رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت، "هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر واتای گرنگیدانە بە هەرێمی کوردستان." ئاماژە بەوەش دەکات، کار لەسەر ئەوە کراوە نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-04-2024 ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی سەردانەکەی رۆژی دووشەممە 22-04-2024ی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا قسەی کرد و رایگەیاند، "هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکی هەستیاردا بوو؛ هاتنەکەی بەرهەمدار بوو. ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان عێراق و تورکیادا کران گرنگ بوون، لەوانە رێگەی گەشەپێدان کە پڕۆژەیەکی گرنگە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر گرنگیدانە بە هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکاندا جەختی لەسەر پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و گوتیشی، "ئەوەش گرنگیی پێگەی سیاسیی هەولێرە. ئێستا پەیوەندیی هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی باشدایە و باشتریش دەبێت."
لەبارەی کورسیی کۆتاکانەوە، ئایدن مەعرووف گوتی، "سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کورسیی کۆتاکانەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان قسەی کردووە و نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە. پێیانی راگەیاندووە تورکیا پشتیوانی لە نەتەوەی تورکمان و مافەکانی دەکات. هاوکات لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش نیگەرانیی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان دووپات کردەوە."
ئەو گوتەیە لە کاتێکدایە، 21ی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسی بوون و دابەشبوونەکەش بەو جۆرە بوو، کە 5 کورسییان بۆ پێکهاتەی تورکمان، 5 کورسییان بۆ پێکهاتەی کریستیان و کورسییەکەی دیکەیان بۆ پێکهاتەی ئەرمەن بوو.
زیاتر لە ساڵێکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە لەسەر بنچینەی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس راگیراوە.
ئایدن مەعرووف گوتی، کار لەسەر ئەوە کراوە کە نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردە بکرێتەوە.
رۆژی 22-04-2024یش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا یەکلاییکراوەتەوە و ئەوەی ماوەتەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ