شاندێکی کشتوکاڵی عێراق لە هەرێمی کوردستانن بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمی گەنم

23-04-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە هەرێمی کوردستانن بۆ گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان. شاندەکە دوای گەڕانەوەیان کۆنووسێک دەدەنە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی کوردستان.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە ماوەی شەش رۆژ لە هەرێمی کوردستان دەبن و سەردانی پارێزگاکان و کێڵگەکانی گەنم دەکەن، تیمەکە هەڵسەنگاندن بۆ رووبەری داچێندراو و ئاستی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
گوتیشی، عێراق بەنیازە ئەم ساڵ شەش ملیۆن تۆن گەنم وەربگرێت و لە ناوەڕاستی و باشووری عێراق وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراوەیە، دەمانەوێت وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستانیش کراوە بێت.
 
لەبارەی رووبەری داچێندراو بە گەنم لە هەرێمی کوردستان، هیوا عەلی ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانان و دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراون.
 
گوتیشی، "بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارین، پێشبینی دەکەین ئاستی بەرهەمهێنان بگاتە دوو ملیۆن تۆن گەنم، بۆیە ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێداگرین لەسەر ئەوەی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران جیاوازی نەکرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شاندە لە گەڕانەوەیان بۆ بەغدا کۆنووسێک دەدەنە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و رووبەری داچێندراو، لەگەڵ ئەو داتایەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی دەبنە بنەمای بڕیاردان لەسەر بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت.
 
بە گوتەی هیوا عەلی، ئەوان وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی كشتوکاڵ ئامادەیی هەموو ئاسانکارییەکی تەکنیکی و کارگێڕییان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەربڕیوە، بۆئەوەی سەردانی هەموو ناوچەکان بکەن.
 
گوتیشی، داوایان لێکردوون لەکاتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش، خۆیان سەردانی ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم بکەن.
 
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی وەرگرتنی گەنم، باسی لەوە کرد، "لە وەرزی وەرگرتنی گەنم، گواستنەوەی گەنم لەنێوان پارێزگاکان قەدەخە دەکرێت و هاوردەکردنی گەنمیش لە دەرەوەی عێراق بە هەموو شێوەیەک قەدەخە دەکرێت بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە