رووداو دیجیتاڵ
مهكتهبى سیاسیى بزووتنهوهى ئیسلامیى كوردستان رایگەیاند: "ئهو بڕیارانهی ئهم دواییهی دادگەی فیدراڵی به سیاسیی كراون." داواش دەکات تهواوی لایهنه سیاسییهكانی ههرێمى كوردستان كۆبونهوهیهكی بهپهله بکەن و "بەبێ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی هیچ رێککەوتنێک سەرناکەوێت."
ئەمڕۆ شەممە، 23ی 3ی 2024، مهكتهبى سیاسیى بزووتنهوهى ئیسلامیى كوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: " ئهو بڕیارانهی ئهم دواییهی دادگەی فیدراڵی به سیاسیی كراون. داوا دەکەین تهواوی لایهنه سیاسییهكانی ههرێمى كوردستان كۆبونهوهیهكی بهپهله بۆ چارهسهركردنی كێشهكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان ئهنجام بدهن."
لە راگەیێندراوێکەدا هاتووە: "بەبێ رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان به تایبهت پارتی و یهكێتی، هیچ هەڵبژاردنێک سەرکەوتوو نابێت. ئەنجامنەدانی باشترە لەئەنجامدانی."
مهكتهبى سیاسیى بزووتنهوهى ئیسلامیى كوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک بەبێ یەکێتی و پارتی سەرکەوتوو نابێت، روونیشی دەکاتەوە: "کێشەکانیش قووڵتر دەبنەوە و چارەسەر نابن. هاوکات هەموو دۆستانی کورد نیگەران دەکات و دوژمنانیش خۆشحاڵ دەکات. بۆیە رێککەوتن و تەبایی تاکە رێگە چارەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان."
3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق 21ی شوباتی 2024 بە بڕیارێک کورسیی پێکهاتەکانی بە "نادەستووری" پێناسە کرد.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، پەرلەمانی کوردستان 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت. ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە و پارتە کریستیان و تورکمانەکان جگە لە بەرەی تورکمانی، بڕیاریاندا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا نەکەن.
رۆژی 18ی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین." ئەم بڕیارەی پارتی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی بڕیاریی کۆتایی خۆی بە فەرمی رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ