یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان: داخستنی مزگەوتەکان بەردەوام نابێت

23-04-2020
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن مزگەوتەکان یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، ئومێدێکی گەلێک گەورەیان هەیە بتوانن بەشێک لە مانگی رەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانیان لە مزگەوتەکان ئەنجامبدەن، ئاماژەی بەوەش کرد "رێکارەکان کاتین و داخستنی مزگەوتەکان بەردەوام نابێت".
 
د. عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند "هەموومان هیوادارین بتوانین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێک لە مانگی رەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانمان لە مزگەوتەکان بە ئەنجام بگەیێنین بە چەند رێکارێکی دیاریکراو، رێکارەکان کاتین، داخستنی مزگەوتەکان بەردەوام نابێت، ئومێدێکی گەلێک گەورەمان هەیە بتوانین بەشێک لە مانگی رەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانمان لە مزگەوتەکان ئەنجامبدەین".
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، خوازیاربوون کە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا دەرگای مزگەوتەکان بەڕووی مامۆستایانی ئایینی و موسڵماناندا بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو بارودۆخە تەندروستییە وایکرد کەوا درێژە بەو بڕیارە بدرێت.
 
دەقی قسەکانی د. عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان:
 
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوومان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزیری تەندروستی ئەنجامدا، بۆ شیکردنەوەی بڕیاری درێژەدان بە داخستنی دەرگای مزگەوتەکان و شوێنە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان.
 
هەموومان خوازیاربووین کە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا دەرگای مزگەوتەکان بە رووی مامۆستایانی ئایینی و موسڵماناندا بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو بارودۆخە تەندروستییە وایکرد کەوا درێژە بەو بڕیارە بدرێت.
 
بە دڵنیاییەوە مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان بە تایبەتیش مامۆستایانی ئایینی رۆڵ و پێگەیەکی دیار و لەبەرچاویان هەیە، بە تایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی و پەتای کۆرۆنا، کە ئەمڕۆش لە پەیامی رێزدار جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەمەش سەلماندنی ئەو واقیعەیە کە مامۆستایانی ئایینی رۆڵێکی کارایان هەیە و مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانیش پێگەیەکی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆیە بڕیاری راگرتنی مزگەوتەکان مەبەست لێی لێدان نییە لە شکۆی مزگەوت یان لە پێگەی مزگەوت کەمبکرێتەوە، بەڵکو مەترسیی ئەو نەخۆشییە هەر ماوە.
 
بۆیە هەموومان هیوادارین بتوانین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێک لە مانگی رەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانمان لە مزگەوتەکان بە ئەنجام بگەیێنین بە چەند رێکارێکی دیاریکراو، رێکارەکان کاتین، داخستنی مزگەوتەکان بەردەوام نابێت، ئومێدێکی گەلێک گەورەمان هەیە بتوانین بەشێک لە مانگی رەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانمان لە مزگەوتەکان ئەنجامبدەین.
 
بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارەی دراوە بۆ راگرتنی مزگەوتەکان پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، ئەگەر بارودۆخەکەمان وردە وردە بەرەو باشی بڕوات بە تەئکید هەموو موسڵمانان بە مزگەوتەکان شاد دەبنەوە.
 
ئێمە لە نیگەرانی و پەرۆشییەکانی مامۆستایانی ئایینی تێدەگەین، مافی خۆشیانە داوای کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ کاتێک دژایەتی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانی نەکردووە و ناشکات، بەڵکو مەسەلەکە لەپێناوی سەلامەتیی گشتییە، شانبەشانی وڵاتانی دیکەی دەوروبەرمان، ئەوەتا لە عێراق داخستنی دەرگای مزگەوتەکان تاوەکو 22ی 5 درێژکراوەتەوە، لە وڵاتێکی وەکو سعودیە و ئوردن تاوەکو دوای جەژن درێژکراوەتەوە، لە ئێرانیش بەهەمان شێوە. ئێمەش لەناو ناوچەیە دەژین، بەڵام سوپاس بۆ خودا و هەوڵ و هیمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە تا راددەیەک ئەو ڤایرۆسە کۆنترۆڵ بکرێت، لەگەڵ ئەوەش نکۆڵی لەوە ناکرێت مەترسییەکانی هێشتا هەر ماوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی تەقسیم لە تورکیا

زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون

دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.