5ی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان -عێراق ژمارە 4ی ساڵی 2014 بڕیارماندا بە:
یەکەم: بەردەوامبوونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە رۆژی کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رێککەوتی 23-12-2019:
1. هەندێن محەممەد ساڵح
2. نەهرۆ سەلیم حەنا
3. رێزان حەمەرەشید کەریم
4. عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا
5. شێروان زرار نەبی
6. ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقار
7. سلێمان مستەفا حەسەن
دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە:
1. عەلی ساڵح مەحموود قادر
2. کامەران نەشئەت بەکر
سێیەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی کورستان بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ ژمارە 305ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە رۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023ـی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە تایبەت بە: بەردەوامبوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی.
کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.
دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام فراکسیۆنی یەكێتی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: کارا نەکراوەتەوە.
دوێنێ دووشەممە، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە".
هەر دوێنێ لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی سێ لە مادەی 18ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئەمڕۆی هەڵگرتووە؛ نە جێگرەکەی و نە هیچ کەسێک مافی ئەوەیان نییە دوای سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە بەڕێوەببەن".
لوقمان وەردی جەختیکردەوە، "بەهیچ شێوەیەک داننانێن" بەوەی کە دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بەڕێوەچووبێت.