گەشتیارێکی عەرەب لە دهۆک: ئەگەر مردیشم لێرە بمنێژن

رووداو دیجیتاڵ 

عەواتف، ژنێکی عەرەبی عێراقیی دانیشتووی بەغدایە و، لە تەمەنی 63 ساڵیدا لەم پشووی جەژنی رەمەزانە، بۆ گەشت هاتووەتە دهۆک، ئەوەندە بە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە سەرسام بووە، کە دەڵێ "ئەگەر مردیشم، لێرە بمنێژن".
 
ئەو ژنە گەشتیارە لە هاوینەهەواری ئاڤاشین لە گەلی شێرانەی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی بڕیاری داوە لە دهۆک نیشتەجێ ببێت.
 
عەواتف ئیبراهیم دەڵێ "زۆرجار دەمویست بچمە تورکیا، چوومە ئەوێ و سەرسام بووم. ئێمە وەکو عێراقی، چەندجارێک هاتووینە دهۆک، کەشوهەوا و سرووشتی ئێرە لە تورکیا خۆشترە، کەشوهەوای ئێرە سرووشتییە و زۆر خۆشە. خەڵکەکەی خاوەن رەوشتی بەرزن، کە ئەم ناوچە جوانە هەبێت، بۆچی بچینە وڵاتێکی دیکە؟ ئەمە شوێنی ئێمەیە و پێمگوتن تەنانەت ئەگەر مردیشم، لێرە بمنێژن".
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک بەردەوام سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەو خاڵانەی دەبنە هۆی رێگری لە هاتنی گەشتیاران، پێشبینیش دەکەن لە ماوەی 10 رۆژدا لە جەژنی رەمەزانەوە، 40 بۆ 50 هەزار گەشتیار روو لەو پارێزگایە بکەن.
 
د. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێ "بەڕاستی هاتنی گەشتیار بۆ دهۆک بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئەمە دەبێتە مایەی دەستخستنی کار بۆ هاووڵاتییان و جووڵەیەکی ئابووری لە شاری دهۆک پەیدا دەبێت، ئەمەش ئامانجی سەرەکیی گەشتوگوزارە". 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، لە ساڵی 2021 نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە دهۆک، لە ساڵی 2022ـدا ژمارەکە بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرزبووەتەوە و چاوەڕوان دەکەن ئەمساڵ ژمارەکە زیاتریش ببێت.