ناسر رەزازی بۆ رووداو: داواملێنەکراوە بگەڕێمەوە و داواشبکرێت بە تووندی رەتیدەکەمەوە

رووداو-هەولێر

ناسر رەزازی، هونەرمەندی ناسراوی کورد روونکردنەوەیەک لەبارەی بڵاوبوونەوەی بەشێک لە گۆرانییەکی لە میدیای فەرمیی ئێران و هەروەها دەنگۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی گەڕانەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، ئاگاداری بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکە نەبووە و کاتێکیش دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان کورد خاوەن چارەنووسی خۆی بێت.
 
ناسر رەزازی لە روونکردنەوەیەکدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا وێنەیەکی کۆنی لەلایەن پەرلەمانتارێکی پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی تارانە هەرای لێکەوتووەتەوە.
 
رەزازی دەڵێت، وەکو هونەرمەندێک کە نیو سەدە خەباتی کردووە، رۆژانە خەڵکێکی زۆر داوای وێنەگرتنی لێدەکەن و بەشی زۆری ئەوانە ناناسێت کە وێنەی لەگەڵدا دەگرن. ئەو وێنەیەش لە سلێمانی گیراوە و ئەو کەسانەی نەناسیوە کە لە وێنەکەدا لەگەڵی وەستاون. 
 
ناسر رەزازی هەروەها دەڵێت، "لەکاتێکدا کە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد ڕۆژانە لە زیندانەکان لە ژێر زەبروزەنگدان و ئێعدام دەکرێن، کەناڵی یەکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی بەشێکی کەمی یەکێک لە گۆرانییەکانی، بەڵام خۆم ئاگام لە ھیچ شتێک نییە و نەبووە". 
 
لەبارەی ئەو قسەیەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبارەی هەوڵدانی بەرپرسانی ئێران بۆ چوونەوەی ئەو هونەرمەندە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت، رەزازی لە لێدوانێکدا بۆ رووداو دەڵێت، "40 ساڵە لە زێدی خۆم دوورم و بەدڵنیاییەوە وەک هەست بیری سنە دەکەم، بەڵام من کە خۆم و گۆرانییەکانم قاچاخن ئێستا چۆن دەگەڕێمەوە؟ کاتێک دەگەڕێمەوە رۆژهەڵاتی کوردستان کە کورد نەتەوەی پلە دوو نەبێ و کورد خاوەنی کەرامەت و ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی بێت و خۆی بڕیاردەری چارەنووسی خۆی بێت".
 
ئەو گۆرانیبێژە ناسراوەی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکاتەوە کەس داوای گەڕانەوەی لێکردبێت و دەڵێت: "بەهۆی قاچاخبوونم چەندین ساڵە میوانی یەکێتی و پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانم لە باشووری کوردستان، نە لێرە کەس فشاری بۆ هێناوم و بەوپەڕی ئازادی خۆمەوە دەژیم و نە لە ئێرانیشەوە کەس داوای گەڕانەوەی لێکردووم و ئەگەریش داوایەکی وام لێبکرێت بەهەموو هێزمەوە رەتیدەکەمەوە. لەکاتێکدا خەڵک لە سەختترین دۆخی ژیانیانن من چۆن دەگەڕێمەوە؟".
 
دەقی روونکردنەوەکەی هونەرمەند ناسر رەزازی
 
ئازیزان، هاوڕێیان، دۆستان و لایەنگرانی من، خەڵکی کۆڵنەدەری کوردستان!
 
ماوەیەکە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وێنەیەکی من و دوو کەسی دیکە، کە ھی پێنج - شەش ساڵی لەمەو پێشە و لە ڕەستۆرانی یاقووت یان ھوتێل ئەلبورزی سلێمانی ھەڵگیراوە و ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و ئێستا ئاغای جەلالیزادە لەسەر تۆڕی ئینتێرنێت دایناوە، هەرای ساز کردووە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کردووە. من وەکوو گۆرانیبێژێک ڕۆژانە لەگەڵ دەیان هەزار کەس لە کوردستان و لە هەموو جیهان وێنەم دەگیردرێ و بڵاو دەبێتەوە. کاتی وا هەیە زۆربەی زۆریان ناناسم و تەنیا لەبەر هەستی خۆشەویستی گۆرانیبێژێک کە زیاتر لە نیو سەدەیە خەبات دەکا، ئەو وێنەگەلە دەگیردرێ و هەستی خۆشەویستی خۆیان بەرانبەر بە ئێمە نیشان دەدەن. کاتێک لەسەر داوای ئەو دوو کەسە وێنەکە گیرا و ڕۆییشتن، ڕزگاری خۆشکەزام لەوێ بوو، لێم پرسی ڕزگار ئەم پیاوە کێ بوو، وتی خاڵۆ گیان ئەوە ئاغای جەلالیزادە بوو! بڕوام پێ بکەن ئەوە یەکەمجار بوو کە ئەو پیاوەم دەدیت. بنەماڵەی منیش پشتیوانییان لە هیچکەسێک نەکردووە بۆ هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا.
 
من شانازی دەکەم کە زیاتر لە چل ساڵە خەباتی سیاسیی – ھونەریم کردووە لە دژی کۆماری ئیسلامی و هەرگیز پشتم لە گەلەکەی خۆم نەکردووە و نایکەم.
 
لێرەدا حەز دەکەم نەک بۆ ئەو کەسانەی کە شتی ناشیرینیان نووسیوە و نابەرپرسانە داوەرییان کردووە، بەڵکوو ڕوو لە دۆستان و دڵسۆزان و لایەنگرانی خۆم بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەم.
 
لە کاتێکدا کە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد ڕۆژانە لە زیندانەکان لە ژێر زەبروزەنگدان و ئێعدام دەکرێن، کاناڵی یەکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی بەشێکی کەمی یەکێک لە گۆرانییەکانی من. وادیارە فیلمسازێک فیلمێکی درووست کردووە و گۆرانییەکی حەسەن زیرەک و گۆرانییەکی منی وەکوو مووزیکی مەتن لە سەر فیلمەکە داناوە و بڵاو کراوەتەوە و من ئاگام لە ھیچ شتێک نییە و نەبووە و تەنیا دۆستان ئاگاداریان کردم کە شتێکی وا ڕووی داوە.
 
ئێمە ڕۆژانە سەدان کەس لەبەر ئەو خۆشەویستییەی لەناو خەڵک و گەلەکەی خۆماندا ھەمانە، وێنەمان لەگەڵ دەگرن کە زۆربەیان ناناسین و نازانین کێن. دەیان ساڵ خەباتی سیاسیی ھونەریی ناسر ڕەزازی سەلماندوویەتی کە ئێمە کێین و ھیچ کاتێک پشت لە بەرەی ڕزگاریخوازی گەل و نەتەوەکەی خۆمان ناکەین و جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستندەخۆرەکانی لەبەر چاو ون ناکەین. هەموو حیزبەکانی کوردستان لەلای من جێگای ڕێزن و مانەوە لە ڕیزی خەباتی نەتەوەکەماندا و تێکۆشانی ماندوونەناسانە و کۆڵنەدەرانە شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمەیش و بۆ هەموو خەباتگێڕانی کوردستان. سروودەکان، شێعر و پەیڤەکان، بانگەوازەکان و دەربڕینە ئاشکراکانی ساڵانی ڕابردووی من شاهیدی زیندووی ئەو ڕاستییەن. ئەوانەش کە شەکری وا دەشکێنن گوایە خەریکن من بەرنەوە بۆ ئێران، خۆیان ناشیرین دەکەن. من کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کورد نەتەوەی پلە دوو نەبێت و کورد خاوەنی کەرامەت و ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی بێت و خۆی بڕیاردەری چارەنووسی خۆی بێت.