کۆمیسیۆن: نووسراوی پەرلەمانمان پێگەیشت و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەین

23-05-2023
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ كاراكرنەوەی كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ‏راپرسیی هەرێمی كوردستان نووسراوی پەرلەمانی كوردستان گەیشتە ‏كۆمسیۆن.
 
هەندرێن محەممەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ‏راپرسیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانی ئەمڕۆ ‏سێشەممە بۆ كاراكرانەوەی كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ‏هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان نووسراوی فەرمی پەرلەمانی ‏كوردستان گەیشتووەتە دەستیان گوتی: "ئێمە كار بەو نووسراوە دەكەین ‏لە هەفتەی داهاتووە دەست بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن دەكەین".‏
 
هەندرێن محەممەد، رەتیکردەوە کە بڕیارەکە پێویستی بە واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت و گوتی: "ئێمە دەتوانین راستەوخۆ بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.
 
ناردنی ئەو نووسراوە لە کاتێکدایە، "کاراکردنەوە"ی کۆمیسیۆن لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان مشتومڕی ناوەتەوە، پارتی دەڵێت کۆمیسیۆن بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کارا کراوەتەوە، هەرچی یەکێتییە دەڵێت کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان بە پشتبەستن بە مادە 18ی پەیڕەوی ناوخۆ دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێناوە.
 
ماوەی یاسایی ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی  لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە، بۆیە تاوەکو کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە، ناتوانێت سەرپەرشتی هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بکات.
 
ئەندامانی کۆمیسیاران پێکدێن لە هەندرێن محەممەد ساڵح – سەرۆک- پارتی، عەلی ساڵح مەحموود – پارتی (سوێندی یاسایی نەخواردووە)، نەهرۆ سەلیم حەنا – یەکێتی، سلێمان مستەفا حەسەن - یەکێتی، رێزان حەمەڕەشید کەریم - گۆڕان، عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا - گۆڕان، شێروان زرار نەبی - کۆمەڵ، ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقادر - یەکگرتوو  و کامەران نەشئەت بەکر – تورکمان (سوێندی یاسایی نەخواردووە).
 
پێشتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18-11-2023 وەك رۆژی ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، کۆمیسیۆنیش دەڵێت شەش مانگ کاتی پێویستە تاوەکو ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە