رووداو - بەغدا
جیاواز و لە دیدار و کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی لە بەغدا، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی تورکمان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی جیاواز بوو. بەرەی تورکمانی سەرکردایەتیی لایەنە تورکمانییەکانی کرد لە گفتوگۆ و دانیشتنی سیاسییەکانی تورکمانی عێراق لە دانیشتنەکەدا.
سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە و دەڵێت، 30 خولەک لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە پەیوەست بووە بە پرسە گشتییەکان و ماف و داواکارییەکانی تورکمان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، "لە کۆبوونەوەی شاندی تورکمانی لە کۆشکی حکومی لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی، باسی دۆخی تورکمان کرا، تەئکید لە رۆحی نیشتمانیی تورکمان کرایەوە لە عێراق. تورکمان پردی پەیوەندیی نیشتمانیی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە، باسکردن لە ئیدارەی هاوبەش، هەمووان کۆکن لەسەر ئیدارەکە هاوبەش بێت و بە شێوەی خولی بێت."
گەرچی تورکمانەکان لە هەولێر لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا دیداری هاوشێوەی بەغدایان بۆ رێکنەکەوت، بەڵام بە پەیام لە رێگەی جیاوازەوە، نیگەرانیی خۆیان گەیاندووەتە ئەردۆغان لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
ئایدن مەعرووف، ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراق رایگەیاند، "بابەتی کەرکووک بابەتێکی هەستیارە، بۆ تورکمانەکان و بۆ وڵاتی تورکیا زۆر زۆر گرنگە، بڕیار دراوە ئیدارەی هاوبەش بێت، لە هەمان کاتدا ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی داوا دەکەین و دەمانەوێت پارێزگاری کەرکووک لە تورکمان بێت."
رووداو زانیویەتی، لایەنە تورکمانییەکانی کەرکووک داوای پشتیوانییان لە ئەردۆغان کردووە بۆ چەسپاندنی پڕۆژەکەیان سەبارەت بە پرسی ئیدارەی پارێزگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ