رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، لە 21-3-2023ـەوە تاوەکو 21-4-2023، 14 هاونیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکراون، هاونیشتمانییەک سزای لەسێدارەدان و دوو هاونیشتمانیی دیکەش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، 5 کۆڵبەریش لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو 14 هاونیشتمانییە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و خۆراسان دەستگیرکراون؛ هاونیشتمانییەک بەناوی نایب عەسکەری لە لایەن دادگەی ورمێوە بە تاوانی دژایەتیکردنی ئایین سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و دوو هاونیشتمانی دیکەش بە تاوانی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن دادگەی کرماشانەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، هەر لە ماوەی ئەو مانگەدا ژنێک بە ناوی مریەم سلێمانی لە لایەن خێزانەکەیەوە کوژراوە؛ مریەم تەمەن 28 ساڵان و دایکی سێ منداڵ بوو کە لە گوندێکی سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ دەژیا. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەوە تەنیا کەیسی تووندوتیژیی خێزانی بووە کە کوژرانی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، هەر لە 21-3-2023 تاوەکو 21-4-2023 سێ هاونیشتمانی بە تۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانانی سەر سنووری ئێرانەوە لە شارەکانی بانە، کرماشان و شنۆ تەقەیان لێکراوە و گیانیان لەدەستداوە و دوو کۆڵبەری خەڵکی سەقزیش لە سنووری بانە و لە بەنداوی کێلەی ئەو شارەدا گیانیان لەدەستداوە. هەر لەو مانگەدا، دوو هاونیشتمانی لە شارەکانی بانە و قەسری شیرین مینیان پێدا تەقیوەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ