رووداو - هەولێر
دوای ئاڵۆزییەکانی رۆژی هەینیی گوندی پەلکانە و جووڵاندنی رۆژی شەممەی هێزی پێشمەرگە بۆ سنوورەکە، فەرماندەی هێزەکە دەڵێت، دۆخەکە ئارام بووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی نیسانی 2023، نووری حەمەعەلی، فەرماندەی میحوەری 5ی رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە بەرەو گوندی پەلکانە، ئێستا لە سنوورەکە دۆخەکە ئارامە.
21ـی ئەم مانگە لە نێوان هاونیشتمانیانی گوندی پەلکانە و عەرەبە هاوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو، دواتر عەرەبە هاوردەکان بۆ پشتیوانی خۆیان عەرەبێکی زۆریان بردە گوندەکە و ئاڵۆزییەکان پەرەیان سەند و بەو هۆیەوە رۆژی شەممە هێزێکی پێشمەرگەی میحوەری 5ـی لە سنووری کەرکووک بەرەو گوندەکە جووڵەی پێکرا. نووری حەمەعەلی دەڵێت: "ئەو عەرەبانەی هێنرابوونە گوندەکە لەوێ نەماون. ئێستا دۆخەکە ئارامە".
دوێنێ شەممە نووری حەمەعەلی بە رووداوی راگەیاند، جووڵەی هێزەکەیان بۆ پاراستنی هاونیشتمانییانە کە لە پەلکانە رووبەڕووی "ستەم" بوونەتەوە.
لە شەڕ و ئاڵۆزییەکەی 21ـی ئەم مانگەدا چەند کەسێک بەدار و بەرد و ئاسن برینداربوون؛ عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەڕەکەدا سێ کەس براونەتە نەخۆشخانەی دوبز و تەندروستیان باشە؛ گوتیشی: "سێ بریندارەکە لە نەخۆشخانە وەکو تۆمەتبار دەستبەسەرن".
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە کە شارۆچکەکە 42 گوندی لەسەرە و زۆرینەیان رووبەڕووی هەوڵی تەعریبکردن بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ