لە پڕۆژەیەکدا لە هەولێر منداڵێکی 9 ساڵ 500 کتێب و نامیلکەی دابەشکرد

23-04-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
چەند منداڵێک سەردانی پڕۆژەی "خوێندنەوە خۆراکێکە بۆ مێشک"یان کردووە. وێنە: رووداو
چەند منداڵێک سەردانی پڕۆژەی "خوێندنەوە خۆراکێکە بۆ مێشک"یان کردووە. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارکی شانەدەری هەولێر 500 کتێب و نامیلکە بەخۆڕایی بەسەر منداڵاندا دابەشکرا. کتێبەکان لە پڕۆژەی "خوێندنەوە خۆراکێکە بۆ مێشک" لە رۆژی جیهانیی کتێب و مافی نووسەر دابەشکرا. 
 
خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵە بەناوی "محەممەد غازی"، باوکی محەممەد لەسەر ئەرکی خۆی کتێبەکانی کڕیوە و بیرۆکەی کوڕەکەی جێبەجێکردووە. 
 
محەممەد غازی، خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەی خوێندنەوە خۆراکێکە بۆ مێشک بە رووداوی گوت: ویستم سوودەکە بەس بۆ خۆم نەبێت و بە منداڵانی دیکەش بگات، بۆیە ئەمڕۆ هەڵساین بە دابەشکردنی کتێب. تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کتێبم خوێندووەتەوە، ئەگەر بیژمێری زیاتریشە، بەڵام ئێستا هەر هێندەم لەبیرە. 
 
غازی مستەفا، باوکی محەممەدە و دەڵێت: کوڕەکەم لە پرۆژەکەدا باس لەوە دەکات، چۆن من سوودم وەرگرتووە لە خوێندنەوەی کتێب، لە زمانەوانی و ئاستی زیرەکی منداڵەکانی دیکەش سوود ببینن، ئەمە وایکرد ئێمە ئەو پرۆژەیە بدەینە هەموو منداڵەکان بە نزیکەیی لە 2020 تاوەکو ئێستا نزیکەی 400 نامیلکەی بچووکمان پێشکێشی منداڵان کردووە، بە قوتابخانە و بە منداڵەکان. 
 
محەممەد چەند جارێک لەگەڵ باوکی کتێبیان بردووە بۆ قوتابخانەی گوندەکان و قوتابخانەکەی خۆی. محەممەد و باوکی جگە لە کتێب، شیرینی و دیارییان بەسەر سەردانیکارانی پارکی شانەدەردا دابەشکرد. 
 
عەبدوڵڵا دیدار، سەردانیکارێکی پرۆژەی خوێندنەوە خۆراکێکە بۆ مێشک و دەڵێت: ئێستا زۆر حەزم لە کتێب خوێندنەوەیە، جارێکی دیکە دەستپێدەکەمەوە، چونکە زۆر خۆشە و سوودی لێوەردەگرم.  
 
رۆژی 23ی نیسانی هەموو ساڵێک وەکو رۆژی جیهانیی کتێب و مافی نووسەر لە جیهاندا ناسراوە. ئەم رۆژە لە 28مین دانیشتنی کۆنگرەی گشتیی یونسکۆ لە ساڵی 1995 بەناوی "World Book and Copyright Day" بڕیاری لێدرا. 
 
لەمڕۆژەدا لە زۆربەی شوێنە جیاوازەکانی جیهان کتێب لە نێوان خوێنەر و نووسەراندا بە دیاری دەبەخشرێت و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە