شەڕ لە سووریا فەڵەستینییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەشەی ئاوارەکردووە
رووداو- یۆنان
لەنێو ئەو کۆچبەرانەی روویان لە ئەوروپا کردووە و ئێستا لە کەمپی پیرەیا لە یۆنان نیشتەجێكراون، ئاوارەی فەڵەستینی نیشتەجێی سووریاش هەن کە بەهۆی شەڕەوە کۆچیانکردووە.
شیفا یەکێکە لەو ئافرەتە فەڵەستینیانەی وەک خۆی دەڵێ دوای ئاڵۆزییەکانی سووریا لە هاوسەرەکەی دابڕاوە و ئێستا لەگەڵ پێنج منداڵی لە کەمپی پیرەیا لە یۆنان دەژین.
شیفا دەڵێت "من فەڵەستینیم و لە سووریا هاتووم، تەمەنم 22 ساڵە و پێنج منداڵم هەیە و مێردەکەم پێش 10 مانگ دەربازی بووە و لە ئەڵمانیایە، تووشی ئاڵۆزییەکی زۆر بوومە و هەرجارێک کە دەچمە شوێنێک تووشی سەختی زیاتر دەبم و کەس هاوکاریم ناکات، ناچارم دەربچم و بگەمە لای مێردەکەم، دۆخمان زۆر سەختە و هاتین بۆ ئەوەی بمانخەنە ناو کەمپەوە، بەڵام خۆت دەبینی چۆن دانیشتووین و سەیری منداڵەکانم بکە کەس نییە هاوکاریمان بکات هیچ نەبێت هاوکاری منداڵەکانم بکەن".
کەمپی پیرەیا جارێکی دیکە ئازارەکان و ئاوارەیی گەلی فەڵەستینی وەبیر شیفا دەخاتەوە و دەڵێت لە چاوی منداڵەکانم ئازار و چاوەڕوانییەکانی منداڵی خۆم دەبینمەوە کە تووشی چارەنووسێکی نادیار بووین. لێرە لە نێو کۆچبەراندا چەندانی هاوشێوەی شیفا هەن کە لە هەمان بارودۆخدان دەخوازن رۆژێک بێت و بگەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
جگە لە کەمپی پیرەیا کە زیاتر لە 5 هەزار کۆچبەری تێدایە، چوار کەمپی دیکەی هاوشێوەی ئەو کەمپە لە یۆنان هەن، کە دوای رێککەوتنەکەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بڕیاری کۆکردنەوەی ئەو کەمپانە و جێگیرکردنیان لە کەمپێکی داخراو دەرکرا کە ئەوەش هێندەی دیکە چارەنووسی شیفا و کۆچبەرانی دیکەی بە نادیاری هێشتەوە.