نێچیرڤان بارزانی: یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای هه‌رێمی سلێمانیی نەکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
له‌ گفتوگۆيه‌كى ته‌له‌‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى كه‌ناڵى شەرقیە نیوز كه‌ كاژێر 11:00ى شه‌وى پێنجشه‌ممه‌ 22-4-2021 پەخشکرا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، باسى له‌ دۆخى عێراق و چارەسەرەکان بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشەکانی عێراق بە گشتیی کرد.
 
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قسەکانیدا باس لە ژیانی تایبەت و ژیانی سیاسیی خۆی دەکات، سەرۆک مەسعود بارزانی بە ئیلهامبەخشی ژیانی ناودەبات و لەوبارەوە دەڵێت: "وه‌ك ئیلهامێك، وه‌ك كه‌سايه‌تييه‌ك، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك، وه‌ك مامێك و وه‌ك باوكێكیش سه‌یرم كردووه‌، زیاتر ئه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی ژیانم له‌ گه‌نجێتی و تا ئێستاش هه‌بووه‌".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان کە پێشکێشکارەکەی "شۆک" کردووە گوتی: "كه‌رتی تایبه‌ت داینه‌مۆی پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێكه‌. فۆكه‌سمان له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌ستپێكرنی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ كوردستان بوو، خه‌ڵكیش یارمه‌تیداين، به‌تایبه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵێكى سه‌ره‌كی هه‌بوو".
 
نێچيرڤان بارزانى لەبارەی کێشەکانی عێراقەوە باسی لەوە کرد کە"نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ له‌ عێراق دروستبووه‌ و دواى هه‌ژده‌ ساڵ چيدیکە درووشمى بێ ناوه‌ڕۆكيان له‌ سياسييه‌كانى وڵات قبووڵ نييه"‌ و بە پێویستی دەزانێت "چاره‌سه‌رێكى جددى بۆ دۆخى عێراق بدۆزرێته‌وه"‌.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینەکەیدا، تەنیا رێگەچارەی کەرکووک بە جێبەجیکردنی ماددەی 140 دەزانێت و دەڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم نه‌ كورد و نه‌ هیچ پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ له‌ كه‌ركووك كێشه‌یان نامێنێت".
 
سەبارەت بە پرسی هاوپەیمانی نێوان شیعە و کورد سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەمڕۆ شتەکان هەمووی گۆڕاوە، ئەمڕۆ شتێک بەو مانايه‌ و بەو ناوە کە هاوپه‌يمانييه‌ك له‌نێوان کورد و شیعەدا هه‌يه‌، ئەو شتە نەماوە و ئێستا ئەوە نییە".
 
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە و لە وەڵامی ئەوەی راستە کە یەکێتی داوای دروستبوونی هه‌رێمی سلێمانی ده‌كات، نێچيرڤان بارزانى ئەوە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای هه‌رێمی سلێمانی نەکردووە، ئەوەی کە یەکێتی لە پرۆژەی خۆیاندا هەیانە، پرسی لامه‌ركه‌زیيه‌تی زیاتر بۆ پارێزگاكانه"‌. 
 
ده‌قى هەڤپەیڤینی شەرقیە نیوز له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى:
 
به‌شى يه‌كه‌م..
 
له‌ هه‌ولێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ك داین كه‌ ره‌زامه‌ندی دا له‌ یه‌كه‌م شاشه‌ی عه‌ره‌بی ده‌ربچێت و ئه‌مه‌ يه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنیه‌تی. له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی.
 
پرسیار: له‌ ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ دایكبووی، ئه‌و كاته‌ عێراق دامه‌زراندنی كۆماری عێراقی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌خۆیه‌وه‌ بینی،  جه‌نابى سه‌رۆك به‌رچاوترین رووداوی سیاسی کە ئەو کاتە له‌گه‌ڵی ژیابیت چی بووە‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس بۆ كه‌ناڵی شه‌رقییه‌، به‌خێربێن، هاتنی مانگی ره‌مه‌زان له‌ ئێوه‌ و هه‌موو گه‌لی عێراق و له‌ هه‌موو موسڵمانان پیرۆز ده‌كه‌م. ساڵی 1966 له‌ عێراق له‌ حاجى ئۆمه‌ران له‌ كوردستانی عێراق له ‌دایكبووم. دایكم‌ خه‌ڵكی سلێمانییە و‌ باوكیشم ئیدریس بارزانی بووه‌. به‌ منداڵی تا ساڵی 1974 و 1975 له‌ عێراق بووین و دوای نسكۆی شۆڕش ئاواره‌ی ئێران بووین. قۆناخی منداڵیم له‌ ئێران بووین. باوكم سه‌رقاڵى كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بووه‌ ئه‌وانه‌ی دوای نسكۆی شۆڕش لە ئێران پەنابەر بوون. ژیانمان به‌ منداڵی له‌وێ بووه.‌ تا ساڵی 1979 دوای شۆڕشی ئێران ورده‌ ورده‌ شته‌كان گۆڕان و هاتینه‌وه‌ ناوچه‌ی كوردستانی عێراق، به‌ڵام ئه‌و كاتانه‌ش هه‌ر له‌ شاخ بووین. قۆناخی منداڵیم قۆناخی ئاواره‌یی بوو له‌ ئێران و هه‌ر له‌وێش قوتابخانه‌مان خوێندووه‌ و چووینه‌ته‌ قوتابخانه‌. سه‌باره‌ت به‌ ژیانی سیاسیم، من له‌ یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستمپێكرد، به‌ڵام زیاتر هاتنم بۆ ناو سیاسه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی دوای ساڵی 1987 بوو كه‌ باوكم كۆچى دوايىكرد و دوای ئه‌وه‌ زیاتر كه‌وتینه‌ ناو بواری سیاسه‌ت و كاركرن.
 
پرسیار: ئه‌م ژیانه‌ تا راده‌یه‌ك ئاڵۆزه‌ و گواستنه‌وه‌ت له‌ شاری دایك بۆ وڵاتێكی دیكه،‌ بێگومان منداڵيی كه‌سه‌كان یان مرۆڤه‌كان ده‌بات، ئایا ژیانی منداڵیی راسته‌قینه‌ت بینیوه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: به‌ڕاستی نا‌. واته‌ قۆناخی منداڵیمان وه‌ك پێویست نه‌بینی، كاتی منداڵیمان قۆناخێك بوو كه‌‌ ئاواره‌ی ئێران ببووین وه‌ك هه‌ر خه‌ڵكێكی دیكه‌ كه‌ ئاواره‌ ده‌بێت، واته‌ نه‌ك بۆ ئێمه‌ ئاسان نه‌بوو، بۆ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ ئاواره‌ بوون له‌ ئه‌نجامی نسكۆى شۆڕش سه‌خت بوو، به‌تایبه‌تی باوكم و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كه‌ ده‌كاته‌ مامم، ئه‌وان زیاتر سه‌رقاڵى كارى رێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی دووباره‌ بوون له‌ عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك پێویست ژیانی منداڵیمان نه‌دیوه‌.
 
پرسیار: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ره‌مه‌زانتان پیرۆز بێت. پێش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر میوانێك ده‌ستپێبكه‌م، سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌ به‌ ژیاننامه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ تا ماوه‌ی خوێندن و فێربوون له‌وێشه‌وه‌ بۆ ژیانی سیاسی و ئه‌وانی دیکە ده‌ستپێده‌كه‌ین. به‌ڵام من به‌په‌له‌م بۆ زانینی وه‌ڵامی پرسیارێكی گرنگ، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بێمه‌ كوردستان و به‌ بنيادنان و ئاوه‌دانی‌ و پێشكه‌وتنی ئێوه‌ شۆك بووم، ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ی چییه‌؟ چۆن توانیتان به‌ ماوه‌یه‌كی كورت بنیادنان و ئاوه‌دانی وا پێشبخه‌ن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: له‌ڕاستيدا عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی وڵاتێكی ئاوه‌دان نییه‌. ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه‌ له‌ كوردستان ده‌یبینین لە پرۆسه‌ی ئاوه‌دانى و بنیاتنان، دوای ساڵی 2004 ده‌ستیپێكرد. دوای ساڵی 2004 ئومێد بۆ خه‌ڵكی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ ئاوه‌دانی و بنياتنان بكات، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ده‌ستپێكدا ئه‌نجاممان دا، زۆر فۆكه‌سمان خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ كوردستان دووباره‌ بنیات بنرێته‌وه‌، كه‌رتی تایبه‌ت داینه‌مۆی پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێكه‌. فۆكه‌سمان له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌ستپێكرنی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ كوردستان بوو، خه‌ڵكیش یارمه‌تیداين به‌تایبه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵێكى سه‌ره‌كی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه‌ ده‌یبینین ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی ده‌وروبه‌ری خۆمان به‌راوردى بكه‌ین، ده‌بینین پێشكه‌وتنه‌كان زۆر خێرا و وه‌ك پێویست نین. پێویسته‌ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ كوردستان، به‌ڵكو له‌ هه‌موو عێراقدا باشتر بكرێت.
 
پرسیار: با بگه‌ڕێینه‌وه‌ ژیانی كه‌سيتان، نه‌وه‌ به‌شێكی گرنگی ناسنامه‌ و كه‌سایه‌تیی ژیانی هه‌ر تاكێكی كورده‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی چیاكان به‌تایبه‌تی له‌كاتی خه‌بات و تێكۆشاندا چی ده‌گه‌یه‌نن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: كورد هه‌ميشه‌ قسه‌يه‌كى هه‌یه‌ ده‌ڵێت “هیچ دۆستێكمان نییه‌ چیاكان نه‌بێت”. بۆ كورد هه‌میشه‌ وا بووه‌، خه‌بات و به‌رخۆدانی خۆی هه‌میشه‌ له‌ چیاكان ده‌ستپێكردووه‌. ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ چیا و كێو بووین و به‌شداربووین،‌ هه‌ر له‌ گه‌نجێتییه‌وه‌ باوكم و مامم ئێمه‌یان فێركردووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازار و مه‌ينه‌تيى خه‌ڵكدا بژین، ئێمه‌ قۆناخی پێشمه‌رگایه‌تیمان بینیوه‌‌، ئه‌و شانازييه‌م نه‌بووه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بین، به‌ڵام قۆناخی پێشمه‌رگایه‌تیشمان بینیوه‌ و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ بووین. له‌ چیاكان بووین و ئه‌م قۆناخانه‌مان هه‌مووی له‌ ژیاندا بینیوه‌.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك له‌وانه‌یه‌ جه‌نابت گه‌وره‌ترین نه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بیت، كه‌سایه‌تيی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و باوكی ئیدریس بارزانی، مامی مه‌سعود بارزانی و باپیری مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ‌لای كه‌سایه‌تيی كۆتایی ده‌وه‌ستین، ئایا مه‌لا مسته‌فای بارزانی كه‌سایه‌تيی ئیلهامبه‌خشی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ مه‌لا مسته‌فا له‌ ژیاندا بووه‌ وه‌ك باپیرم، قۆناخی منداڵیم بوو. مه‌لا مسته‌فا له‌ ساڵی 1976ه‌وه‌ كه‌ تووشی نه‌خۆشی بوو، بۆ چاره‌سه‌رى چووه‌ ئه‌م‌ریكا، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ باپیرى خوالێخۆشبوومان ده‌ژیاین، ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی سیاسیم كردووه‌ و وایكردووه‌ كه‌ له‌ژێر سێبه‌ر و رێبه‌رایه‌تیی ئه‌ودا گه‌وره‌ ببم، مامم مه‌سعود بارزانی بووه.‌ زیاتر ئه‌و بووه‌ وه‌ك ئیلهامێك، وه‌ك كه‌سايه‌تييه‌ك، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك، وه‌ك مامێك و وه‌ك باوكێكیش سه‌یرم كردووه‌، زیاتر ئه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی ژیانم له‌ گه‌نجێتی و تا ئێستاش هه‌بووه‌.
 
پرسیار: با بڵێین چی له‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی فێر بوویت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی هه‌موومان له‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی فێری بووین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ تێبكۆشین بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و خزمه‌تی بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بتوانم به‌ دوو وشه‌ بڵێم، ده‌ڵێم رێبازی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، رێبازی خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌ى بووه‌، رێبازی خزمه‌تكردنی وڵات بووه‌، ئێمه‌ له‌و كه‌سايه‌تييه‌وه‌ فێری ئه‌وه‌ بووین كه‌ هه‌وڵی جددی بده‌ین بۆ خزمه‌تكردنی دۆزی گه‌له‌كه‌مان.
 
پرسیار: هه‌روه‌ك ده‌رباره‌ی رۆڵی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی باست كرد جه‌نابى سه‌رۆك، له‌كاتی باسكردنی كۆچی دوایيی باوكتدا جه‌نابت هه‌ستئامێز بووی، با باسی ماوه‌ی خه‌باتی بكه‌ین، رۆڵی ئه‌و له‌ دۆزی كورد و هه‌روه‌ها لێكنزیككردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورددا چی بوو؟
 
نێچيرڤان بارزانى: له‌ پرسی كورديدا روون بوو كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری باپیرم مه‌لا مسته‌فای بارزانيدا، هه‌م كاك ئیدریس خوا لێى خۆش بێت، هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌ردووكیان له‌ شۆڕشدا یاریده‌ده‌ری بوون. كاك ئیدریس له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ شۆڕشدا بووه‌ زیاتر پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌. یارمه‌تيی مه‌لا مسته‌فای داوه‌ و خۆیشی رۆڵكى زۆری بینی له‌ رێككه‌وتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌وكات و چه‌ندینجار سه‌ردانى به‌غدای كردووه‌ تا ئه‌و لێكگه‌یشتنه‌ دروست ببێت، هه‌میشه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ دوای رێككه‌وتنی ساڵی 1970 گه‌لی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ له‌ به‌سره‌وه‌ تا هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازییان له‌و رێككه‌وتنه‌ كرد، دوای چه‌ندین ساڵ خه‌بات و ماندووبوون گه‌لی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێشوازییان له‌و رێككه‌وتنه‌ كرد. یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی رۆڵی بینی و ئه‌وانی دیكه‌ش جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و براده‌رانی دیكه‌ش زۆر رۆڵيان بينى، به‌ڵام ئه‌و خۆی شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ رۆڵی له‌و ڕێككه‌وتنه‌دا هه‌بووه‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌لی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه،‌ چونكه‌ ئێمه‌ زۆر بڕوامان به‌وه‌یه‌ كه‌ پرسی كورد پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا. ساڵی 1970 هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه‌، ساڵی 1975یش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه‌، ئێستاش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بۆ پرس و كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌.
 
پرسیار: ئه‌م چیرۆكانه‌ هی ساڵانی حه‌فتاكانن و ئێستاش له‌سه‌ر مێزی دانوستاندنن، هۆكاره‌كانی چین كه‌ هه‌ولێر داوای كاڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان بكات و رۆڵی ده‌ستپێشخه‌ر بگێڕێت، له‌وانه‌یه‌ داوای له‌ به‌غداش كردبێت هه‌مان رێگه‌ بگرێته‌ به‌ر، هۆكاره‌كان چین؟
 
نێچيرڤان بارزانى: به‌ بڕوای من كێشه‌كان زیاتر كێشه‌ی چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌یه‌، بڕوام وایه‌ كێشه‌كانی عێراق به‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت ئاخۆ كێ به‌هێزه‌ و كێ لاوازه‌، كێشه‌كانی عێراق كێشه‌ی یه‌ك خێزانه‌، كێشه‌ی یه‌ك خێزانیش پێویستی به‌ دانیشتن و گفتوگۆ هه‌يه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر مێزی دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێن. بیركردنه‌وه‌ی كێ به‌هێزه‌‌ و كێ لاوازه‌ عێراقی تووشی زۆر كاره‌ساتی گه‌وره‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ وانه‌ له‌ رابردوو وه‌رگرین، وانه‌ له‌و هه‌ڵانه‌ وه‌رگرین كه‌ هه‌موومان كردوومانه‌، به‌غداش هه‌ڵه‌ی كردووه‌ و بێگومان هه‌ولێریش زۆر هه‌ڵه‌ی كردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ سه‌قامگیریی عێراقه‌، سه‌قامگیریی عێراق له‌ رووی سیاسییه‌وه‌، سه‌قامگیریی عێراق له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ گرنگه‌. ده‌بێت بێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م كێشانه‌ چۆن چاره‌سه‌ر بكرێن؟ كێشه‌ی عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌غدا ئه‌گه‌ر به‌هێز بێت، به‌ واتاى لاوازى بێت بۆ هه‌ولێر، یان هه‌ولێر به‌هێز بێت، به‌ واتاى لاوازييه‌ بۆ به‌غدا! ئێمه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، به‌غدا و هه‌ولێر، كورد و عه‌ره‌ب له‌م وڵاته‌دا هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ن. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ین یه‌كه‌م هاووڵاتیبوونی عێراقی له‌م وڵاته‌دا به‌هێز بكه‌ین، دووه‌م هاوبه‌شييه‌كى دروست بنیاد بنێین تاوەکو بتوانین پێكه‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا به‌شدار بین. كێشه‌ی عێراق ئه‌وه‌یه هیچ پێكهاته‌یه‌ك له‌ عێراق له‌ ئاینده‌ی خۆی دڵنيا نییه‌! ده‌بێت ئه‌مه‌ كۆتایی پێ بهێنین، گه‌لی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه ‌شایسته‌ی ژیانێكی زۆر باشترن له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌. ده‌بێت هه‌موومان، هه‌موو سیاسییه‌كانی عێراق له‌م پێناوه‌دا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین. له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌ركمان له‌سه‌ر شانه‌ و ئاماده‌ین جێبه‌جێی بكه‌ین. ئه‌رك و مافيشمان هه‌یه‌، ئاماده‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م پره‌نسيپه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یڕه‌و بكه‌ین تا بگه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌ی عێراق.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك، ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ و باسی به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فای بارزانی بكه‌ین، ئه‌و چۆن له‌ یه‌كێتیی عێراق و برایه‌تيی كورد و عه‌ره‌بی ده‌ڕوانی؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو قسه‌كانی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی بكه‌ی، داكۆكيى ئه‌و له‌سه‌ر برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌به‌، داكۆكى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كانى گه‌لی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌میشه‌ به‌ تووندوتیژی و چه‌ك وه‌ڵامی پرسی كوردیان داوه‌ته‌وه‌. پرسی كورد له‌ عێراق پرسێكی جددییه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ركه‌یشی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بێت. وه‌ك نموونه‌یه‌ك باسی ده‌كه‌م، دوای ساڵی 1970 هه‌وڵی كوشتنی مه‌لا مسته‌فا درا، ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی ئایینییان نارده‌ لای و هه‌وڵی كوشتنی درا، ئه‌وه‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی خۆی بۆ ئێمه‌ی باس كردووه، ‌دوای ئه‌وه‌ زۆر باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك تۆڵه‌ بكرێته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكى مه‌ده‌نيش تيايدا ببنه‌ قوربانی، جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا یه‌كسه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌ و گوتی نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ببێته‌ مه‌سه‌له‌ی كورد و عه‌ره‌ب و له‌سه‌ر من شه‌ڕ دروست ببێت، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ناكرێت. دوای مه‌لا مسته‌فا جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و ئێمه‌ش هه‌موومان باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ پرسی برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب هه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێ ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ عێراقدان، پێكه‌وه‌ فۆرمۆلێك بۆ پێكه‌وه‌ژيان بدۆزینه‌وه‌. یه‌كێتیی عێراق و پرسی پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق هێزێكه‌ بۆ عێراق، ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌لا مسته‌فا فێری بووین،‌ فێری ئه‌وه‌ بووین كه‌ كورد و عه‌ره‌ب ده‌بێت برا بن. نموونه‌یه‌كی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ باس ده‌كرێت جارێكیان پارێزگارێكی عه‌ره‌ب هه‌بووه‌ له‌ هه‌ولێر و دواتر به‌و لێكدانه‌وه‌يه‌ كه‌ مه‌لا مسته‌فا پێی خۆش بێت پارێزگاره‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و پارێزگارێكی كوردیان له‌ شوێنی داناوه‌، له‌ دیدارێكدا خوا لێى خۆش بێت به‌ به‌غدای گوتووه‌ زۆر پێم باشتره‌ ئه‌و پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر، چونكه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێك نییه‌ كێ عه‌ره‌ب و كێ كورده‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بتوانین پێكه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌م وڵاته‌دا به‌ ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بژین.
 
پرسیار: ئێوه‌ په‌يامى به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فا بارزانیتان وه‌رگرت و ئێستا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، وا تێده‌گه‌م ئه‌و په‌يامه‌ له كاتی هاتنی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كاندا كه‌ له‌ پارێزگاكانه‌وه‌ هاتبوون ره‌نگى دايه‌وه‌. من هێشتا باس له‌ چوارچێوه‌ی برایه‌تی و یه‌كێتیی عێراق ده‌كه‌م؟
 
نێچيرڤان بارزانى: نامه‌وێت وه‌ك منه‌تێك ئه‌و بابه‌ته‌ باس بكه‌م، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆمان به‌جێ گه‌یاندووه‌. ساڵی 2014 زۆر به‌داخه‌وه‌ كه‌ داعش هات و زۆر ناوچه‌ی له‌ موسڵ و ئه‌نبار داگیر كرد، خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه‌ هاتنه‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ به‌ ئه‌ركمان زانی ده‌رگایان بۆ بكه‌ینه‌وه‌ و لێره‌ بن. له‌و كاته‌دا نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و په‌نابه‌ری سووریامان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی شانازییه‌، به‌ سوپاسه‌وه‌ ده‌مه‌وێت خه‌ڵكی عێراق ئه‌وه‌ بزانن له‌و ماوه‌یه‌دا و تا ئێستاش ئێمه‌ یه‌ك كێشه‌ى ئه‌منیمان له‌و ئاوارانه‌ نه‌بینی وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له‌ هیچ يه‌كێك له‌ وان نه‌مانبینی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ببێت له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر به‌ خۆشی بوو، ئێستايش ئه‌وه‌ی گوێم لێ ده‌بێت زۆرێك له‌وانه‌ی به‌ خۆشحاڵييه‌وه‌ توانيويانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان له‌ فه‌للووجه‌ و ئه‌نبار و موسڵ و شوێنه‌كانی دیكه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیيان‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ماوه‌، ئه‌وه‌ بۆ ئێمه ‌جێگه‌ی شانازییه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجاممان داوه‌ ئه‌ركه‌ و ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌موكوڕییه‌ك هه‌بووبێت، داوای لێبوردنیان لێده‌كه‌ین. ئێمه‌ ئه‌ركمان به‌جێ گه‌یاندووه‌، ئه‌و ئه‌رك و تێگه‌يشتنه‌ى له‌سه‌رى په‌روه‌رده‌ كراوين جێبه‌جێمان كردووه‌ كه‌ ده‌بێت رێز له‌ برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ بگرین.
 
به‌شى دووه‌م..
 
پرسیار: كاتێك باسی چیا ده‌كه‌م، په‌ندێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن چیاكان په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بوون بۆ سیاسییه‌كان و ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ترسێن، به‌ هه‌مانشێوه‌ چیاكان بوونه‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئاواره‌كان دوای ساڵی 2014، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا چیاكان هه‌ر به‌ په‌ناگه‌ی ئارام بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌ترسێن و ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و ئه‌وانه‌ی داوای ژیانێكی باشتر ده‌كه‌ن، ده‌مێننه‌وه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، هیوادارین په‌نابردن بۆ چیا، په‌نابردن بۆ شاخ له‌ هه‌موو عێراقدا نه‌مینێت و پێویست به‌وه‌ نه‌كات. با سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به ‌شێوه‌یه‌كی وا بیر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ وانه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌رگرین، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌موومان كردوومانن، با ئه‌مه‌ هێزێك بداته‌ ئێمه‌ بۆ ئاينده‌ى عێراق، هیوادارم هیچ كاتێك هیچ عێراقییه‌ك پێویستی به‌وه‌ نه‌بێت و پێى وابێت كه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاخه‌كان و وا بزانێت ته‌نها شوێنێكی ئارام بۆ ئه‌وان شاخه‌كانن، هيوادارم عێراق له‌و قۆناخه‌ ده‌رباز ببێت.
 
پرسیار: به‌ڵام له‌ میانه‌ی قسه‌كانتاندا پێش كه‌مێك فه‌رمووتان له‌وانه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌ندێك له‌ لایه‌نی ژیانمان باس كرد، به‌ڵام گوتتان كه‌ به‌غدا هه‌ڵه‌ی كرد و سیاسییه‌كانی عێراق هه‌ڵه‌یان كرد و ئێمه‌ش هه‌ڵه‌مان كرد، ئێستا به‌ زمانێك قسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوومان فێر بین، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌م زمانه‌ له‌ نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسی گوێبیست ببم، واته‌ جه‌نابتان له‌ نه‌وه‌ی دووه‌می نه‌ك نه‌وه‌ی یه‌كه‌م، ئێستا نازانم ئایا نه‌وه‌ی یه‌كه‌م خاوه‌نی عه‌قڵیه‌تێكی كلاسیكی بوون و جیا بوون له‌ نه‌وه‌ی دووه‌م؟ ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی جه‌نابتان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ژیانێكی باشتر بۆ عێراقییه‌كان بێت و هه‌موو دۆسیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: كێشه‌ له‌ چۆنیه‌تيی بیركردنه‌وه‌دایه‌، سه‌یركه‌ن‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ عێراقدا دوو جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت له‌ كوێ هه‌ڵه‌مان كرد وامان به‌سه‌رهات؟ بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌تای كێ بوو وامان به‌سه‌ر هات؟ ده‌بێ “خه‌تای كێ بوو وامان به‌سه‌ر هات” بخه‌ینه‌ لایه‌كه‌وه‌. ده‌بێ له‌ عێراق یه‌ك شت بزانین، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ له‌ كوێ هه‌موومان هه‌ڵه‌مان كرد كه‌ ئه‌مڕۆ دۆخی عێراق به‌مشێوه‌یه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌‌مان دایه‌وه‌، بێگومان ژیانێكی خۆشتر چاوه‌ڕێی هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كات. له‌ سه‌ردانمدا بۆ‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌موو سیاسییه‌كانی عێراق په‌يامم ئه‌وه ‌بوو (ئێمه‌ هه‌ڵه‌مان كردووه‌، ئێوه‌ش هه‌ڵه‌تان كردووه‌، با دانیشین و وانه‌ له‌و هه‌ڵانه‌ وه‌رگرین بۆ ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان) تا به‌و شێوه‌یه‌ بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌ عێراق نابێته‌ وڵاتێك كه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ سیاسییه‌ بێ مانایه‌ی له‌ عێراق ده‌كرێت له‌سه‌ر چییه‌؟ باشتر نییه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ چۆن ئابووریی عێراق به‌هێز بكه‌ن؟ ئايا ده‌كرێت عێراق تا ئێستا هه‌رچی شتومه‌كی هه‌یه‌ به‌ كوردستانیشه‌وه‌ هه‌مووی له‌ وڵاتانی دراوسێ هاورده‌ى ده‌كات؟ عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ كه‌ نه‌ك ته‌نها سامانی سرووشتیی هه‌یه‌، سامانی مرۆییشی هه‌یه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ سیاسییه‌ بكرێت، با شه‌ڕه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه ‌بێت چۆن عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ین؟ چۆن عێراق وا لێ بكه‌ین ببێته‌ وڵاتێكی وه‌به‌رهێن و خۆمان پێداويستييه‌كانمان دابين بكه‌ين. ئه‌مه‌ زۆر گرنگتره‌ له‌و شه‌ڕه‌ سیاسییه‌ بێ مانایه‌ی كه‌ ئێستا له‌ عێراق خه‌ریكین و خه‌ڵكمان پێوه‌ى ماندوو كردووه‌. له‌پێناو چی؟ به‌ڕای من ده‌بێت فۆكه‌س بخرێته‌ سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌، چۆن ئێمه‌ هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین متمانه‌ى گه‌لی عێراق بۆ سیاسییه‌كانی عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌؟ ئه‌مڕۆ متمانه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه‌، رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌موو عێراق چه‌ند بوو؟ زۆر زياده‌ڕۆييشى تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام رێژه‌كه‌ زۆر كه‌مبوو، بۆچى كه‌مبوو؟ خه‌ڵك متمانه‌ى به‌وه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ سندووقی ده‌نگدان ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ ئێمه‌ باسی سیستەمێكی دیموكراتی ده‌كه‌ین، دیموكراتی به‌س ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو چوار ساڵ جارێك ئه‌و خه‌ڵكه‌ ببه‌یت و پێی بڵێی وه‌ره‌ ده‌نگ بده‌، خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی له‌ سیاسییه‌كانی عێراق هه‌یه‌، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ژیانێكی باشتر ببینێت، خه‌ڵك ده‌یه‌وێ له‌م دۆخه‌ ناخۆش و نه‌هامه‌تييه‌ى ئه‌مڕۆى عێراق،‌ ده‌ربچێت.
 
پرسیار: به‌ڵام جه‌نابى سه‌رۆك، ته‌نیا داننان به‌ هه‌ڵه‌كان به‌س نییه‌، پێویسته‌ هه‌وڵی جددی هه‌بێت به ‌شێوه‌یه‌ك هاووڵاتیی عێراقی هه‌ستی پێی بكات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت و بڵێت به ‌راستی من به‌ره‌و ژیانێكی باشتر ده‌چم؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێموایه‌ عێراقییه‌كان ورده‌ ورده‌ و نه‌وه‌ی تازه‌ى وڵات ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قۆناخه‌. نه‌وه‌ی ئێستای عێراق، نه‌وه‌ی پێش ده‌ ساڵ نییه‌، ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 له‌دایك بووه‌، ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه‌. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ و قبووڵی ناكات، گه‌لی عێراق مومكین نییه‌ هه‌ر درووشمى بێ ناوه‌ڕۆك له‌ سیاسییه‌كانی عێراقی قبووڵ بكات و ژیانی ده‌وێت، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش به‌شێكن له‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ عێراق ده‌بێت به‌خۆیه‌وه‌ بیبینێت. ئه‌مڕۆ راستييه‌ك له‌ عێراق هه‌یه‌، ده‌مه‌وێت راشكاوانه‌ باسی بكه‌م، سه‌یری عێراق بكه‌، به‌ به‌رده‌وامی پێكهاته‌یه‌كی عێراق ترسی له‌ رابردوو هه‌یه‌، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ ترسی له‌ ئاینده‌ هه‌یه‌، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ ترسی له‌ رابردوو، له‌ ئێستا و له‌ ئاينده‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌یان كورده‌. تاكه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین؟ ده‌ڵێین قۆناخێكی راگوزه‌ره‌‌، له‌ 2003 ئێستا ساڵی 2021ه‌، ئه‌م قۆناخی راگوزه‌ره‌‌ تا كه‌ی؟ 18 ساڵه‌، 18 ساڵ ته‌مه‌نێكه‌، ئه‌وه‌ی له‌ 2003 له‌دایكبووه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه‌. ئيتر ته‌واو، ده‌بێت دابنیشین و چاره‌سه‌ری بكه‌ین، كه‌ پێداگیری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كه‌ین، ته‌نها مه‌به‌ستمان بۆ هه‌ولێر نییه‌، ئێمه‌ مه‌به‌ستمان بۆ سه‌قامگیریی هه‌موو عێراقه‌، سه‌قامگیریی عێراق به‌شێك له‌ كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدان، تا كه‌ی ئێمه‌ چاوه‌ڕوان بین؟ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌ڵێن تا كه‌ی چاوه‌ڕوان بین؟! دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێش ساڵی 2003 وه‌ك ئێستا بوو. ساڵی 2002 ئه‌مریكییه‌كان هاتنه ‌لامان و باوه‌ڕیان به‌ ئێمه‌ هێنا كه‌ یارمه‌تییان بده‌ین چونكه‌ عێراق به‌ره‌و وڵاتێكی دیموكراتی ده‌چێت و بڕیاری‌ خۆیان دابوو رژێمی ئه‌وكاته‌ لابده‌ن و بیڕووخێنن، داوای یارمه‌تییان ده‌كرد بۆ عێراقی نوێ، ئێمه‌ به‌ هه‌زاران هیواوه‌ به‌شداریمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا كرد بۆ عێراقێكی نوێ، عێراقێك كه‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌م عێراقه‌مان بنیات نا؟ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شى، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، ئه‌و چه‌مكانه‌ى عێراقمان له‌سه‌ری دامه‌زراند، ئه‌و هاوبه‌شييه‌ هه‌یه‌؟! ئه‌و پێكه‌وه‌بوونه‌ هه‌یه‌؟ نییه‌! ئه‌مڕۆ له‌ عێراق واقعێك هه‌یه‌، ئه‌م شتانه‌ نییه‌، به‌شێكی زۆر له‌ عێراقییه‌كان ئه‌مڕۆ تووشی نائومێدى بوون، پێيانوايه‌ به‌شێك نين له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته‌. داعش له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌ دروست بووه‌، داعش له‌ مه‌ریخه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، له‌ ئه‌نجامی هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته‌ دروستبوو! نابێت ئه‌م هه‌ڵانه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه،‌ چونكه‌ ئه‌مڕۆ دیسان زه‌مینه‌یه‌كی دیكه‌ په‌یدا ده‌بێت بۆ ئه‌م تووندڕه‌وییه‌، به‌ ناوی داعش نا به‌ ناوێكی دیكه‌، خه‌می ئێمه‌ خه‌می ته‌نيا كوردستان نییه‌، خه‌می ئێمه‌ خه‌می هه‌موو عێراقه‌، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و جوگرافیایه‌دا كه‌ پێی ده‌ڵێن عێراق، داوای ژیانێكی باش بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین. له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌رچی له‌ توانایاندا بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته‌ سه‌رپێی خۆی، كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كرد و هه‌رچی له‌ توانایاندا بوو كردیان. رۆڵی ئێمه‌ له‌ عێراق رۆڵی تێكده‌رانه‌ نییه‌، رۆڵمان رۆڵێكی بونیاتنه‌ره‌ له‌ عێراق، ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانی عێراق به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ببن، ئه‌مه‌ بۆ سه‌قامگیریی عێراق گرنگه‌.
 
پرسیار: باشه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م گوتاره‌ سه‌رنجڕاكێش و نوێ بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ زمانی یه‌كێتيی وڵات له‌وانه‌یه‌ پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو بێت ده‌رباره‌ى ئه‌م كێشه‌یه. كاك نێچیرڤان با باس له‌ كۆتا شت بكه‌ین، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ به‌رده‌وامیی ئه‌وه‌ بێت كه‌ باسی ده‌كه‌ی كه‌ ئه‌ویش كه‌ركووكه‌ و گرێ و چاره‌سه‌ره‌، كاتێك سه‌یری هه‌واڵه‌كانم ده‌كرد چاوم به‌ هه‌واڵێك كه‌وت ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی جه‌نابتان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یان له‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و ئه‌م مانشێتانه‌ گه‌یشتنه‌ میديای عێراقی، به‌ڵام له ‌میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه‌ زیاتر شرۆڤه‌ بكه‌ن و چۆن ده‌توانرێت ئه‌م كێشه‌یه‌ بگه‌یه‌نرێت كه‌ زیاتر له‌ جارێك له‌ هه‌وڵه‌ سیاسییه‌كانی كوردی یان عه‌ره‌بی باس كراوه‌، چ شتێكی نوێ له‌ دۆسیه‌ی كه‌ركووكدا هه‌یه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: كه‌ركووك شارێكی عێراقییه‌، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ولێریش شارێكی عێراقییه‌، سلێمانیش شارێكی عێراقه‌ له‌و جوگرافیایه‌دا كه‌ پێی ده‌ڵێن عێراق، كێشه‌ی كه‌ركووك چییه‌؟ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ركووك كێشه‌یه‌كه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نین ده‌ستی بۆ ببه‌ین تا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ببێت. به‌ ڕای من كێشه‌كه‌ دوو به‌شه‌، یه‌كه‌میان پرسی سامانی سروشتییه‌، ئه‌و سامان و خێره‌ له‌ هه‌موو عێراق هه‌یه‌ ته‌نیا له‌ كه‌ركووك نییه‌، له‌ به‌سره‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌، له‌ سلێمانیش هه‌یه‌ و له‌ هه‌موو شوێنه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مه‌یان به‌شێكه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ یاسای نه‌وت و غازمان هه‌بوایه‌ له‌ عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پرسی نه‌وت نه‌ده‌بووە‌ كێشه‌، چونكه‌ یاسایه‌كمان ده‌بوو و به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ هه‌رێمی كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق دڵنیا ده‌بوون له‌وه‌ی كه‌ بودجه‌ى خۆیان وه‌رده‌گرن. كه‌واته‌ چاره‌سه‌ری كه‌ركووك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنێكی ته‌واو بكه‌ین له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز. كێشه‌ی دووه‌م پرسی خاكه‌، كێشه‌كه‌ به‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت هه‌رێمی كوردستان بڵێت كه‌ركووك يان فلانه‌ شوێن كوردستانه،‌ به‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت، پێداگیریی به‌غداش له‌وه‌ی كه‌ كورد هیچ مافێكی له‌ كه‌ركووك نییه‌، به‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نابێت. پێویسته‌ هه‌ردوولا نه‌رمییان بۆ چاره‌سه‌ريی كێشه‌كه‌ هه‌بێت. مادده‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه‌ پێی ده‌ڵێن مادده‌ی 140 له‌ ده‌ستووری عێراقدا كه‌ زیاتر له‌ سه‌دا هه‌شتای گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه‌، مادده‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ جێبه‌جێ ببێت، رێگه‌چاره‌ی بۆ كێشه‌كه‌ داناوه‌. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت جێبه‌جێكردنی ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌یه‌ و هیچی دیكه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم نه‌ كورد و نه‌ هیچ پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ له‌ كه‌ركووك كێشه‌یان نامێنێت، به‌ڵام پاشخستنی چاره‌سه‌ریی پرسی كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه نابێت‌، بێگومان بابه‌ته‌كه‌ ته‌نیا كه‌ركووك نییه‌، بابه‌ته‌كه‌‌ شوێنه‌كانی دیكه‌شن، ئه‌و ناوچانه‌ی ئیمڕۆ پێی ده‌ڵین ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان‌، ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌ لێكگه‌یشتن و دانیشتن چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌، له‌وه‌ زیاتر هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ نابینین.
 
پرسیار: رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م دۆسیایه‌دا چییه‌؟ له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا باستان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌م كێشانه‌دا مێزی گفتوگۆی عێراقی دادوه‌ر ده‌بێت، كه‌واته‌ رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دۆسیای كه‌ركووكدا چییه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNAMI) له‌ عێراقدا هه‌یه‌، رۆڵی (UNAMI) یارمه‌تیدانی نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی عێراقییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. سرووشتی ئێمه‌ له‌ عێراقدا وایه‌ كه‌ ناتوانین خۆمان كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و نازانین. رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌و پرسه‌دا ده‌توانێت ته‌نیا رۆڵێكی یارمه‌تیده‌ر بێت، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆمان، بۆ عێراقییه‌كان كه‌ ده‌بێت دانیشین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رووی ته‌كنیكییه‌وه ‌ده‌توانن زۆر زۆر یارمه‌تیمان بده‌ن، یارمه‌تيی ئێمه‌ بده‌ن به‌وه‌ی هه‌ردوولا هان بده‌ن. باوه‌ڕ ناكه‌م نه‌ به‌غدا و نه‌ هه‌ولێر حه‌ز بكه‌ن هيچ لايه‌نێك رۆڵێكی له‌مه‌ زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ببينێت.
 
پرسیار: با پرسیار له‌وه‌ بكه‌م وه‌ك هاوكارم ده‌ستیپێكرد. جه‌نابى سه‌رۆك، ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور، بۆچی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی هه‌ن وای داده‌نێن كه‌ ئه‌م ماده‌یه‌ ماده‌یه‌كی مردووه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: چونكه‌ نایانه‌وێت واقع ببینن، نایانه‌وێت واقعی عێراق ببینن، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ك وا بیر بكاته‌وه‌ ئه‌وا تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق. با نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه‌، شۆڕشی كورد ساڵی 1961 ده‌ستیپێكرد، ساڵی 1970 رێككه‌وتنی 11ی ئازار له‌نێوان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی و حكوومه‌تی ئه‌و كاتی عێراقدا ئیمزا كرا، له‌و كاته‌دا خوالێخۆشبوو سه‌ددام خۆی هاته‌ ناوپردان بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی ئاماده‌ بكات و دوای ئه‌وه‌ له‌ به‌غدا رێككه‌وتنی 11ی ئازار راگه‌یەیێندرا، هه‌روه‌ك باسمكرد هه‌موو لایه‌ك به‌ عه‌ره‌ب و كورد و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ پێیانخۆش بوو، ساڵی 1974 كه‌ به‌غدا پێىوابوو به‌هێزه‌، دووباره‌ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد و بارزانی كرده‌وه‌، نه‌یتوانی شۆڕشی كورد بشكێنێت ناچاربوو چوو له‌گه‌ڵ شای ئێران رێككه‌وتنی كرد و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی دا به‌ ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌به‌ش بگه‌ڕێنێته‌وه‌، هه‌شت ساڵ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران كرد، قه‌رزدار بوو كوێتی داگیركرد، ئه‌م مه‌ينه‌تييه‌، ئه‌مه‌ مێژووی دوێنێیه‌، به‌ڵام چییه‌؟ بیركردنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر هه‌ڵه‌ بوو! شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كێ به‌هێزه‌ و كێ لاوازه‌؟ پرسی كورد، مادده‌ی 140، كێشه‌كان به‌م فه‌رهه‌نگه‌، به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ناكرێن و مومكین نییه‌! كێشه‌ی خێزانێكه،‌ ده‌بێ دانیشین به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بكه‌ین. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت مادده‌ی 140 مردووه‌، ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵی مردووه‌، با بڵێت وه‌رن دانیشین و چاره‌سه‌رێكی دروستی واقعیانه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه‌، چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌موو عێراقدا بێت.
 
پرسیار: تایبه‌ت به‌ ده‌ستوور و مادده‌ی 140 و به‌شداریتان له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌و كاتدا. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كات له‌ لێدوانه‌كانتاندا ده‌بینم باسی گه‌ڕان به‌دوای هاوبه‌شيدا ده‌كه‌ن، ئایا لایه‌ن هه‌ن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هاوبه‌شيى سیاسیی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فيدراڵدا دا به‌رته‌سك بكاته‌وه؟ بۆچی‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوبه‌شيتان له‌ پرۆسه‌ى سیاسی كه‌م بكه‌نه‌وه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و هاوبه‌شييه‌، ته‌نیا باسی هاوبه‌شيى خۆمان ناكه‌ین وه‌ك كورد، پێمانوایه‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ش ده‌بێت هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ به‌شێكن له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا و ته‌نيا باسی كورد ناكه‌م، چونكه‌ ئه‌و هاوبه‌شييه‌ و گه‌یشتن به‌و بۆچوونه‌ كه‌ هه‌موومان به‌شێكین له‌م وڵاته‌، ئه‌مه‌ ته‌نها كێشه‌ی كورد نییه‌، پێكهاته‌كانی دیكه‌ش هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێموايه‌ تا ئێستا گوتوومانه‌ قۆناخی راگوزه‌ره‌، به‌ڵام ته‌واو قۆناغی ڕاگوزه‌ر نییه‌. له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی زۆر گرنگى ئاینده‌داين، ده‌زانین زۆر هۆكاریش هه‌بووه‌ كه‌ پێشتر نه‌یانهێشتووه‌ به ‌راستی و به‌ جددی فۆكه‌س بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانیش، داعش بووه‌. ساڵی 2014 له‌ هه‌رێمی كوردستان (1100) كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، دوو ملیۆن ئاواره‌مان هه‌بوو، نزیكه‌ی (10000) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ بریندار بوون، نزیكه‌ی (2000) پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدمان هه‌یه‌، بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ هه‌رێمی كوردستان نا، هه‌موو عێراقییه‌كان وایان به‌سه‌رهاتووه‌ و قوربانییان داوه‌، ئه‌مڕۆ پێمانوایه‌ دۆخێكی دیكه‌ هاتووەته‌ پێش، دۆخێك كه‌ ده‌بێت پێكه‌وه‌ دانیشین و ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
 
به‌شى سێيه‌م..
 
پرسیار: زۆر باسی گفتوگۆی سیاسیم كرد و هیوادار بووین به‌ ریزبه‌ندی و به‌پێی مێژووی ژیان بچینه‌ ناو سیاسه‌ت، به‌ڵام باسی سیاسه‌تمان كرد. به‌ هه‌رحاڵ با كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ قۆناخی حه‌فتاكان، له‌ حه‌فتاكان گوازرانه‌وه‌ تاران و له‌ زانكۆی تاران خوێندووتانه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى شای ئێران ژیاون. باسمان بۆ بكه‌ خوێندنتان چۆن بوو و ژیان له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتى شا چۆن بوو؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ساڵی 1974 دوای نسكۆی شۆڕش چووینه‌ ئێران، دوای شۆڕشى ئێران له‌ ساڵی 1979 كه‌ ئه‌و كاته‌ ته‌مه‌نم 12 – 13 ساڵان بوو، دوو رووداو روویان دا یه‌كه‌میان شۆڕشى ئێران بوو و دووه‌میش له‌و كاته‌دا خوالێخۆشبوو باپیرم مه‌لا مسته‌فا كۆچى دوايىكرد. دوای شۆڕشى ئێران كه‌ له‌ ئه‌مهریكا له‌ نه‌خۆشخانه‌ بوو، به‌ته‌ما بوو بگه‌ڕێته‌وه، له‌و كاته‌شدا باوكم ئیدریس له‌گه‌ڵيدا بوو، ئه‌و كاته‌ كاك مه‌سعود له‌وێ نه‌بوو، گه‌ڕابووه‌وه‌، له‌ ئێران بوو، بێگومان بۆ من تێگه‌یشتنم كه‌مبوو، ئه‌وه‌ نه‌بوو به ‌ته‌واوی بزانم چی روویداوه‌، به‌ڵام ده‌مزانی خۆشییه‌كی زۆر هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ما. شا یه‌كێك له‌وانه‌ بوو كه‌ رێككه‌وتنی جه‌زائیرى كردبوو، يه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى نسكۆی شۆڕشی كورد بوو، بێگومان بۆ خه‌ڵكی كورد به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی رووداوێكی زۆر گه‌وره‌ بوو، زۆریش گرنگ بوو. له‌و ماوه‌يه‌دا له‌ ئێران چووینه‌ قوتابخانه‌ و خوێندمان، من زانكۆم ته‌واو نه‌كرد، من به‌ته‌ما بووم بچمه‌ ئه‌مریكا. یه‌كێك كه‌ زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دام و كاره‌كانى بۆ رايى ده‌كردم تا بچمه‌ ئه‌مريكا بخوێنم، خوالێخۆشبوو د. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بوو یادی به‌خێر. به‌ڕێزيان زۆر تێكه‌ڵى خێزانمان بوو‌، به‌تایبه‌تیش دۆستێكی زۆر نزیكى باوكم بوو، ئه‌و زۆر حه‌زی ده‌كرد و زۆر مه‌به‌ستی بوو كه‌ بۆ به‌رده‌وامیی خوێندن بچمه‌ ئه‌مهریكا و هه‌موو كاره‌كان ته‌واو بوون. ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ به‌ته‌ما بووم بچم، رۆژی دوایی باوكم كۆچى دوايىكرد. كاك ئیدریس له‌ ته‌مه‌نی 43 ـ 44 ساڵان به‌ وه‌ستانى دڵ كۆچی دواییكرد، دوای ئه‌وه‌ به‌رپرسیاريه‌تيى خێزان و به‌رپرسیاريه‌تيى منداڵه‌كان زیاتر وایكرد كه‌ نه‌متوانی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و كاته‌ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیی مامم له‌ پێشمه‌رگایه‌تی بوو، ئه‌ویش نه‌یده‌توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌ركى پێشمه‌رگایه‌تی و حزب و ماوه‌یه‌كی زۆری پێچوو تا گه‌ڕایه‌وه‌. قوتابییه‌كی زۆر زیره‌ك نه‌بووم له‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام خراپیش نه‌بووم، له‌ بیركاری خراپ بووم، به‌ڵام له‌ وانه‌كانی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو و جوگرافیا و وانه‌كانی دیكه‌، قوتابییه‌كی زیره‌ك بووم. كه‌ ده‌هاته‌ سه‌ر بیركاری و ئه‌وانه‌ زۆر باش نه‌بووم، خه‌ریكی وه‌رزشیش بووم كه‌ له‌وساوه‌ تا ئێستاش به‌شێكه‌ له‌ ژیانم.
 
پرسیار: خاڵێكى گرنگتان باس كرد، به‌پرسياريه‌تيى له‌ ته‌مه‌نێكى زووه‌وه‌، پێگه‌يشتنێكى زياتريش ده‌دات، وايه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ك پێمگوتن له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر گه‌نجييه‌وه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و فه‌رمانه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تييه‌م وه‌رگرت. له‌ ژیانی سیاسیمدا كه‌ ده‌ستمپێكردووه‌، هه‌میشه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵم خه‌ریك بووه‌ و رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌وه‌ی بێمه‌ ناو ژیانی سیاسی و به‌رپرسیاريه‌تی وه‌رگرم. هه‌موو كه‌سێكیش له‌ ژیانی خۆيدا هه‌ڵه‌ ده‌كات و شتی باشیش ده‌كات، منیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له‌ ژیانی سیاسیی خۆمدا هه‌ندێك شتی باشم كردووه‌، هه‌ڵه‌شم زۆر بووه‌، بێگومان ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر شتی باشم كردووه‌ و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كم نه‌بووه‌، مرۆڤ هه‌ندێك جار سه‌یری ده‌كاته‌وە‌ ده‌بینێت. گرنگ ئه‌وه‌يه‌ مرۆڤ له‌ ژیانی خۆی له‌و هه‌ڵانه‌ فێر ببێت و بیكاته‌ هێزێك بۆ ئاينده‌.
 
پرسیار: سه‌ره‌تایه‌كتان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستپێكرد، به‌ڵام به‌ پرسیارێكی خێرا، جه‌نابتان زمانی ئینگلیزی و فارسی ده‌زانن، نهێنی ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ ناكه‌ن؟ بۆچی؟ قورسه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌و شتانه‌یه‌ كه‌ من زۆر گله‌یی له‌ خۆم ده‌كه‌م، ناڵێم سه‌ختيشه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ر شتێك بكاته‌ ئیراده‌ی ده‌توانێت، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ نموونه‌ بۆ منداڵه‌كانم ئامۆژگارييان ده‌كه‌م پێیان ده‌ڵێم فێری عه‌ره‌بی ببن، به‌ نه‌وه‌ی تازه‌ی كوردستانیش ده‌ڵێم خۆتان فێری زمانی عه‌ره‌بی بكه‌ن، په‌نا به‌خوا منیش خۆم فێر ده‌كه‌م.
 
پرسیار: زمانی عەرەبی قورسە؟
 
نێچيرڤان بارزانى: قورسه،‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام پێویسته‌، زۆريش پێویسته‌.
 
پرسیار: كاك نێچیرڤان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوكارم ئێمه‌ى‌ برده‌وه‌ رابردوو و بۆ مێژووی پێگه‌یشتنتانى گه‌ڕاندینه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ باس له‌ گواستنه‌وه‌كانتان بۆ شاره‌ عێراقییه‌كان بكه‌ین، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دان جه‌نابتان له‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ن كه‌ سه‌ردانی به‌غداتان كردووه‌ پێش رووخانی رژێمی پێشوو، هیچ شارێكی دیكه‌ی عێراق هه‌یه‌ كه‌ سه‌ردانتان كردبێت، هه‌روه‌ها هه‌ستتان چۆن بوو كه‌ سه‌ردانی به‌غداتان كرد له‌ كاتی رژێمی سه‌دام حسێندا؟
 
نێچیرڤان بارزانی: پێش 2003ێش له‌ شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ و سیاسه‌تی ئێمه‌دا یه‌ك بنه‌مای گرنگ هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئێمه‌ عێراقین و سه‌رئه‌نجام كێشه‌كانمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا ئێمه‌ هیچ كات په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌پچڕاند، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌مى رژێمی پێشووش په‌يوه‌ندييه‌كانمان به‌رده‌وام بوون. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ پرسی كورد له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌و كات ئه‌و حكومه‌ته‌ نوێنه‌رایه‌تيی سه‌روه‌ريى عێراقی ده‌كرد ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بوو، سه‌دام حسێن سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته‌ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان هه‌بووه‌، خۆم چه‌ندینجار سه‌ردانى به‌غدا و موسڵم كردووه‌ له‌و كاته‌دا.
 
پرسیار: نيازتان هه‌يه‌ سه‌ردانى پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراق بكه‌ن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: زۆر حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ردانی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق بكه‌م و چه‌ندینجاریش چوومه‌ته‌ نه‌جه‌ف و ئه‌و شه‌ره‌فه‌م به‌ركه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا سیستانیيش دانیشتنم هه‌بووه‌، دانیشتنێك كه‌ هیچ كات وه‌ك كه‌سێك له ‌یادی ناكه‌م، له‌م سه‌ردانه‌شدا كه‌ له‌ به‌غدا بووم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌نابی حه‌لبووسی و سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی قسه‌مان كرد و له‌ به‌رنامه‌مدایه‌ له‌ داهاتوودا سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌ش بكه‌م، سه‌ردانى به‌سرە و ئه‌نبار بكه‌م و له‌و شوێنانه‌ خه‌ڵك ببینم، حه‌ز ده‌كه‌ین له‌ نزیكه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ په‌یامی ئێمه‌ تێبگه‌ن، ئێمه‌ خێری هه‌موو عێراقمان ده‌وێت، پێشكه‌وتنێكی هه‌ر شارێكی عێراق بۆ ئێمه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنه‌، به‌هێزبوونی ئابووریی عێراق به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ و پێچه‌وانه‌ نییه‌. با له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی ئێوه‌وه‌‌ ئه‌و قسه‌یه‌ بكه‌م، زۆر به‌داخه‌وه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ ڕابردوودا نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ خه‌ڵك به‌جێ بگه‌یه‌نن، هه‌میشه‌ خه‌ڵكی عێراقیان وا تێگه‌یاندووه‌ كه‌ خه‌تای هه‌رێمی كوردستانه‌. هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستووری عێراق و به‌پێی عێراقیبوونی خۆی كه‌ مافى خۆیه‌تی، له‌وه‌ زیاتر داوا ناكات و هیچ كاتێكیش له‌ بودجه‌ى عێراق ئه‌وه‌نده‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام خه‌ریك بوو ئه‌وه‌ ده‌چووه‌ ناو شه‌قام كه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزاری له‌ فڵان شوێنی عێراق و له‌ فڵان شاری عێراق نه‌بێت، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان پاره‌كه‌ی بردووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ شكستی خۆیان بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیانی عێراق بخه‌نه‌ ملی هه‌رێمی كوردستان. لێره‌وه‌ به‌ هه‌موو گه‌لی عێراق ده‌ڵێم پێشكه‌وتنی هه‌ر شارێكی عێراق به‌ پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كه‌ين. كاتێك‌ ده‌چینه‌ ده‌ره‌وه‌ و وڵاتانی دیكه‌ ده‌بینین زۆر پێمان ناخۆشه‌ كه‌ ده‌بینین وڵاتانى ديكه‌ له‌ عێراق پێشكه‌وتووترن‌، ده‌ڵێین عێراق چی له‌م وڵاتانه‌ كه‌متره‌؟! بۆچى عێراق له‌ دۆخێكی وادا بێت كه‌ ئيره‌يى به‌ وڵاتانی دیكه‌دا ببه‌ین، گه‌لی عێراق با له‌وه‌ دڵنیا بێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت هه‌موو عێراق پێشكه‌وتوو بێت.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك ده‌مه‌وێت پرسیار ده‌باره‌ی ده‌ستوور و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی به‌رپرسه‌كان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت بكه‌م، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ ده‌مه‌وێت پرسیارێك بكه‌م. باستان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ژیانی خوێندن و قوتابخانه‌ زیره‌ك نه‌بوون، به‌ڵام چۆن له‌ ژیانی سیاسیتاندا سه‌ركه‌وتوو بوون به‌تایبه‌تی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانتاندا له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان؟ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئابڵۆقه‌كه‌ی شكاند كاتێك سه‌ردانی پاریستان كرد و دیدارتان له‌گه‌ڵ ماکرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئه‌نجام دا، باسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌ سیاسییه‌كانتان و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ جیهانم بۆ بكه‌ن‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمی كوردستانی عێراق وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق، له‌ سیاسه‌تدا په‌یڕه‌وی یه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی كردووه‌، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت فاكته‌ری سه‌قامگیری و ئارامی بێت بۆ هه‌موو عێراق، ده‌یه‌وێت فاكته‌ری سه‌قامگیری بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، ده‌یه‌وێت فاكته‌رێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی عێراق باشتر بكات له‌ ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌ومان كردووه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ری تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری نین له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یارمه‌تیده‌رین تا سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ببێت. فه‌ره‌نسا دوای رووداوه‌كانی ساڵی 2017 یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ بوو، به‌ سوپاسه‌وه‌ سه‌رۆك ماكرۆن یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ به ‌ڕاستی یارمه‌تیی عێراقی دا و یارمه‌تيی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای دا. ده‌توانم بڵێم له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ گه‌ر رۆڵی ئه‌و نه‌بوایه‌، له‌وانه‌ بوو زۆر له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌بووبان، به‌ڵام ئه‌و رۆڵێكی سه‌ركی بینی، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا ديداره‌كانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن یارمه‌تيی هه‌موو عێراق بده‌ین. وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ديكه‌ به‌كار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی چۆن یارمه‌تيی هه‌موو عێراق بده‌ین، چۆن یارمه‌تيی چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ بده‌ین كه‌ تا ئێستا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ماونه‌ته‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌؟
 
پرسیار: ئێستا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌م، ده‌ستوور پێشكه‌شكردنی خزمه‌نگوزارییه‌ به‌ هاووڵاتیان ئه‌مه‌تان پێش كه‌مێك باس كرد. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌، ده‌م نا ده‌مێك هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بيستين كه‌ لایه‌نێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت ببێته‌ هه‌رێم وه‌ك به‌سرە، یان گوێمان له‌ هه‌رێمی ئه‌نبار ده‌بێت، ئێستا ئێمه‌ ڕاستيی ئه‌و زانیارییانه‌ نازانین، ئایا ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ یان نا؟ پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌زموونی هه‌رێم لای ئێوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بوو، چۆن ئامۆژگاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌یان هه‌بوو بۆ دروستكردنی هه‌رێم؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پرسی هه‌رێم بابه‌تێكی ده‌ستوورییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه‌، ده‌ستووری عێراق رێگه‌ی داوه‌ هه‌رێمه‌كان دروست ببن، ئێمه‌ ئه‌زموونێكى تا ڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوومان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم، ئێستا ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌رێمیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌كات چۆن ده‌سه‌ڵاتی لامه‌ركه‌زی بداته‌ پارێزگاكان، جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ بۆ خۆمان به‌ مۆدێلێكی سه‌ركه‌وتووی ده‌زانین و كارێكی ده‌ستووریشه‌ و هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ پارێزگەكانی عێراق پێى وابێت كه‌ خزمه‌تی زیاتر و خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی عێراق بكات، بۆچى نا؟ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق شتێكمان نه‌كردووه‌ و هه‌ر هه‌رێمێكیش دروست ببێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ ده‌ستووری عێراق دیاری كردووه‌، جا له‌سه‌ر كاته‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئاخۆ ئه‌و كاته‌ هاوكاره‌ یان له‌ داهاتوودا، یان هه‌ریه‌ك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی، ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی دۆخی خۆیان بكه‌ن تا بزانن باشترین مۆدێل چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی زیاترى هاووڵاتیانی پارێزگای خۆیان بكه‌ن.
 
پرسیار: كاك نێچیرڤان، له‌ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ بیرۆكه‌ی گرێبه‌ستى سیاسی له‌ لوبنان و عێراق پێشكه‌ش كرد، زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان ده‌ستیان به‌ پێشكه‌شكردنی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ كردووه‌، بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ گرێبه‌ستى سیاسیی نوێ هه‌بێت ئه‌گينا به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌ڕۆین، یان به‌ره‌و پشێوی و یان له‌وانه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ڕۆین. له‌ میانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی كردتان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ داننان به‌ هه‌ڵه‌كان و به‌ره‌وپێشوه‌چوون، سه‌ره‌تای قۆناخێكی نوێی سیاسییه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێموایه‌ ته‌واو ئه‌وه‌یه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م كه‌ قۆناغ و كاتى په‌يمانێكى نوێیه‌. 18 ساڵ به‌ ماوه‌یه‌كی ڕاگوزه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت و هه‌ر گوتوومانه‌ راگوزه‌ر، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی دیدێكی نوێ بكه‌ین ئاخۆ عێراق به‌ره‌و كوێ؟ بینینی سیاسییه‌كانی عێراق چییه‌ بۆ داهاتووى عێراق؟ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبینم له‌ به‌غدا به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیران مسته‌فا كازمی، ئه‌و خۆیشی باسی ئه‌وه‌ ده‌كات و باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ شتێكی نوێ بكه‌ین و سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش هه‌مان باسیان كردووه‌، بێگومان هه‌ریه‌ك به‌ تێگه‌یشتن و بۆچوونی خۆی باسی ده‌كات، به‌ڵام بێگومان كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بڵێین به‌سه‌، به‌سه‌ با دانیشین، به‌سه‌ با بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ دیدێكی هاوبه‌ش پێناسه‌ بكه‌ین ئاخۆ عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ 18 ساڵ به‌سه‌ هه‌ر باسی ئه‌وه‌ بكه‌ین ئێمه‌ له‌ قۆناغی راگوزه‌رداين. ته‌واو، ئه‌وه‌ی 2003 له‌ دایكبووه‌ ئێستا 18 ساڵه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت به ‌ڕاستی عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر و به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌ڕوات. با نموونه‌یه‌كی ساده‌ بهێنمه‌وه‌، مه‌عقووله‌ ئێستاش خه‌ڵكی عێراق هه‌بێ له‌ كه‌مپه‌كاندا بن و له‌وێ بژین؟ چۆن ده‌كرێت تا كه‌ی؟ نه‌وه‌یه‌ك له‌ناو كه‌مپه‌كان له‌دایك ده‌بێت بێ هیوا، بێ داهاتوو، بێ خوێندن، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یه‌ كه‌ تووندڕه‌وی و داعش دروست ده‌كات، هه‌ر ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ داعش دروست ده‌كات و زه‌مینه‌ بۆ تووندڕه‌وی خۆش ده‌بێت! ده‌بێت له‌مانه‌ بكۆڵينه‌وه‌ و به‌ جددی هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م كێشانه‌ی له‌ عێراق هه‌ن چاره‌سه‌ر بكه‌ين. وه‌ك عێراقی و وه‌ك وڵاتێك كه‌ پێی ده‌گوترێت عێراق، زۆر وڵات هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت یارمه‌تیی عێراق بده‌ن، به‌ڵام به‌رله‌ هه‌موو شتێك ده‌بێت عێراقییه‌كان خۆیان یارمه‌تیی خۆیان بده‌ن، ئه‌م هه‌موو وڵاتانه‌ى ئه‌وروپا و ئه‌م‌ریكا له‌ شه‌ڕی داعشدا یارمه‌تیی عێراقیان دا، ئێستاش به‌رده‌وامن و حه‌ز ده‌كه‌ن یارمه‌تیی عێراق بده‌ن، به‌ڵام یه‌كه‌م شت ده‌بێت عێراقییه‌كان خۆیان یارمه‌تیی خۆیان بده‌ن، له‌سه‌ر شتی بێ مانا چوار پێنج كاژێر گفتوگۆ ده‌كه‌ن. ساڵی پار له‌ به‌غدا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌شدار بووم، بابه‌ته‌كه‌ ئه‌و كات خۆپیشاندان بوو له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌، ئه‌و مۆدێله‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێشكه‌شیان ده‌كرد بۆ من زۆر سه‌یر بوو! گوتيان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ داده‌مه‌زرێنین، یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی عێراق ئه‌م هه‌موو دامه‌زراندنه‌یه‌، بودجه‌ى عێراق مانگانه‌ نزیكه‌ی چوار تا پێنج ملیار دۆلار ته‌نیا بۆ مووچه‌یه‌، چ حكومه‌تێك ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و چۆن ده‌كرێت و له‌ چ وڵاتێكدا ئه‌مه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ تا كه‌ی؟ گفتوگۆيه‌كى زۆرمان كرد، یه‌ك پرسیارم كرد و گوتم ئێوه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ داده‌مه‌زرێنن، پێتانوایه‌ ئه‌مه‌‌ چاره‌سه‌ره‌؟ پێموایه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، پرسیار له‌ وه‌زیری دارایی بكه‌ن ئاخۆ پاره‌ی هه‌یه‌؟ جارێ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ن له‌ بودجه‌ى عێراقدا پاره‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ هه‌یه‌؟ نه‌بووه‌، به‌ڵام‌ هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌كان، هه‌ریه‌ك له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ندێك مه‌به‌ستی تایبه‌تی بۆ خۆیان، هه‌ندێك چاره‌سه‌ر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن نه‌ك بۆ عێراق، خه‌می خۆیانه‌، خه‌می حزبی خۆیانه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌، عێراق ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ به‌شی هه‌مووان ده‌كات، خێر و سامانی عێراق به‌شی هه‌مووان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایلێهات ته‌نیا بیر له‌ حیزب و له‌ پێكهاته‌ى خۆت بكه‌یته‌وه‌، چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م عێراقه‌ نابێت.
 
پرسیار: ده‌توانن پێمان بڵين له‌ سه‌ردانه‌ دووباره‌كانتاندا بۆ به‌غدا و دیداره‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ سیاسییه‌كان، ئایا به ‌ڕاستی هه‌ستتان كرد دیدێكی راسته‌قینه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سیاسییه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌يه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: باوه‌ڕ ناكه‌م ئێستا ئێمه‌ له‌و خاڵه‌ بین.
 
به‌شى چواره‌م..
 
پرسیار: له‌ خاڵێك وه‌ستاین كه‌ هاوپه‌یمانیی سیاسی و سه‌ردانه‌كانت بۆ به‌غدا و دیداره‌كانت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسیی عێراق بوو، ئایا هه‌ستت به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان ئه‌رێنی بن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و كاكردن له‌گه‌ڵ عه‌قلی سیاسیی نوێ؟
 
نێچيرڤان بارزانى: هەموویان باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، بەڵام پێناچێت هیچ بیرۆكه‌یه‌كی دروست هەبێ کە بە چ شێوەیەک بێت، جارێ هێشتا هەر قسەیە. وەک بیرۆكه‌یه‌ك کەسێک پێشكه‌شی بكات و بڵێت بیرۆكه‌كه‌ بەم شێوەیە، تا ئێستا نەمبینیوە و نییە!
 
پرسیار: كاك نێچیرڤان ئه‌مڕۆ باسی كێشه‌ی زۆر هه‌ستیار و گرنگ ده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش ده‌ستووره‌، سوننه‌ ده‌ڵێت ده‌ستوور بۆ كورد و شیعه‌ نووسراوه‌، ئایا كورد له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌ و گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌ستووره‌ كه‌ داوای شه‌قام و داوای خۆپیشاندانه‌كانی تشرینیشه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: وەک بنه‌ما هەر گۆڕانکارییەک خزمەتی عێراق و دۆخی عێراق بکات، وەک کورد بە هیچ شێوەیەک ڕێگر نین و پێمانخۆشە، دەبێت دابنیشین بزانين ئایا ئەو مادە دەستووریانە چین کە ڕێگرن؟ کام مادەی دەستووری ڕێگرە لەوەی خزمه‌تگوزاری بۆ عێراق پێشكه‌ش بكرێت؟ کام مادەی دەستووری ڕێگرە عێراق بەرەو پیشەوە بڕوات؟ ئەگەر دابنیشین و قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ بكه‌ین، بێگومان وەک کورد به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقمان دەوێت، به‌رژه‌وه‌ندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقمان دەوێت. لەبەر ئەوە بۆ ئێمە زۆر ئاساییه‌ دانیشین و قسەيشی لەسەر بکەین بزانین ئەو مادانەی ئەگەر بیانگۆڕین به ‌ڕاستی خزمەتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەکەن؟ گه‌ر وابێت بێگومان دەیکەین.
 
پرسیار: با پرسیاره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بكه‌ین، ئایا به‌ڕێزتان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ده‌ستووری عێراق به‌ سیغه‌ و ماده‌ی ئێستایه‌وه‌ مافه‌كانی عێراق له‌ زاخۆ تا فاو دابین ده‌كات؟
 
نێچيرڤان بارزانى: تەنها شتێک کە هەمانە ئەو دەستوورەیە، ئەوەی هەمانە وەک به‌ڵگه‌نامه‌ لەبەر دەستمان هەبێت ئەو دەستوورەیە، ئینجا ئەگەر دەستوورەکە کەموکوڕی تێدایە با چاره‌سه‌ری بکەین، ئەگەر کەموکوڕی تێدا نییە با جێبەجێی بکەین، بەڵام ئیستا بەدیلی دەستوورمان نییە لە عێراق، ئەوەی هەیە وەک گرێبه‌ستێك و به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى سیاسی، هەر ئەو دەستوورەمان هەیە.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك، هاوكارم هیشام پرسیارێكی زۆر گرنگی ورووژاند كه‌ ئه‌ویش بابه‌تی قۆناغی سیاسیی نوێ بوو، ده‌مه‌وێ پرسیاره‌كه‌م به‌ گوتنه‌كانی كه‌مێك پێش ئێستای جه‌ناتبانه‌وه‌ ببستمه‌وه‌ كاتێك ناوی سه‌ددام حوسێنت هێنا گوتت (خوا لێی خۆش بێت) به ‌ڕاستی ئه‌مه‌ سه‌رنجی ڕاكێشام، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئێوه‌ جددیه‌تێكی واقعیتان بۆ به‌جێهێشتنی ڕابردوو هه‌یه‌ و ده‌ست به‌ قۆناغێكی سیاسیی نوێ بكه‌ن كه‌ له‌ هه‌موو ڕكابه‌رییه‌كی سیاسیی داشۆراو بێت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: دروست وایه‌، هه‌ر کەسێک بمرێت و دنیای جێهیشت، زۆر ئاساییه‌ خه‌ڵك پێی بڵی خوا لێی خۆش بێت، جا هه‌ر كه‌سێك بێت. لە هەرێمی کوردستان و سیاسیانی ئێمە دەمانەوێت فۆكه‌س لەسەر ئاينده‌ى عێراق بكه‌ین، ئاينده‌يه‌ك هەموو هاووڵاتییەکی عێراق تێیدا هەست بکات بەشێکە لەو ئایندەیە، ئەو ئایندەیەش بتوانێت خۆشگۆزەرانی و خۆشی بۆ هەموو گەلی عێراق بەدی بهێنیت.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك، هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌ ئاراسته‌یه‌كی ڕاستدا ڕۆیشت، هه‌ندێك كێشه‌ دروست ده‌بن، ئایا ده‌توانین بابه‌تی زیاتر له‌ جارێك بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر كه‌ پێشوه‌چوونی تێدا كرا و فڕۆكه‌ی درۆنی تیادا به‌كارهێنرا، به‌وه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ڕێگری له‌ باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌ولێر ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كان تێك ده‌ده‌ن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: به‌ بڕوای ئێمه‌ بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، پێشهاتێكى زۆر مه‌ترسيدار بوو بۆ سه‌قامگیریی سیاسیی هەموو عێراق. با جارێ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك لەسەر هێزەکانی ئەمریکا بدەم، ئه‌و هێزانه‌ی ئەمریکا کە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان هەن، لە چوارچێوەی ڕێکكەوتنێکدا لێرەن کە لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا کراوە، نەك لەنێوان هەولێر و واشنتۆندا، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق سەیری ئەم بابەتە دەکات، واته‌ لە هەرێمی کوردستان شتێکی تایبەت و جیاواز نييه‌ لەوەی لە بەغدا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا هەیه‌. بابه‌ته‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ چییه‌، ڕه‌نگه‌ بیروبۆچوونەکان جیاواز بن، لە هەرێمی کوردستان له‌و باوه‌ڕه‌داین كه‌ تا ئێستاش عێراق بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، پێویستی بەوە هەیە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان یارمەتیی عێراق بدەن. ڕه‌نگه‌ خەڵکی دیكه‌ بۆچوونێکی جیاوازیان هەبی، ئەوەی دەمەوێ بڵێم ئەوەیە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر بنه‌مای ئەو ڕێکكەوتنه‌ی لەگەڵ بەغدا کراوە لە عێراقن. بۆ زانیاریتان لە هەموو ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئەمریکا هەن، هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هەیە، تەنها ئەوە نییە هەرێمی کورستان لەوێ بێت، نوینەری بەغدا لەو لیژنه‌يەدا هەیە، نوێنەری هەرێم هەیە، نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانانیش هەیە، کەواتە هەرچی هەیە پێکەوە دەکرێت و ئه‌ركه‌كه‌شیان ئاشكرایه‌ كه‌ یارمەتیدانی عێراقە لە شەڕی داعشدا. ئەوەی کراوە، ئەم هێزانە زۆر بەداخەوە دەیانەوێ هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئەمنیيه‌كانی دەوڵەتی عێراق بخه‌نه‌ ژێر پرسیار و به‌ کەم ببینرێن، مەعقوول نییە ئەمڕۆ تاقمێک لە دەرەوەی حکوومەتی عێراق و لە دەرەوەی په‌يكه‌رى ئەمنی و سەربازيی عێراق هه‌بێت ئەو مافه‌ بە خۆی بدات ئه‌م كاره‌ لە هەرێمی کوردستان بکات. ئەو تەکنەلۆژیایه‌ی بەکاریش هاتووە، ئەو تەکنەلۆژيایه‌ نییە تەنها حزبێکی سیاسی هەیبێت، تەکنەلۆژیایەکە لایه‌نێك لە پشتييه‌وه‌يه‌تى، بەتایبەتی هێرشی ئه‌م دوايييه‌ درۆنێکی زۆر گەورە بووە. بەداخەوە پێمان وا نییە ئەم پێشهاته‌ خزمەتی عێراق و سه‌قامگیریی عێراق بکات.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك، به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییيه‌كان گه‌یشتنه‌ ئاشكراكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ستیان له‌ پشت بۆردومانی كۆتایی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و ئه‌وه‌ی پێشتریشه‌وه‌ هه‌یه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: له‌سه‌ر هه‌ردوو بۆردومانی پیشتر و ئەوەی ئێستايش بۆ سه‌ر هەولێر، پێشتر خەڵکێک هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر ده‌ستگیر كراون، هاوكارییه‌كی ئەمنیمان لەگەڵ بەغدا هه‌یه‌ بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەم هێرشه‌یان ئه‌نجام داوه‌. لەڕووی هه‌ماهه‌نگيشه‌وه‌، هه‌ماهه‌نگيى زۆر باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە لەسەر ئەم بابەتە و ڵێكۆڵینه‌وه‌ش تا ئێستا بەردەوامە. ناتوانم بڵێم چ لایه‌نێك ئەمەی کردووە، چونکە لێكۆڵینه‌وه‌ لە هەردوو هێرشه‌كه‌ تا ئەم ساته‌ش بەردەوامە.
 
پرسیار: پێش كه‌مێك باست له‌ قۆناغی نوێی سیاسی كرد، ئایا باوه‌ڕت به‌ لادانی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م پرۆسه‌ سیاسییه‌ی دوای 2003 هه‌یه‌ و نه‌وه‌یه‌كی نوێی گه‌نج بێنه‌ ناو وێنه‌كه‌ و توانیان هه‌بێت پرۆسه‌يه‌كى نوێی سیاسی دروست بكه‌ن و به‌ دیدێكی نوێوه‌ خزمه‌تی گه‌ل بكه‌ن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: تا ئێستا گه‌ر بڵێم شتێکی به‌رجه‌سته‌م له‌ به‌غدا بینیوه‌؟ نه‌مبینیوه‌! بەڵام ئەوەی گرنگه‌ گۆڕانکاریەکیش هەیە، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ بڵیی هەموو شتەکان هیچ نییە و هیچ ناكرێت، جۆره‌ گۆڕانکاریییه‌ك لە شێوەی بیركردنه‌وه‌ هه‌يه‌. ئێستا لە بەغدا دەبینم خەریکە نه‌وه‌یه‌كی سیاسیی عێراقی بیردەکاتەوە كه‌ تا کەی ئێمە بەردەوام بین، تا کەی دەبێ دۆخه‌كه‌ بەردەوام بێت؟ له‌گه‌ڵ ڕێزم ته‌نانه‌ت ئەوانەی پیشتریش خەباتیان کردووە، ماندوو بوون بەو مەسەلەیەوه‌، عێراقی نوێ هەموو پێكه‌وه‌ دامانمەزراندووە، ئێمەش بەشێک بووین لەو عێراقە، هیوادارین بە هاوکاریی نه‌وه‌ی کۆن و نه‌وه‌ی ئێستا بتوانین پێكه‌وه‌ لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و کێشەکانی عیراق چارەسەر بکەین.
 
پرسیار: به‌ڵام باوه‌ڕتان به‌و لادانه‌ هه‌یه‌ یان هێشتا كاتی نه‌هاتووه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: مرۆڤ ده‌بێت گه‌شبین بێت، جارێكی دیكه‌ ده‌ڵێم شتێکی به‌رجه‌سته‌م دیوە؟ نەمدیوە، بەڵام لە عێراقدا كاركردن ئاسان نییە، زۆر سه‌خته‌، تا شتێك به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت، مرۆڤ ده‌بێت زۆر زۆر هەوڵی بۆ بدات، هەموو هه‌وڵه‌كانمان به‌كار ده‌هێنین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو تێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌.
 
پرسیار: ئێوه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌ڕێز كازمی ده‌كه‌ن، ئامرازه‌كانی به‌رێز كازمی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو چییه؟‌
 
نێچيرڤان بارزانى: کێشەیەکی جەوهەری هەیە لە عێراق، ده‌زگاكانی حکوومەتی عیراق هه‌ن‌، سه‌رۆك وه‌زیران و وەزیر هەن، زۆر بەداخەوە لەپاڵ ئەمانە لە دەرەوەی حکوومەت و لە دەرەوەی ئەم په‌يكه‌ره‌ شتێکی دیكه‌شمان هەیە کە بە ڕاستی لەجیاتی ئەوەی هاوکار بێت بۆ ده‌زگاكانی حکوومەت، هەندێک جار ڕێگرن، هەموو جارێك پێیان دەڵێم مەعقوول نییە و ناکرێت لەناو حکوومەت حکوومەتێک هەیە و لە دەرەوەی حکوومەتیش شتێکی دیكه‌ هەبێت، دەبێ هەموویان یەک بن، گەرەوترین کێشە ئەوەیه‌ ئاخۆ بڕیار لە کوێیە؟ ئەرێ بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه؟ پرسیارەکە ئەوەیە بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه‌؟ بڕیار لای سه‌رۆك كۆماره‌؟
 
پرسیار: سه‌رچاوه‌ی بڕیار لای به‌رێز كازمییه‌ یان هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌یه‌‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە ئەگەر ئێستا ئەم پرسیارە لە جه‌نابی سەرۆک وەزیران کازمی و سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌رله‌ کازمیيش بکەیت، هەموو سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی عێراق ئەو موعاناته‌يان هەبووە، پێویسته‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، دەبی ئەمە ببێتە یەک دەست، ناکرێت تۆ لە ده‌سه‌ڵات بی و لە ده‌سه‌ڵات نەبی. سه‌یركه‌ ئه‌مانه‌ هەموویان چیان کردووە، لە ده‌سه‌ڵات بەشدارن، بەڵام بۆ نموونه‌ خەڵکی پله‌ دوو و سێی خۆیان وەک کادر ناردووه‌تە ناو حكوومه‌ت بۆچى؟ با بۆ خۆیان به‌رپرسیاريه‌تيیه‌كه‌ هه‌ڵگرن، بڕوام وایه‌ ئێستا دەبوا ئێمە ئەم هێزە سیاسیيانە باشتر وابوو كه‌سى یەکەمیان لەناو حکوومەت بن، بۆچى حکوومەت بەکەم دەبینن؟ با وەزیر بن، با به‌رپرسیاريه‌تی وەربگرن، ئێستا هەم به‌رپرسن و هەم به‌رپرس نین، ئەمە خراپترین حاڵەتە. لە لایەک به‌رپرسن و لە لایەک لەپێش چاوی خەڵک خۆیان به‌ به‌رپرس نازانن، هەمووشمان دەزانین بژارده‌كانى هەر سه‌رۆك وه‌زیرانێك لە عێراق سنوورداره‌، قسەکەم ئەوەیە پێداچوونەوە پێویسته‌ بۆ ئه‌م سیستەمە سیاسییەی عێراق، سیستەمەکە هەر لە جێی خۆی دەجوولێتەوە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كێشه‌كان‌ چاره‌سه‌ر نابن. بۆ چاره‌سه‌ر دەبێ هێزە سیاسیيه‌كانی عێراق دانیشن و بە جددی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بكه‌ن.
 
پرسیار: بۆ وا پیشانی جیهان ده‌درێت كه‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمی به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكانی هه‌ولێر نازی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ هاوبه‌شه‌كانى كازمی ئه‌مه‌ به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور ده‌بینن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە ئەوه‌ بۆ مەبەستی سیاسی دژی سه‌رۆك وه‌زیران بەکار دێت، ئه‌گينا هیچ بنەمایەکی بۆ نییە. بێگومان وه‌ك كه‌س ساڵەهای ساڵە به‌ڕێز كازمی دەناسین، یەکێک لەو کەسانە بووە لە سه‌رده‌مى ڕژێمی پیشوو وەک كه‌س ئەوکاتە لەگەڵ پێشمەرگە بووە، مه‌ينه‌تييه‌كانى ئەنفالی بەچاوی خۆی دیوە، لە کۆچڕەوەکە مه‌ينه‌تييه‌كانى خەڵکی کوردستانی دیوە، یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەسەر ئەنفال لە ئەڵمانیا گه‌واهی دا، چونکە ئەو پرۆسەیه‌ی هەمووی بە چاوی خۆی بینیبوو. وەک كه‌سێكی عیراقی لەگەڵ پیشمەرگە بەشدار بووە لە خەبات، هەرچی بەسەر کورددا هاتووە لەو ماوه‌یه‌دا سەرۆک وەزیران بینیویه‌تی. لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووش هه‌مان په‌یوه‌ندیی باشمان هەبووە، به‌ڕێز عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆک وەزیرانی پێشتر ساڵەهای ساڵ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان لەگەڵی هەبووە، ئەمە کە بەکار دەهێنرێت گوایه‌ ئه‌وان گرنگيى زياتر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، هیچ بنەمایەکی بۆ نییە. نەیارانی سیاسيی ئه‌و دەیانەوێ له‌ دژی ئه‌و سوود له‌م بابه‌ته‌ وه‌رگرن، جەنابی سەرۆک وەزیران ئەوپەڕی هاوکار بوو بۆ ئەوەی ناكۆكییه‌كان کەمتر ببێتەوە، بەڵام لە ئه‌نجامدا لەسەر یاسای بودجه‌، هەموو لایەک تێگەیشتن کە ئەم یاسای بودجه‌يه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رژه‌وه‌نديى هەموو لایەک ڕەچاو دەکات.
 
پرسیار: ده‌مه‌وێ زیاتر بچمه‌ بنج و بناوانی بۆردومانكردنی هه‌ولێر، به‌ڕێزتان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌رله‌ چه‌ند ڕۆژێك گوتتان داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراق ده‌كه‌ن، ئایا هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێگریكردن له‌ هه‌ر هێرشێكی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانكراو، داوای پشتگیری له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات؟
 
نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ك گوتم ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی نایبینین، ئه‌ركی ئەمه‌ریکییەکان لە عیراق ڕوونه‌ كه‌ یارمەتیدانی عێراقە له‌ شەڕی داعش، بەڵام كێشه‌كانی دیكه‌ ئێمه‌ وەک عێراقی دەبێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه‌ پێویسته‌ ئه‌و چه‌كه‌ لە چوارچێوەى ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بەکار بێت، ناکرێت هەرکەسێ بە ئاره‌زووی خۆی بڕیار بدات درۆن بنێرێتە هەولێر و ڕۆكێت بگرێته‌ بەلەد و شوێنەکانی دیكه‌ بۆردومان بكات. ده‌بێت چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه‌، من دڵنیام ئەگەر ئیرادەیەکی جددی هەبێت لە بەغدا، سه‌خت نییە ده‌ستنیشان بكرێت کامه‌ و کێ ئەم كارانه‌ی ئه‌نجام داوه‌، ڕوونه‌.
 
پرسیار: قبووڵی ناكه‌ن كه‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاییه‌كردنه‌وه‌ی حساباته‌كان؟
 
نێچيرڤان بارزانى: هیچ كاتێك ئه‌مه‌ لە تێگه‌یشتنی ئێمەدا نییە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، سیاسەتی هەرێمیش بەشێکە لە سیاسەتی عێراق، قووڵاييى ستراتيژيى هەرێمی کوردستانیش بەغدایە، هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌نها هیچ بڕیارێک لەگەڵ هیچ وڵاتێکی بیانی نادات، تەنها لە چوار چێوەی عیراق دەيدات، هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ری له‌ گفتوگۆى ستراتیژيی نێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە.
 
پرسیار: چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌ ئێستا هه‌واڵێك بڵاو بوویه‌وه‌ گوایه‌ چه‌ند ڕۆكێتێك به‌مه‌به‌ستی بۆردومانكردنی چه‌ند پێگه‌یه‌كی مۆسادی ئیسرائیلی له‌ هه‌رێمی كوردستان هاویژراون، ئایا هیچ پێگه‌یه‌كی مۆسادی ئیسرائیلی له‌ كوردستان هه‌ن؟ هه‌روه‌ها بیروبۆچوونی ئێوه‌ له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی چییه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: جارێ هه‌واڵه‌كه‌ هیچ بنه‌مايه‌كى نییە، نە هیچ پێگه‌ی ئیسرائیلی لە کوردستان هەیە و نە بووە، ڕاستیش نییە، ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مايه‌كى نییە، هەندێک ماڵپه‌ڕ لە بەغدا و هەندێک ئاژانسى هه‌واڵ وەک هه‌واڵێك ئه‌مه‌یان بەکاررهێنا و لە میدیای هه‌ندێک وڵاتی دیكه‌ زۆر گەورە کرا کە گوایه‌ ئیسرائیل یان بنكه‌ی ئیسرائیليیان بۆردومان كردووه‌. بۆ زانیاريتان هیچ کەسێک لە دەرەوە هه‌ر ئاوا نایه‌ته‌ ناو عێراقه‌وه‌، ئێمە سیستەمێکمان هەیە کە هەموو ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، پێی دەڵێن “بایسس”. ئەمە سیستەمێکە ئەمریکییەکان كاتی خۆی بۆ عێراقیان دامەزراندووە، هەر کەسێک لە هەر شوێنێک، لە هەر خاڵێكه‌وه‌ بێته‌ هەرێمی کوردستان، بەغدا دەزانێت، بۆ زانیاریشتان به‌غدا نوێنه‌ری خۆی له‌ هه‌موو خاڵه‌ سنوورییه‌كان هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ خەڵک باوه‌ڕ نه‌كات و پێیان وابێ نییه‌. لە هەموو خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هەرێمی کوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان هه‌واڵگیریی عێراقی هه‌یه‌ و دەزانن کێ دێ و کێ دەڕوا، ئەم شتانە زۆر بێ بنەمان. خاڵێكی دیكه‌ کە باستان کرد، به ‌ڕای ئێمه‌ پێویست نییه‌ عێراق دوژمنایه‌تيی هیچ كه‌س و وڵاتێک بکات، عێراق ئەوەندە كێشه‌ی هه‌یه‌ جارێ ده‌بێت دانیشێت كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. له‌ عێراق هه‌ر باسی سیاسەت دەکەن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك نه‌كه‌ن، ئێستا ژیانی هەموو عێراقییەک ته‌نیا بۆتە سیاسەت، بۆچى؟ دەیانەوێ شتەکانی ديكه‌ بشارنەوە، دەیانەێ بۆ نموونه‌ لەجیاتی ئەوەی فۆكه‌س لەسەر خزمه‌تگوزارییه‌كان بکەن، فۆكه‌س لەسەر ئەوە بکەن ئاخۆ عێراق چۆن پیشدەکەوەێ، فۆكه‌س لەسەر ئەوە بکەن كه‌ مەعقوول نییە هه‌تا هه‌تا وڵاتێکی هاوردەکەربین، لەجیاتی ئەوە هەموو شتەکە ئیستا بۆتە سیاسی، هەمووان بەس ته‌نيا سیاسەت دەکەن.
 
پرسیار: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ چوارچێوه‌ی قسه‌كانتدا وا ده‌ركه‌وت كه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و ناده‌وڵه‌تدا قورسه‌، دواتر قسه‌كانت به‌ بابه‌تی دیالۆگ و چاره‌سه‌ریی ناوخۆییه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، دیدی ڕاسته‌قينه‌ى كاك نێچیرڤان و هه‌ولێر ده‌رباره‌ی دیالۆگ و دانیشتنی هه‌مووان له‌سه‌ر مێزی دانوستان چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له‌ناوخۆ بێت؟ ئه‌و دیالۆگه‌ گرووپی كاتیۆشه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: لاریمان نییە هەرکەس بەشدار بێت، لە ئه‌نجامدا دەمانەوێ دانیشتن هەبێت بۆ ئەوەی بگەینە تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ئەمجارە کە لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیرانم بينى، گوتی هه‌ندێك بیرۆكه‌م هەیە، باسی له‌وه‌ كرد کە سەرەدانی هەولێر دەکات و ئەو ئه‌و بیرۆكانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، ئێمەش یارمەتیدەر دەبین بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیه‌ بە شێوەیەکی جددی دەستپێ بکات. ئەو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ لە هەر شوێنێک بێت، ئێمە ئامادەین، لەگەڵ هەر کەسێکیش بیت ئێمە ئاماده‌ين، چونکە لە ئه‌نجامدا ‌ڕای ئێمه‌ ئەوەیە کە پێویستیمان بە سه‌قامگیری هەیە، سه‌قامگیریی سیاسی له‌ عێراق پێش هەموو شتێک، ئامادەین بۆ ئەو گفتوگۆیه‌.
 
به‌شى پێنجه‌م..
 
پرسیار: هاوپه‌یمانیی كوردى ـ شیعی، ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ مێژووییيه‌ و دامه‌زرێنه‌رانی پرۆسه‌ى سیاسی بنیاتیانناوه‌‌، ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی دووه‌من كه‌ مه‌به‌ستم جه‌نابتانه،‌ به‌ پێویستی ده‌زانن‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ به‌رده‌وام بێت و له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی باوك و باپیران بڕوات، یان دیدێكی جیاواز هه‌یه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ پێویستی به‌ قۆناغێكی سیاسی و تێگه‌یشتنێكی سیاسیی نوێ هه‌یه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێش ڕووخانی ڕژێمی پیشوو، پێویست بوو لێكگه‌یشتنێك له‌سه‌ر چۆنیه‌تيی دیدی ئاینده‌ بۆ عێراق بكرێت، ئه‌و كات هاوپه‌یمانییه‌ك لەنێوان چوار حزبی بنه‌ڕه‌تيدا دروست بوو کە لە یەکێتیی نیشتیمانيی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌نجومه‌نى باڵا (مه‌جلسى ئه‌علا) و حزبی دەعوە پێكهاتبوو، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌و كاته‌دا توانیان پێکەوە بۆ نوسینەوەی دەستوور کار بکەن، ئه‌و كاته‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور كرا و هاوپه‌یمانییه‌ك و لێكگه‌یشتنێك هەبوو. بێگومان ئێستا ئه‌و شته‌ گۆڕاوه،‌ ئەو سه‌رده‌مه‌ى هەژدە ساڵ بەرلە ئیستا نيیە، شتەکان ئێستا گۆڕانکاريی زۆری بەسەردا هاتووە. لەو کاتەدا من یەکێک لەو کەسانە بووم كه‌ زۆر هانی برایانی سوننەم دەدا لە پرۆسەی سیاسيدا بەشدار بن، بەشدارییان نەدەکرد. لە بیرمە گفتوگۆیه‌كی زۆرمان لەگەڵ به‌ڕێز تارق هاشمی هه‌بوو و داومان لێدەکرد کە دەبێت ئه‌وانیش بەشدار بن، زۆر بەداخەوه‌ سه‌ره‌تا بایکۆتی پرۆسه‌ى سیاسییان کرد، بەڵام ئەمڕۆ شتەکان هەمووی گۆڕاوە، ئەمڕۆ شتێک بەو مانايه‌ و بەو ناوە کە هاوپه‌يمانييه‌ك له‌نێوان کورد و شیعەدا هه‌يه‌، ئەو شتە نەماوە و ئێستا ئەوە نییە.
 
پرسیار: ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نییه‌ یان كۆتایی پێهاتووه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە بۆ ئەو ماوه‌یه‌ی هەمانبوو، بۆ ئەو ماوه‌یه‌ پێکەوە ئیشمان کرد، بەڵام ئێستا دوای هەموو ئەو ڕووداوانه‌، پێویستیمان بەوەیە سوننه‌ و شیعە و کورد و پێکهاتەکانی دیكه‌ هەموومان دانیشین دیدێكی دیكه‌ بۆ ئاينده‌ى عێراق پێناسه‌ بكه‌ین، هەم لەگەڵ برایانمان لە سوننەکان، هەم برايانمان له‌ شیعە و هەم کورديش، هەموو لایەکمان دەبێ پێكه‌وه‌ دیدێكی هاوبه‌شمان هەبێ كه‌ چۆن بتوانین ئاینده‌ی عێراق پێناسه‌ بکەین به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و خێری هەموو پێکهاتەکاندا بێت.
 
پرسیار: به‌بێ بوونی هاوپه‌یمانی، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موومان له‌و وڵاته‌ هاوبه‌شين و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك نییه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: بنه‌ماكانی هاوسه‌نگى و سازان و هاوبه‌شى، سێ بنه‌مای گرنگن بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە سوننەوە و شیعەوە و کورد و بە هەموو پێکهاتەکانی ديكه‌وه،‌ لەم وڵاتەدا ئەم سێ بنه‌مایه‌ گرنگن. دەبێت دانیشین و لەسەر بنه‌ماى ئەم سێ پره‌نسيپه‌ بڵێین بيرۆكه‌ و دیدی داهاتوومان بۆ عێراق ئەمەیە.
 
پرسیار: ئه‌م دیده‌ نوێیه‌ له‌سه‌ر ئاستی گوتاره‌كان له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی خێر، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع له‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چواڕیانه‌كانی نێوان كوتله‌ و حزبه‌كان له‌ به‌غدا و هه‌ولێر پێچه‌وانه‌ بێت، هه‌ریه‌كه‌یان گوتارێكی جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزی بیانی و ڕووداوی فڕۆكه‌خانه‌ و كوشتنی موهه‌ندیس و سوله‌یمانی. وه‌ك خۆت ده‌یزانی بڕیارێكی په‌رله‌مان هه‌بوو بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی بیانی، به‌ڵام هه‌ولێر خۆی له‌و بڕیاره‌ دوورخسته‌وه‌ ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ بنكه‌كانی توركی و ئه‌مه‌ریكی به‌مه‌به‌ستی ڕاهێنان و ڕاوێژكاری له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ئه‌م چواڕیانانه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت له‌كاتێكدا ئێمه‌ باس له‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو ده‌كه‌ین؟
 
نێچيرڤان بارزانى: به ‌ڕای من ئەوەی لە پەرلەمانی عیراق ڕوویدا حاڵەتێکی زیاتر سۆزدارى بوو هەتا واقعبینی، دوور بوو لە سیاسیەتێکی واقعبین کە تۆ شتەکان وەک خۆی ببینی. بۆچوونی ئێمە بۆچوونێکێ واقعبینانەیە لەسەر هێزەکانی ئەمریکا. ئەمریکا هیزێکە هاتووتە ئەم وڵاتە بۆ یارمەتیدان و ئەم وڵاتەش جێده‌هێڵێت و ڕۆژێک هەر دەبێ به‌جێى بهێڵێت لە ئاینده‌دا، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا عێراق گەیشتۆتە ئەو قۆناغه‌ى پێویستی بە هێزە بیانييه‌كان نەبێت بۆ یارمەتی؟ پرسیارەکە ئەوەیە. هیچ شتێکی تایبەتیمان لەگەڵ ئەمریکا نییە، هیچ ئەجێندایەکی شاراوەشمان لەگەڵیان نییە، کە دەنگمان بەو مەسەلەیە نەدا، تەنها لەبەر یەک هۆكار بوو، بۆچوونمان ئەوەیە کە عیراق پێویستی بە یارمەتیی هاوپەیمانان و ئەمریکا هەیە. لە ئه‌نجامی ئەو بۆشايييه‌ى لە پارێزگای سەلاحەدین دەستپێ دەکات تا دیالا تا دێتە کەرکووک و لە کەرکووکیشەوە تا دەچێتە مووسل، بۆشاییه‌كی زۆر گەورە هەیە کە لە ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگیی نێوان پیشمەرگە و هێزە عیراقییه‌كان و سوپای عیراقی دروست بووه‌، ئیستا داعش لەو کۆریدۆرە، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو ڕۆژ، هەر دوو سێ ڕۆژ جارێک چالاكی هەیە، شتێک نییە به‌و ناوه‌ی كه‌ داعش نەمابێت، ئەگەر داعش نەما و هەموومان گەیشتینە ئەو باوه‌ڕه‌ کە پێویستیمان بە هێزە بیانييه‌كان نییە، بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات ئەوەی کە له‌ بەغدا دەدرێت، یەکلایەنە داوا لە هێزەکانی ئەمریکا ناکات لە هەولێر بمێننەوە، شتی وا ناکات، لە چوارچێوەی بڕیاری عێراق هەرێمێ کوردستانیش پەیڕەوی ئەو بڕایارە دەکات.
 
پرسیار: له‌گه‌ڵ بڕیاری عێراقدان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی جه‌نابتان بێت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: بێگومان لە ئه‌نجامدا پابەندی بڕیاری عیراقین وەک وڵات هەر بریارێک بدرێ.
 
پرسیار: جه‌نابی سه‌رۆك پێشتر باسی پاشه‌ڕۆژی پرۆسه‌ى سیاسی و هاوپه‌یمانییه‌كان و شتی وات كرد، ناوی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی زیاتر له‌ جارێك ده‌هێنرێت له‌ پرۆسه‌ى سیاسی و زیاتر له‌ جارێك ناوتان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق هاتووه‌، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ پرۆسه‌ى سیاسیی داهاتوودا ده‌بینین وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق یان نا؟
 
نێچيرڤان بارزانى: بۆچى نا؟ منیش عێراقیم و دەستووری عێراق و یاسای عێراقیش مۆڵه‌ت دەدات، به‌ڵام لەم قۆناغه‌دا بە ڕاستی بیرم لێنەکردۆتەوە، بەڵام بۆچى نا؟
 
پرسیار: ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق به‌ڕێز نووری مالكی يان به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی بێت لاریتان ده‌بێت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: جارێ کیشەمان لەگەڵ هیچ كه‌سێك نییە، به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی هەیە کە خزمەتی هەموو عیراق بکات، ئینجا ئەو سەرۆک وەزیرانە وەک كه‌س هەر کەسێک بێت، بێگومان ئاماده‌ين كاری لەگەڵ بکەین.
 
پرسیار: پێشبینی ده‌كه‌ن به‌ڕێز مسته‌فا كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بمێنێته‌وه‌ یان نا؟
 
نێچيرڤان بارزانى: پێموایە ئه‌نجامی هەڵبژاردن ئەو بڕیارە دەدات، هێشتا ماوە بۆ ئەو بڕیارەی ئایا به‌ڕێز كازمى‌ دەمێنێته‌وه‌ یان نا؟ بەڵام بێگومان هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان ئەو بڕیارە یەکلايى دەکاتەوە.
 
پرسیار: چاودێران له‌وباوه‌ڕه‌دان كاك نێچیرڤان بارزانی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوو به‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی فيدراڵى، ئایا له‌و ئه‌ركه‌یدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: تەحەدیاتی عیراق گەورەن و کەم نین، ئەوەی ئێستا جه‌نابى سه‌رۆك كۆمار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق ده‌یكات، کارێکی زۆر باش ده‌كات‌، ئەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح پیێ كرابێت تا ئێستا کردوویەتی، بێگومان هەرکەسێکیش ببێتە سه‌رۆك كۆمار چاوەڕوانی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ ده‌كات، بەڵام هەموومان دەبێت پێكه‌وه‌ یارمەتیی سه‌رۆك كۆمار بدەین، یارمەتيی سه‌رۆك وه‌زیران بدەین بۆ ئەوەی بتوانن كاره‌كانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەن.
 
پرسیار: چاودێران وای ده‌بینن كه‌ هه‌وڵ بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ده‌يت، ناوی جه‌نابتان له‌ زۆرێك له‌ كۆڕه‌ سیاسییه‌كان هاتووه‌ و ئه‌و پێشنیازانه‌ی كه‌ پێشكه‌شتان كردووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ خوێندنه‌وه‌ی چاودێران پێشه‌كین بۆ ئه‌وه‌ی كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌بێته‌ سه‌رۆكی كۆماری داهاتووى عێراق؟
 
نێچيرڤان بارزانى: سه‌رۆك كۆماری عێراق شتێکی کەم نییە، شەرەفێکی گەورەیە، لە هەر پێگەیەک بتوانم خزمەتێک بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكه‌م، ئاماده‌م، بەڵام به‌ ڕاستى ئێستا و له‌م كاته‌دا بەرنامەیەکی وا لە ئارادا نیيە.
 
پرسیار: كاك نێچیرڤان بارزانی وا بینراوه‌ كه‌ پشتگیریی ئافره‌تان ده‌كات و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی هه‌بووه‌ له‌ كاتی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئه‌نجامی ئه‌م چالاكییانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع چییه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: به‌ بڕوای من بە شێوەیەکی گشتی لە عیراق زوڵمێکی گەورە لە ژنان دەکرێت، کاتی خۆی کە سه‌رۆك وه‌زیران بووم، کومەڵێک یاسای هەرێمی کوردستانم بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ژن گۆڕی، چونکە بە ناوی زۆر، لەژێر زۆر ناو و لەژێر زۆر پەردە زوڵمێکی گەورە لە ژن دەکرێت. بەپێی هەندێک یاسای عێراقی کوشتنی ژن تاوان نەبوو، دەیانگوت ئەمە لەسەر شەرەفە و نازانم چی و ئەو شتانە! ئەوە زوڵمێکی گەورەیە لە ژن دەکرێت، پێم وایە بە شێوەیەکی گشتی پێویستە یاساكانی عێراقی بگۆڕدرێت، چونکە زۆر دادپه‌روه‌ر نین. لەسەر ئەم بابەتە كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان بووم، کۆمەڵێک لەم یاسایانه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌نديى ژن گۆڕیوە، لەبیرمە بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانه‌ بە سوپاسەوە ماموستایانی ئایينی لە کوردستان لە سەرووی هەموشیانەوە یادی بەخیر مامۆستا مستەفا زەڵمی زۆر زۆر یارمەتی دام. سوپاسی هەموو مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان دەکەم کە پشتگیریی ئەو پرۆژەیان کرد، به‌ڵام ئەوە به‌س نییە، پێویستە ئێمە هۆشاری له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دروست بکەین، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە دە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، دەبینین لەو بواره‌دا کوردستان پیشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆریش ماوە بگەینە ئەو قۆناغه‌. به‌ڕێزت باسی ئەوە دەکەی دەڵێی خۆكوشتن لە کوردستان زیادی کردووە، جیاوازیەکەی لەگەڵ پێشتر یەک شتە، حکوومەتی هەرێم لە وەزارەتی ناوخۆ بەشێکی تایبەت هەیە کە پێی دەڵین بەشی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژى ئافرەت، زۆر چالاكن، ئەمانە لە هەر شوینێکی کوردستان کە ببینن شتێک ڕوودەدات، بە زووی لێى به‌ده‌نگ دێن، کە دەبینن ئه‌مڕۆ ژماره‌كان لە سەرەوەن، لەبەر ئەوەیە خەڵک وەک جاران ترسی نیە لەوەی ڕاپۆرت بدات، جاران ترسێکی زۆر هەبوو کەس نەیدەوێرا ئەو بڵێ كه‌ توندوتیژی بەرامبەری کراوە، ئێستا جیاوازیەکەی ئەوەیە لە کوردستاندا ئافرەتان هەست بە ئازاديی زیاتر دەکەن، بۆیه‌ دەبینی ژماره‌كان له ‌سه‌ره‌وه‌ن، چونکە ڕاپۆرتەکان زیاديان کردووە. بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئامانجه‌ی مەبەستمانە، ڕێگەیەکی زۆر دوورمان لەپێشە، بەڵام ئەو پابه‌ندييه‌ بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم هەیە، به‌ نموونه‌ چەند ڕۆژێك لەمەوبەر له‌ ڕووداوێكدا په‌رچه‌كردارێكی زۆر لەلایەن حکوومەت و به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانیشەوە پیشاندرا، کەواتە ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ پره‌نسيپێكه‌ لەسەری دەڕۆین.
 
پرسیار: له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌دا ده‌رباره‌ی ئافره‌تان، ده‌توانین له‌ هه‌رێمی كوردستان ئافره‌تێك له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، یان سه‌رۆكی هه‌رێمدا ببینین؟
 
نێچيرڤان بارزانى: زۆر ئاسایيیه‌، لە هەرێمی کوردستان ده‌توانين بڵيين ئەو قۆناغه‌مان جێهێشتووە. بۆ زانیاریتان ئێستا نیوەی كارمه‌ندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژنان پێکدێت، ئەو بابه‌ته‌ له‌ كوردستان هیچ جێگه‌ی پرسیار نییه‌، هه‌روه‌ها جێی پرسیار نییە کە ئایا ژن دەتوانێ بگاتە ئەو پله‌یه‌ یان نا؟ پێموایە ئەگەر ڕۆژێک ژنێک بگاتە پله‌ی سه‌رۆك وه‌زیران یان ببێتە سەرۆکی هەرێم، لێره‌ زۆر به‌ سروشتى و زۆر بە ئاسایی وه‌رده‌گیرێت.
 
پرسیار: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی، له‌نێوان ئێوه‌ و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: یه‌كێتیی نیشتیمانيی كوردستان هاوبەشی سەرەکیی ئێمەیە لەم حکوومەتەدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ وەک هەر حزبێکی دیكه‌ هه‌ندێك جار باشە و هه‌ندێک جار خراپە و هه‌ندێک جار ساردە و هه‌ندێك جار گەرمە، به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ش زۆر ئاسایییه‌ لە كه‌شی سیاسیی کوردستاندا، بەڵام په‌یوه‌ندیی ئەم دوو حزبە و ئەم دوولایەنە، نەگەیشتۆتە ئەوەی کێشەیەکی گەورە لەنێوانیان ڕووبدات، گفتوگۆ هەیە، ڕەخنەگرتن هەیە، گرژى هەیە، ئەمانە هەمووی هەیە، بەڵام لەو شوێنانەدا، لە قۆناغه‌كانی بڕیاردان له‌سه‌ر بابەتی چارەنووسساز بۆ هەرێمی کوردستان، دەبینن لێكگه‌یشتنێكی زۆر باش لەنێوان ئەم دوولایەنەدا هەیە.
 
پرسیار: باسی ڕاستيی ئه‌و داوایه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانم بۆ بكه‌. ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ناوه‌ندييه‌. ڕاستيی ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ باس له‌ هاندانی دروستبوونی هه‌رێمی سلێمانی ده‌كرێت؟
 
نێچيرڤان بارزانى: یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای هه‌رێمی سلێمانی نەکردووە، ئەوەی کە یەکێتی لە پرۆژەی خۆیاندا هەیانە، پرسی لامه‌ركه‌زیيه‌تی زیاتر بۆ پارێزگاكانه‌. بۆ زانیاریتان لە پرۆگرامی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان ئەو بەرنامەیه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ لامەرکەزيیەتی زیاتر بۆ پارێزگاكان لە هەرێمی کوردستان هه‌بێت، کەواتە مەبەست شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە، ئەو شتەیه‌ كه‌ ئێمه‌ زۆر پشتگیری دەکەین و به‌رنامه‌ی یەکێتیی نیشتیمانیش هەر ئەوەیە. به‌رنامه‌ی یەکێتیی نیشتیمانی کە دەیەوێ دەسەڵاتی زیاتر بۆ پارێزگاكان هەبیت، ئەو‌ پرۆژەیە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەرنامەی به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەوانەیه‌ كه‌ لە حکوومەت بەشدارن، لەسەر ئەم بەرنامەیە پێکهاتوون وتا ئێستا پیشکەوتنیش له‌مباره‌یه‌وه‌ هەیە، ڕه‌نگه‌ ماوەیەک بخایەنێت، بەڵام وەکو پره‌نسيپ هەموومان قبووڵمانە.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك، سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونى هه‌موو كوردێكه‌، كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دروست ده‌بێت؟ ئایا كاتێكی دیاریكراو بۆ به‌ده‌سته‌وه‌هێنانی هه‌یه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: واقعێک هەیە، کورد ملله‌تێكن لە ناوچەکەدا و لەڕووی زمان و فەرهەنگ و کولتوورەوە جیاوازن، لە هەموو شتێک جیاوازن، ته‌نانه‌ت لەڕووی مۆسیقاشه‌وە جیاوازی زۆره‌، وەک به‌ڕێزت ئاماژه‌ت بۆ كرد ئەوە خەونی هەر کوردێکە، خەونی هەر کوردێکە کە ئەوە ببینێت. ئه‌و واقعه‌ی ئێستا تێیدا دەژین جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە هەمانە، مادەم جیاوازە بە بڕوای من دەبێت هەنگاوەکانمان بەپێی دۆخى ئێستا بێت كه‌ تێیداین‌، سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چاره‌سه‌ری کێشەکانمانه‌ له‌ چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ بەغدا و بەغدا قووڵاييى ستراتیژیی ئێمەیە بۆ هەر بژارده‌يه‌كى دیكه‌ بچین، ئەوە هەر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.
 
پرسیار: ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی قووڵ و قسه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كاتێك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت به‌غدا قووڵاييى ستراتیژیمانه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر كران و هه‌موو ناكۆكییه‌كان نه‌مان، ئه‌و كاته‌ ده‌توانین بڵێین كاتی سه‌ربه‌خۆیی هات؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئەگەر سەیری بزووتنه‌وه‌ی کوردی بکەین، بۆچى کورد پەنای بردووه‌تە بەر چەک؟ چونکە داوای مافه‌كانی خۆی کردووە و پێی نەدراوە، داوای شتێکی زیاتری نەکردووە، سەیری هەموو مێژووی کورد بکە هەر لە کۆنەوە، باسی شۆڕشی ئەیلوول دەکەم، ناكۆكییه‌كان هەمیشە لەگەڵ مللەتان نەبووە، ناكۆكییه‌كان به‌ مانای ناكۆكی له‌نێوان کورد و عەرەبدا نەبووە، ناكۆكییه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران بوون، داوای مافی خۆمانمان کردووە و مافمان نەدراوە. ئەگەر کورد هه‌ست بكات هاووڵاتيی پله‌ یه‌كه‌ و مافه‌كانی لەم وڵاتەدا پارێزراوه‌ و هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى هەیە، بە دڵنیاییەوە بە ئارامى دەژیێت و پێویست بەوە ناکات بچیتە چیا و چه‌ك هەڵگرێت و ده‌یه‌وێت لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا مافه‌كانی خۆی ببینێت.
 
به‌شى شه‌شه‌م و كۆتايى..
 
پرسیار: بینه‌رانمان هه‌موویان هیوا ده‌خوازن ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی لێره‌ باس كران جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵام كاتێك باسی هه‌ڕه‌شه و ته‌حه‌ددییه‌ گه‌وره‌كان ده‌كه‌ین ته‌نیا كاتیۆشا نییه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مڕۆ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراق بێت وه‌ك بۆردومانی دووباره‌ی ئێران و توركیا كه‌ ئه‌مه‌ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراقه‌ و به‌زاندنی مافی هاووڵاتیانی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌. بۆچی تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێك نییه‌، مێزی دانوستان بۆچی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆنه‌كردۆته‌وه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ گونده‌كان؟
 
نێچيرڤان بارزانى: بێگومان ئه‌مه‌ شتیکە هەیە، به‌ڵام پێش ئەوەی باسی ئەم بابه‌ته‌ بکەین، هۆكاره‌كان چییە؟ وڵاتانی دراوسێ مافی خۆیانە داوا لە عێراق بکەن و بە شێوەیەکی گشتی داوا لە هه‌ریمیش بكه‌ن کە نابێ و مەعقوول نییە خاکی عێراق بەکار بێت بۆ ئەوەی كێشه‌ بۆ دراوسێکان دروست ببێت بەتایبەتی لەڕووی ئەمنییەوە. ئێران و تورکیا وەک دراوسێی ئێمه‌ مافی خۆیانە ئەم داوایە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بکەن بە شێوەیەکی گشتی. بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە، هەرێمی کوردستان وەک پەناگه‌یه‌كی ئارام دەبینن لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، بۆ ئەوەی كێشه‌ بۆ دراوسێکانی ئێمە دروست ببێت چ ئێران چ تورکیا، ئەم پره‌سيپه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئەمەیه‌ دەبێتە هۆكاری ئەوەی بۆردومان دەکرێت، ده‌ستێوه‌ردان دەکرێت، کەواتە یەکەم شت دەبێ ئەو كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ببێت، ناکرێت هەرێمی کوردستان و عێراق ببنە پەناگه‌ یان شوێنێک وەک ناوچه‌یه‌كی ئارام سەیر بکرێت بۆ ئەوەی كێشه‌ بۆ دراوسێکانمان دروست ببێت.
 
پرسیار: له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دیدی پارتی ديموكراتى كوردستان بێت كه‌ سنوورێك بۆ نموونه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا دابنرێت، به‌ڵام ئایا دیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وه‌ك دیدی ئێوه‌یه‌ له‌باره‌ی بوونی په‌كه‌كه‌ لسه‌ر خاكی عێراق؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئەم بابه‌ته‌ پەیوەندی بە پارتی و یەکێتییه‌وه‌ نییە، به‌ڵكو پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، بەغداش بەشێکە لەو بابه‌ته‌، ئه‌م بابه‌ته‌ بەبێ بەغدا چارەسەر ناکرێت، ئەوەی گرنگه‌ لێرەدا بۆچوونی بەغدایە، پێویسته‌ بەغدا و هەرێمێ کوردستان دیدێكی هاوبه‌شیان لەسەر پرسی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هه‌بێت، ئەمانە دەبێ ڕێز له‌ خاکی کوردستانی عێراق و عێراق بگرن و ناکرێ عیراق و هەرێمی کوردستان ببنە پەناگایه‌ک بۆ كێشه‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تا ئێستا ئەو بۆچوون و سیاسەتە لە بەغدا نابینین.
 
پرسیار: با باسی دۆسیه‌ی ئابووريی ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، مه‌رجتان داناوه‌ كه‌ نابێت نه‌وت ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت به‌بێ بوونی نوێنه‌رێكی كورد به‌پێی ده‌ستوور؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئێمە ئەوه‌مان وه‌ك مه‌رج دانه‌ناوه‌، به‌ڵام سۆمۆ دامه‌زراوه‌يه‌كى عێراقییە، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بڵێت دەمەوێ نوێنه‌رێكم هەبێت لەو لیژنه‌يەی سۆمۆدا بۆ مەسەلەی فرۆشنی نەوت، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی بە ڕاستی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستوورییدا ئه‌نجامی داوه‌، شتێک لە ده‌ره‌وه‌ی دەستوور نەبووە، هەرچی لە هەریمی کوردستان كردوومانه‌ بەپێی دەستوور ئه‌نجاممان داوه‌ و پرۆسەکەش پرۆسەیەکی زۆر زۆر شەفافە، دەمانەوێ ئێمەش بەشدار بین، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق مافی خۆیەتی بەشدار بێت و نوێنەری له‌ سۆمۆ هەبێت.
 
پرسیار: سه‌باره‌ت به‌ كارمه‌ندانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئایا چاره‌سه‌رێكتان بۆ مووچه‌كانی كارمه‌ندان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا كارمه‌ندان داوای مووچه‌ی چه‌ند مانگ ده‌كه‌ن؟
 
نێچيرڤان بارزانى: زۆر بەداخەوە بابەتی مووچه‌ی كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان زۆر بە سیاسی کرا کە نەدەبوو به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ئەم بابه‌ته‌ ببێتە بابه‌تێكی سیاسی. كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان بەپێی یاسا و دەستوور بەشێکن لە كارمه‌ندانی هه‌موو عێراق، بەپێی یاسا بەغدا و حکوومەتی فيدراڵ ئەو ئەرکەی لەسەر شانە کە مووچه‌ی كارمه‌ندانی بدات، ئەم بابه‌ته‌ زۆر بوو بە بابه‌تێكی سیاسی. ئه‌و مشتومڕەی کە لەسەر بودجه‌ لەناو پەرلەماندا کرا، تا ئێستا هیچ شتێکیان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووه‌، نە مانگی یەک، نە مانگی دوو، نە مانگی سێ و نە مانگی چواریش ئەوا ئێمە تێیداین هیچ مووچه‌یه‌ك لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نه‌هاتووه‌. ئەو مووچه‌ی كه‌ دراوه‌ بەپێی ئەو ئیمکانیاتە بووە کە لەناو هەرێمی کوردستاندا هەبووە.
 
پرسیار: ده‌رباره‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، پێش ماوه‌يه‌ك ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال كرا، ئایا هاریكاریی ئێوه‌ و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌رده‌وامه‌ ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ڕێککەوتنی شه‌نگال كه‌ له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدادا كرا، ڕێکكەوتنێکی زۆر باشبوو، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقع ئێمە نابینین ئەم ڕێکكەوتنە جێبەجێ دەکرێت، هیچ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکكەوتنە نییە. هیوامان ده‌خواست‌ جێبه‌جێكردنی ڕێکكەوتنی شه‌نگال ببێتە سەرەتایەک بۆ چاره‌سه‌ركردنی هەموو كێشه‌كانی دیكه‌، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا ئەو ڕێکكەوتنەی کە کراویشە، لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ نەکراوە.
 
پرسیار: كێ ڕێگری له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شه‌نگال ده‌كات؟
 
نێچيرڤان بارزانى: من پێم باشە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پرسیار لە بەغدا بکرێت، چونکە به‌ ڕاستى ئێمە وەک خۆمان، وەک هەرێمی کوردستان ئەو پابه‌ندييه‌ى لەسەرمانه‌، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جێبەجێمان کردووە، بەڵام ئه‌مه‌ زیاتر بۆ بەغدا دەگەرێتەوە، پێم وایە لە به‌ڕێز سەرۆک وەزیران بپرسن، لە بەڕێز وەزیری ناوخۆ، لە بەڕێز قاسم ئە‌لئه‌عرەجی بپرسن لەوانەیە ئه‌وان زیاتر زانیارییان هەبێت.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك له‌ ڕێگه‌ی زانیارییه‌كانی ئێوه‌وه‌، ئێوه‌ هه‌موو زانیارییه‌كتان هه‌یه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: ئەو زانیارییه‌ی کە من هەمە، تا ئێستا ئەو ڕێکكەوتنە جێبەجێ نەکراوە.
 
پرسیار: به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌ستمان پێكرد، با به‌ به‌ڕێز ئیدریس بارزانی كۆتایی پێ بهێنین كه‌ به‌ ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایيی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ناسرا. ئایا به‌ڕێز نێچیرڤان له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی باوكی ده‌ڕوات و به‌ ئاراسته‌ی ئاشته‌وایى‌ كار ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌وره‌وه‌؟
 
نێچيرڤان بارزانى: لەو پێگەیه‌ی هەمە پەیڕەوی سیاسەتێک دەکەم یەکەم شت سیاسەتی حزبه‌كه‌مه‌ وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەیەوێ په‌یوه‌ندیی خۆی لەگەڵ هەموو حیزبه‌كان باش بێت. وەک سه‌رۆكی هه‌رێم و ئەو پێگەیه‌ی هەمە، بێگومان ئه‌ركمه‌، منیش كارمه‌ندی ئەو حکوومەتەم لەوە زیاتر نییە. دەمەوێ سەرۆکایەتیی هەرێم چەترێک بێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو حزبانە، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئێمە لەوەدا سەرکەوتووین، به‌ڵام بە گشتی بابه‌ته‌كه‌ كه‌سى من نییە، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەمانەوێت فاکتەرێک بین بۆ سەقامگیری لە ناوچه‌كه‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ حزبه‌ كوردییه‌كان و لەگەڵ حزبه‌ عێراقییه‌كانیش، ئەمە سیاسەتێکە په‌يڕه‌وى دەکەین نەک وەک كه‌س، به‌ڵكو وەک دامه‌زراوه‌.
 
پرسیار: جه‌نابى سه‌رۆك پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م زنجیره‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابتان كۆتایی پێ بهێنین، هیوادارین په‌يامێك بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌كی عێراق پێشكه‌ش بكه‌ی هه‌ر له‌ به‌سراوه‌ تا به‌غدای پایته‌خت و هه‌رێمی كوردستان؟
ف
نێچيرڤان بارزانى: پەیامی من بۆ هەموو گەلی عێراق ئەوەیە، هەروەک پێشتر گوتم، پەیامی من پەیامی برایەتییە، پەیامی پێکەوەژیانە، پەیامی یەکترقبووڵکردنە، پەیامی ئەوەیە کە هەموومان پێكه‌وه‌ هەوڵ بدەین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئەم وڵاتە پێكه‌وه‌ کار بکەین، چونکە بە دڵنیاییيەوە دەمەوێ بە هەموو گەلێ عێراق بڵێم، هەر پیشکەوتنێک، هەر خۆشگوزەرانییەک بۆ هەر عێراقییەک لە هەر شوێنێکی ئەم وڵاتە بێت، ئێمە بە پیشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستانی دەزانین. ئەوەی بۆ بەسرەمان دەوێ، ئەوەی بۆ سلێمانی و زاخۆ و هەولێرمان دەوێ، هه‌مان شتمان بۆ ڕه‌مادی و مووسڵ و بەسرە و نەجەف و کەربەلامان دەوێ. ئەمە شتێکە حەز دەکەین هەموو خەڵکی عێراق باوەڕ بەوە بکات، هه‌روه‌ها باوه‌ڕ به‌وه‌ بكات کە پەیامی کوردستان بۆ ئەوان پەیامی برایەتی و پێکەوەبوون و یەکترقبووڵکردنەوە.
 
پرسیار: ئه‌م دیداره‌ ده‌رفه‌تێكی مێژوویيی گرنگه‌ جه‌نابى سه‌رۆك، سوپاستان ده‌كه‌م، زۆر سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و شیرۆڤانه‌ى بۆ ئێمه‌ كردت، هه‌روه‌ها زۆر سوپاس بۆ قبووڵكردنی ئه‌م داوه‌ته‌ و ئه‌م دیداره‌. جارێكی دیكه‌ زۆر سوپاست ده‌كه‌م.
 
نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس. منیش زۆر سوپاستان دەکەم کە ئەو ده‌رفه‌ته‌تان بەمن دا لە چوارچێوەی شاشەی ئەلشەرقییە بتوانم پەیامی خۆم بگەیه‌نم بە هەموو گەلی عێراق و زۆر سپاس بۆ هاتنتان.
 
زۆر سپاس