حکومەتی عێراق دادگای تیرۆری لە حەمدانیە دامەزراندووە

24-05-2017
نەبەرد حوسێن
سەرۆکی دادگاکە تەنها مۆڵەتی وێنەگرتنی خەڵکی مەدەنی بە رووداو دەدات
سەرۆکی دادگاکە تەنها مۆڵەتی وێنەگرتنی خەڵکی مەدەنی بە رووداو دەدات
نیشانەکردن حەمدانیە موسڵ
A+ A-
رووداو - حەمدانیە

حکومەتی عێراق دادگای تیرۆری لە شارۆچکەی حەمدانیە دامەزراندووە و دادگایی ئەوانە دەکات، کە لە موسڵ بەیعەتیان بە داعش داوە، یاخود بەهۆی داعش زیانیان بەرکەوتووە.

لەنێو خانوویێکی دوو نهۆمی ئاساییدا دادگایەکی تایبەت بە تیرۆر بۆ خەڵکی موسڵ ئامادەکراوە. ئەو دادگایە بە دووری 20 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ لە شارۆچکەی حەمدانیەی مەسیحینشین کراوەتەوە.

گومانلێکراوەکان لە حەوشەی دادگا چاوەڕوانی دادگایی دەکەن، رۆژانە زیاتر لە 60 کەس دادگایی دەکرێن، کە لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە گیراون یان خەڵکی موسڵ سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون.

هەر کەس زیانی گیانی ماڵی لە سەر دەستی داعش و لە شەڕی موسڵدا بەرکەوتبێ هەر لە دادگای تیرۆری حەمدانیە دۆسیەی بۆ دەکرێتەوە، بڕیارە دواتر حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە.

هەرکەسێک دەستوکاری لەگەڵ داعش هەبووبێت، یاخود بەهۆی داعشەوە خانووی رووخابێ، ماڵی دزرابێ، ئۆتۆمبێل و هەر شتێکی دیکەی لەنێوچوو بێت، لەو دادگایە بۆ قەرەبووکردنەوە نانووس دەکرێت.

گەنجێک کە بۆ سکاڵا سەردانی دادگاکەی کردووە، دەڵێت داعش ئۆتۆمبێلەکەی، کە بەهاکەی 20 هەزار دۆلار بووە، بردووە و داوا دەکات قەرەبوو بکرێتەوە.

پێنج دادوەر و سێ داواکاری گشتی لە دادگاکەن، مامەڵەی خەڵک بەڕێدەکەن و تۆمەتباران دادگایی دەکەن. پشتێنەی ئەمنی لە دەوری دادگاکە دروستکراوە و چاودێری تەواوی خراوەتەسەر.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە