لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک سزادرا و مەلایەکیش دەستگیرکرا

23-04-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەلایەکی دانیشتووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەندکردن سزادرا، مەلایەکی کرماشانیش دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن دادگەوە، دەستگیرکرا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، هەردوو مامۆستایی ئایینی، ئایەت غوڵامیی خەڵکی کرماشان و سابر خودا مورادیی خەڵکی سەقز بانگهێشتی دادگە کران، یەکێکیان دوای بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکرا و ئەوی دیکەیان بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
 
مامۆستا ئایەت غوڵامی، پێشنوێژی مزگەوتی محەممەد مستەفا، لە شاری کرماشان بۆ دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لقی کرماشان بانگ کرا و دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
 
مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستایی ئایینیی سوننە مەزهەبە لە کرماشان.
 
هەر ئەمڕۆ مامۆستا سابر خودا مورادی، بانگهێشتی دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان کرا، سزای 22 مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. 
 
پێشتریش بەهۆی پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، مامۆستا سابر خودامورادی لە لایەن دادگەی هەمەدانەوە بانگ کرابوو.
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025یش مامۆستا مەلا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە سنە، دوای ئەوەی بانگهێشتی دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان کرا، دەستبەسەر کرا.
 
دوای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022 زیاتر لە 10 مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بە بەندکردن، لێدانی قامچی و وەرگرتنەوەی مافی مەلایەتی سزادراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە