پزیشکانی کوردستان: ئامبوڵانسی دەرەوەی پارێزگاکان هیچ مەرجێکی ستانداردیان تێدا نییە

23-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژ پێش ئێستا ئەمبوڵانسێک لە کاتی گواستنەوەی نەخۆشێک وەرگەڕا و هۆیەوە دکتۆر قەحتان گیانی لەدەستدا. راگەیێندراوێک کە گوایە پزیشکانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بکرێت و سزای ئەو کەسانەش بدرێت کەمتەرخەم بوون."
 
رۆژی 21-3-2025، ئامبوڵانسێک لەکاتی گواستنەوەی نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانەی بلێ لە سنووری پارێزگای هەولێر وەرگەڕا و بەهۆیەوە پزیشکێک بەناوی قەحتان جیهاد سوورچی، گیانی لەدەستدا کە نیشتەجێی خولاو بوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، راگەیێندراوێک بەناوی پزیشکانی کوردستان بڵاوبووەتەوە، دەڵێت، "جێگەی نیگەرانی و داخی زۆرە بۆ ئێمە، کە نە لایەنی پەیوەندیدار نە راگەیاندنەکان و میدیاکاران بەپێی پێویست بە ئەرکی خۆیان نەزانی کە بەدواداچوونێکی پوخت لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی سامانێکی گرنگی نیشتمانیی بکەن کە پزیشکێکی گەنجە، بگرە بەشێکیان بێدەنگیش بوون بەرامبەر ئەو کارەساتە کە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو تاکێکمانەوە هەیە".
 
لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی هاوکارەکەیان، دەڵێن، "قەدەرێکی خواییە و قسە لەسەر ئەوە نییە، بەڵام ئەگەر هۆکاری کەمتەرخەمی بێت ئەوەیان کارەساتە، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو کەمتەرخەمییە دەمێکە هەیە، زۆربەی هەرەزۆری ئەو ئوتومبێلانەی کە بۆ ئەمبوڵانس تەرخان کراون، مەرجی تەواوی ستانداردە جیهانییەکانی نییە، ئامبوڵانس لەم وڵاتە بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکان هەندێک لە مەرجەکانی پزیشکی، فریاکەوتنی خێرا و سەلامەتیی سەرنشینانی تێدا بەدی ناکرێت و تەنیا بووە بە هۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆش و بەشێکی بەرچاویان هەر لە بنەڕەتدا ئوتومبێلی ئامبوڵانس نین تەنیا بە رووکەش نەبێت." 
 
داواش لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری تەندروستی دەکەن، "بە زووترین کات لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی دکتۆر قەحتان و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی کۆتایی بۆ رای گشتی و سزادانی هەموو ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لەو کارەساتە و قەرەبووی مادی و مەعنەویی خێزانی خوالێخۆشبوو بکرێتەوە".
 
هەروەها داوا دەکەن، وەک وەفایەک و هاوسۆزیی و ئەرکەکانی، "یەکەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بەناوی ئەوەوە بکرێت و وەک کەمترین پاداشت بۆ خێزانەکەی و بە شەهید ناونووس بکرێت، مووچەی قەرەبووی مانگانەی شەهیدانە بۆ خێزانەکەی خەرج بکرێت."
 
ئەو راگەیێندراوە باس لەوە دەکات، "تازووە و کارەساتی زیاتر رووینەداوە و بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان، کارمەندان و تەنانەت نەخۆشیش، چاوخشاندنەوە بکرێت بە سیستەمی فریاکەوتنی خێرا لە ئوتومبێل و شۆفێر و کارمەندی ئامبوڵانس، بەجۆرێک هیچ شۆفێرێک یان کارمەندی فریاکەوتنی خێرا بێ بڕوانامەی باوەڕپێکراو و بڕوانامەی خولاوی وەرزیی فریاکەوتنی خێرا نابێت لە سیستەمی ئامبوڵانس هەبێت، لە پاڵ ئەوەدا گۆڕینی تەواوی ئامبوڵانس و دابینکردنی بە شێوازێکی ستانداردی جیهانیی بۆ هەموو نەخۆشخانەکان بێ جیاوازیی".
 
هەروەها پزیشکان داوا دەکەن "بە زووتریین کات بابەتی دامەزراندنی پزیشکانی گەنج بە فەرمانێکی تایبەت جێبەجێ بکرێت و با سیستەمی خولاوی پزیشکان لەوە زیاتر تووشی هەرەس نەبێت، مووچەی مانگانەی پزیشکانی گەنج (تاکە سەرچاوەی گوزەرانیانە)جیا بکرێتەوە و لەکاتی خۆیدا خەرج بکرێت."
 
لە دوای رووداوەکە، لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی رایگەیاند، دکتۆر قەحتان وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووە بۆ ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە نەخۆشخانەی قەزای مێرگەسۆر بووە و ئەندامی سەندیکا بووە.
 
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان دەڵێت: "پزیشکی خوالێخۆشبوو هەر لە دەستپێکی ژیانی پزیشکیدا وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو خاوەن بەهای بەرزی پزیشکی و دڵسۆزی و ئەمەکداری بووە بەرانبەر نەخۆش و هاوپیشەکان".
 
لە رووداوەکەدا جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو پزیشکە گەنجە، سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ستافی پزیشکی، شۆفێر و هاونیشتمانییەک بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە