وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆدەبنەوە

23-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر رایگەیاند، لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆدەبێتەوە. 
 
وەزیرە فەرەنسییەکە ئەم ئێوارەیە 23ـی نیسان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو: "بڕیارە سبەی لە هەولێر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی کۆببێتەوە."
 
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە سەرخستنی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا کردەوە و هەروەها ئەو وەزیرە بە فەرمی سەرۆک بارزانی بانگهێشتی پاریس کرد. 
 
لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردنەکە، بارەگای بارزانی دەڵێت: بە مەبەستی "ئامادەبوونە لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەو شوێنەی بە مەبەستی رێزگرتن لە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی داعش لە یەكێک لە پاركەكانی پاریس دەكرێتەوە."
 
هاوکات وەزیرە فەرەنسییەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە "بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کورد و هەرێمی کوردستان" کردەوە.
 
هەروەها گوتی: "ئێمە لەگەڵ کورد کاری زۆری هاوبەشمان هەیە. لە شەڕی دژ بە داعش پەیوەندییەکانمان [لەگەڵ کورد] بەهێزتر بوون."
 
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ و سبەی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. سەردانەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی عێراق لە بەغدا. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە