بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەیەک کرایە کتێب کە لە سێ پارچەی کوردستان خەباتی چەکداری کردووە
رووداو-دهۆک
کتێبی (لە مهابادەوە تاوەکو حەمرین) لە دهۆک ناسێندرا. نووسەرەکەی پێشمەرگەیە بە ناوی عەبدولباقی و لە سێ پارچەی کوردستان خەباتی چەکداری کردووە.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمەکە ئامادە بوو و گوتارێکی پێشکێش کرد: "هەر پێشمەرگەیەک، هەر شۆڕشڤانێکی کوردستان خاوەن سەرپێهاتی و چیرۆکی زۆر گەورەیە، بەڵام مخابن لەگەڵ مردنی هەر یەکێک لەم شۆڕشگێڕانە، بەشێک لە دیرۆکی ئێمە بەبێ تۆمارکردن دەچێت. ئەم کارەی بۆ تۆمارکردنی خەباتی عەبدولباقی بامەڕنی کراوە، پێویستە بۆ هەموو خەباتکارانی دیکەیش بکرێت."
سەنتەری (کۆماتە) بە هاوکاریی تۆڕی میدیایی رووداو بیرەوەرییەکانی ئەو پێشمەرگەیەی چاپکردووە. رزگار کێستەیی، بەرپرسی سەنتەرەکە: "کاتێک ویستمان چاپی بکەین، بەداخەوە شوێنێک کە نامەوێ ناوی بهێنم، ئێمەی هەڵخەڵەتاند، بە خراپی چاپی کرد و هەمووی فەوتا. جارێکی دیکە بە هاوکاریی رووداو ناردمانە تاران و چاپکرایەوە."
هەوێنی کارەکە چەند تۆمارێکی دەنگی بوو. لە کەمپی مێردینی باکووری کوردستان تۆمار کراوە. رێڤینگ هرووری، پێشمەرگەی دێرێن دەڵێت: "چووینە لای، چوار رۆژ لەژێر خێمە ماینەوە و شەش کاسێتمان تۆمار کرد."
کوڕی عەبدولباقی کە ئامادەکاری کتێبەکەیە، تۆمارە دەنگییەکانی باوکی کردووەتە نووسین. لەگەڵ چەند بیرەوەرییەکی دیکە، کردوویەتی بە کتێبێکی 500 لاپەڕەیی.
کاوە عەبدولباقی بە گریانەوە: "ئارەزوومەندانی مێژووی کوردایەتی ئەمڕۆ لێرەن، ئەموو هەموو شتێکە بۆمن. ئەم کتێبە کەوتووەتە بەردەستی خوێنەران و بۆیان دەردەکەوێت کە چ خەباتێکیان کردووە و خۆی نەچەماندووە. ئێستا زۆر دڵخۆشم، کاتێک دەبینم ئەم کتێبە چاپکراوە، وا هەست دەکەم باوکم لەلامە."
عەبدولقادر بامەڕنی ساڵی 1900 لە بامەڕنێ لە سنووری پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. بەشداریی لە خەباتی چەکداری کردووە لە باشوور، رۆژهەڵات و باکووری کوردستان.