لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر شەڕ روویدا و 'چوار کەس بریندار' بوون

23-04-2025
پەیمان محەممەد
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەبەردەم نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان کەسوکاری نەخۆش و پاسەوانانی نەخۆشخانەکە، شەڕ روویدا و چوار کەس بریندار بوون. پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەر پەیوەست بە رووداوەکە پێنج کەس دەستگیرکراون.
 
رووداوەکە کاژێر 21:00ـی شەوی چوارشەممە 23-04-2025 لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر روویداوە. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''شەڕەکە لەنێوان کەسوکاری نەخۆشێک و پاسەوانانی بەردەم نەخۆشخانەکە دروستبووە کە لە ئەنجامدا پاسەوانێک و سێ کەسی دیکە بریندار بوون."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و پێنج کەسی دەستگیر کردووە.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژمارەیەک گەنج گوایە ماتۆڕسکیل لە باوکیانی داوە، ویستوویانە لە نەخۆشخانە سەردانی بکەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵخیی زۆرەوە لەلایەن پاسەوانەکانەوە رێگرییان لێکراوە بچنە ژوورەوە و لە ئەنجامدا تووشی دەمەقاڵی و شەڕ بوون.
 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە. ئەمە لە هەفتەیەکدا دووەم جارە لە بەردەم نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر شەڕ لەنێوان کەسوکاری نەخۆش و کارمەندانی بەشی پرسگە یان پاسەوانانی نەخۆشخانەکە روودەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە