وەزارەتی ئەوقاف: شەوی 27ـی رەمەزان لە مزگەوتەکان نانی پاشیڤ بۆ خەڵک ئامادە دەکرێت

22-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزاندا خەڵکێکی زۆر روو لە مزگەوتەکان دەکەن، بەڵام بۆ شەوی 27ـی رەمەزان (قەدر) چاوەڕێ دەکەین زیاتر لە ملیۆنێک کەس سەردانی مزگەوتەکان بکەن.
 
رۆژی شەممە، 22ـی ئاداری 2025، نەبەز ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"بەپێی رێنماییەکانمان تەنیا لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزاندا دەرگای مزگەوتەکان تاوەکو نوێژی بەیانی کراوە دەبن، لەم چەند شەودا سەدان هەزار کەس سەردانی مزگەوتەکان دەکەن لە هەموو هەرێمی کوردستان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەم 10 شەوەی مانگی رەمەزان کردووە، بە تایبەتی 27ـی رەمەزان کە چاوەڕێ دەکەین لەم شەوەدا زیاتر لە ملیۆنێک کەس سەردانی مزگەوتەکان بکەن."
 
لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە نەبەز ئیسماعیل گوتی، "بۆ شەوی 27ـی رەمەزان خواردنی پاشیڤ لە زۆربەی مزگەوتەکان ئامادە دەکرێت، هەر مزگەوتێک پڕۆگرامی تایبەت بە خۆی هەیە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 150 مزگەوت هەن، بۆ 10 شەوی کۆتایی رەمەزان، دەرگای مزگەوتەکان تاوەکو نوێژی بەیانی کراوە دەبن، بەو مەرجەی گوتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکە ئاگادار بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە