شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی دەڵێت رێگە نادات دەستدرێژی بکرێتە سەر جووتیارانی کورد


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەم زووانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و لەبارەی دۆخی پەلکانەشەوە گوتی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی قسەی کردووە و سوودانیش گوتویەتی، قبووڵ ناکات دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ جووتیارێکی کورد. 
 
شەڕی پەلکانە و قسەکردن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی 
 
رۆژی یەکشەممە 23-04-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد لەبارەی رووداوەکەی رۆژی هەینی پەلکانەوە رایگەیاند، ''لە گوندەکەوە پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان کە هەندێک گەنجی عەرەب چوونەتە لای یەکێک لە دووکانەکانی کورد و گرژی دروستبووە، تەنانەت لێدانیش روویداوە، دواتر عەرەبەکان گەڕاونەتەوە و کۆمەڵێک خەڵکی دیکەیان هێناوە و دیسان شەڕ روویداوەتەوە.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە کردووە و گوتویەتی، ''نابێ ئەم دۆخە بەردەوام بێت و دەبێ هەوڵ بدەن رێگری بکەن لەوەی عەرەب لە دەرەوەی پەلکانەوە بچێتە نێو گوندەکە، چونکە ئەو عەرەبانەی لەنێو پەلکانەن ژمارەیان کەمە.''
 
21ـی ئەم مانگە لە نێوان هاونیشتمانییانی گوندی پەلکانە و عەرەبە هاوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو، دواتر عەرەبە هاوردەکان بۆ پشتیوانی خۆیان عەرەبێکی زۆریان بردە گوندەکە و ئاڵۆزییەکان پەرەیان سەند و بەو هۆیەوە رۆژی شەممە هێزێکی پێشمەرگەی میحوەری 5 بەرەو سنووری گوندەکە جووڵەی پێکرا.
 
لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا چەند کەسێک بە دار و بەرد و ئاسن برینداربوون؛ عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەڕەکەدا سێ کەس براونەتە نەخۆشخانەی دوبز و تەندروستیان باشە؛ گوتیشی: "سێ بریندارەکە لە نەخۆشخانە وەکو تۆمەتبار دەستبەسەرن." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، دوای رووداوەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەوەی روودەدات ''مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تەقینەوەی لێدەکەوێتەوە و شەڕێک دروست دەبێت کە خزمەت بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ناکات و رەنگە ئارامی ناوچەکەش بخاتە مەترسییەوە.''
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی محەممەد شیاع سوودانی ئەوە بووە کە ''بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات و رێگەش نادات دەستدرێژی لە یەک جووتیاری کورد بکرێت.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "نیگەرانیی" خۆی لە رووداوەکە دەربڕیوە و گوتویەتی، ''بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات دەستدرێژی لە خەڵکی ئێمە بکرێت و ئەم دەستدرێژییانە بەردەوام بن." 
 
دوای رووداوەکە و جوڵەی پێشمەرگە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەکە کشانەوە و دواتر هێزی پێشمەرگەش گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی. ئێستا پۆلیسی خۆجێیی ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزێت. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ پۆلیس نییە، چونکە خۆیان خەڵکی ناوچەکەن و ئەوان لەژێر فەرمانی پۆلیسی سەرگەڕانن کە بەرپرسی بنکەکەی کوردە و خەڵکی ناوچەکەشە." 
 
کێشەی جووتیارانی کورد لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، بازگەکان بە گەندەڵی رێگە دەدەن مەڕوماڵاتی عەرەبەکان بچنە ئەو سنوورە و سەر زەویی کوردەکان؛ راشیگەیاند، ''سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتویەتی، ئەوە یەکێک لە مەلەفەکانە کە بەدواداچوونی بۆ دەکات و رێگە نادات مەڕوماڵات لە دەرەوەی کەرکووکەوە بچێتە نێو سنوورەکە و دەستدرێژی لەو خەڵکە بکرێت.''
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە دوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کە سەرکردەکانیش بەشدار بوون، گرفتی جووتیارە کوردەکان لەگەڵ عەرەبی هاوردەی وروژاندووە و رایگەیاندووە، ''لەو ناوچانە کێشە هەیە و دەبێ ئەم پڕۆژەیە لە حکومەتەوە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کارەوە و رێککەوتنی لەسەر بکرێت.''
 
لە خولی سێی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەک و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حیزبی بەعس سەبارەت بە زەویوزاری جووتیارانی کورد لەگەڵ عەرەبی هاوردە کرا و تەنیا دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە مابوو کە سەلیم جبووری، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق نەیخستە دەنگدانەوە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، ''بە هیچ شێوەیەک لە بابەتی قەرەبووکردنەوەی عەرەبە هاوردەکان رێگری ناکەین، گرنگ ئەوەیە زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بگەڕێننەوە.''
 
زۆربەی پڕۆژەکان بەر لەوەی بۆ تاوتوێ و پەسندکردن بچنە پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باسیان لێ دەکرێت. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''کە لە کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر بابەتەکە کرا، ناردنی بۆ پەرلەمان و پەسندکردنی ئاسانە و لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش هەوڵ دەدەین کۆدەنگییەک دروستبکەین.''
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدولڵا، حکومەتی عێراق 100 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووان تەرخانکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''پڕۆژەیەکمان هەبوو بۆئەوەی سندووقێک دابنرێت و لە چوارچێوەی مادەی 140دا رۆژانە یەک دۆلار لە فرۆشی هەر بەرمیل نەوتێک لە کۆی فرۆشی نەوتی کەرکووک بخرێتە نێو سندووقەکەوە بۆ ئەوەی کاتێک ئەم پڕۆژەیە لە پەرلەمان پەسند کرا، پارە بەردەست بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی عەرەبەکان و بە زوویی لە ناوچەکە دەریان بکەین.''
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
 
نزیکەی مانگێکە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و ''ئێستا تەنیا بابەتی تەکنیکی ماوە کە پەیوەستە بەو بانکەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەچێتە سەر.''
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پلادانانی عێراق، دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان 14٪ی کۆی گشتیی بودجەی عێراق بێت، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو راپۆرتەی وەزارەتی پلاندانانی لەبەرچاو نەگرتووە.
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەگەر بەپێی ژمارەی کورد لە پەرلەمانیش بێت، دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 19٪بێت، ''چونکە ئێستا وەک کورد زیاتر لە 19٪مان پەرلەمانتار هەیە و نوێنەرایەتیی کورد دەکەن کە ئەو رێژەیەش لەبەرچاو نەگیراوە؛ بۆیە دەکرێ ئەم ژمارەیە ببێتە بەشێک لە بابەتی دانوستاندن.''