پسپۆڕێکی مادەی 140: ئەو مافانەی کورد لە عێراقی نوێ بەدەستی هێنابوو هەمووی لێ سەندراوەتەوە

23-04-2023
سیروان عەباس
ئەحمەد عەزیز، پسپۆڕی ماددەی 140ی دەستووری عێراق
ئەحمەد عەزیز، پسپۆڕی ماددەی 140ی دەستووری عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆڕێکی مادەی 140ی دەستووری عێراق دەڵێت، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کورد لە کەرکووک، دووچاری پاکتاوی رەگەزی، سەربازی، ئیداری و ئەمنی بووەتەوە و دەشڵێت، "عەرەب و تورکمانی کەرکووک، خۆیان ئامادەکردووە کە هەرگیز نەهێڵن لە هەڵبژاردنەکاندا کورد بگاتە 50٪ی کەرکووک، ئەگەر لایەنە کوردییەکان لەسەر ئەم رێچکەیەی خۆیان بەردەوامبن، چاوەڕێ دەکرێت کورد دۆڕاو و عەرەب و تورکمانیش براوەی گەورەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بن." 
 
ئەحمەد عەزیز، شرۆڤەکاری سیاسی و پسپۆڕی ماددەی 140ی دەستووری عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کورد دووچاری پاکتاوی رەگەزی، سەربازی، ئیداری و ئەمنی بووەتەوە و لە دەوروبەری کەرکووک، کورد ناتوانێت لەسەر کێڵگە و زەوی خۆی کار بکات و ئازادیی نەماوە، ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ کەرکووک دەکرێ، پێچەوانەی شەراکەت و دەستووری عێراقە، ئەو مافانەی کورد لە عێراقی نوێ بەدەستی هێنابوو هەمووی لێ سەندراوەتەوە.
 
ئەحمەد عەزیز ئاماژەی بەوەکرد، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی کەرکووکە و لە هیچ کاتێک 50٪ کەمتر نەبووە، بەڵام ئێستا هەموو پۆستە گرنگەکانی لێ وەرگیراوەتەوە، ئەوەش پێچەوانەی دەستوور و مادەی 140ـە، لەکاتێکدا یەکێک لە بنەماکانی بەڕێوەبردنی پارێزگاکەیە بە شەراکەت تاوەکو پرسەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی مادەی 140ی دەستووری عێراق، تائێستا سەرباز حوکمی کەرکووک دەکات، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دیموکراسییە "مادەی 140، دەستوورییە و تا چارەنووسی ئەم ناوەی پێ یەکلایی نەکرێتەوە، ناکرێت پشتی تێبکرێت، تەنانەت لە کارنامەی ئەم کابینەیەی حکومەتدا هاتووە، کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت و جێبەجێ بکرێت، ئێستاش کە کاری پێناکرێت، پێموایە تاوانی هەردوولایە، چونکە کورد ئەو پرسەی نەکردووەتە پرسێکی ستراتیژی و خەریکی کێشە لاوەکییەکانە، عەرەبیش پێیوایە لە بەرژەوەندی کوردە، بۆیە دەیەوێ جێبەجێ نەکرێت." 
 
پێش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، وەک ئەحمەد عەزیز دەڵێت، "نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک داوایان دەکرد مافیان پێبدرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و ئێستا کورد تکا دەکات مافەکانی بدرێن. بەداخەوە هەرچی بەڵێنیش دراون، هیچیان جێبەجێ نەکراون." 
 
ئەحمەد عەزیز دەڵێت، "خاڵی لاوازی کورد ئەوەیە کە تائێستا بەیەک تیم لە هەرێم[ی کوردستان، کەرکووک و بەغداش کارناکەن، سەرۆککۆمار کوردە، لەکاتێکدا دەبینێت پێشێلکاریی دەکرێت، هیچ دەنگی لێوە نایەت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کوردە، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی و گرنگی ناو پەرلەمانە، وەزیری داد کوردە، هەموویان بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە، بێدەنگن یان دەنگێکی لاوازیان لێوە دێت، بۆیە گوێیان لێ راناگیرێت." 
 
ئەحمەد عەزیز هۆشداریی دەدات و دەڵێت، "هەر لە ئێستاوە، لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە و بڕیاری یەک لیستییان داوە، بەڵام کورد پەرتەوازەیە و هەر لایەنێک بەجۆرێک کار دەکات، بۆیە بە لاوازی سەیر دەکرێت. عەرەب و تورکمان، فۆکوسیان لەسەر لاوازکردنی کوردە، ئەو دەستکەوتەی کورد لە دوای ساڵی 2003 لە کەرکووک بەدەستی هێنابوو، ئێستا هەمووی لێ وەرگیراوەتەوە، کورد زیاتر لە نیوەی کەرکووکی پێکهێناوە، بەڵام رێژەی کورد لەنێو دەزگا حکومییەکان بۆ کەمتر لە 25٪ دابەزیوە، بەڵام بەپێچەوانەوە تورکمان و عەرەب زیاتر لە مافی خۆیان پێدراوە، لە ئێستاشەوە خۆیان ئامادەکردووە کە هەرگیز نەهێڵن لە هەڵبژاردنەکاندا کورد بگاتە 50٪ی کەرکووک، ئەگەر لایەنە کوردییەکان لەسەر ئەم رێچکەیەی خۆیان بەردەوامبن، چاوەڕێ دەکرێت کورد دۆڕاو و عەرەب و تورکمانیش براوەی گەورەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کەرکووک بن، ئەوکاتەش کورد لە کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەتەی رابردوو." 
 
ئەو پسپۆڕەی مادەی 140ی دەستووری عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر، کوردی کەرکووک بەتەنیا مایەوە، ئێستا کورد وای لێهاتووە، داوا لە عەرەب و تورکمان دەکات رەچاوی مافەکانی بکات، پێموایە ئەگەر کورد پلانی خۆی نەگۆڕێت، دۆخی خراپتر دەبێت. ئێستا کورد لە دەسەڵاتی ئەمنی، ئیداری و سەربازی کەرکووک پەراوێز و دوورخراوەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی هەموو یاسا کارپێکراوەکان، دەبێ کورد هاوبەشبێت لە کەرکووک، بەڵام بووەتە هاووڵاتی نمرە دوو." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.