رووداو دیجیتاڵ
بانگبێژێک لە هەریر بە زمانی کوردی کەباری پارشێوان دەکات و شێوازی کەبارکردنەکەی لە شارەکە و سۆشیاڵ میدیاش دەنگی داوەتەوە.
هەنگاو هەڵدێنێ بۆ ئەوەی بە دەنگ و سەداکەی بۆ پارشێوێکی دیکە هاونیشتمانیانی هەریر بەخەبەربێنتەوە؛ کامەران قادر، بانگبێژی مزگەوتی گەورەی هەریرە، جیاواز لە بانگبێژانی دیکە، بە زمانی کوردی کەبار دەکات.
کامەران قادر دەڵێت: "لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە لەو مزگەوتە کەباری پارشێو و ئیمساک دەکەم، هەر بەخۆم بیرم لەوە کردەوە بە کوردی باسی گەورەیی پارشێو بکەم و هاتە مێشکم و دەستم پێکرد هەر لەسەر فەرموودەی پێغەمبەرمان (د.خ) کە باس لە گەورەیی پارشێو دەکات، خەڵک زۆر پەیوەندیم پێوەدەکەن و دەڵێن بەڕاستی کەبارت زۆر خۆشە، هەر تۆ کەباری پارشێومان بە کوردی بۆ بکە."
چێژی دەنگ و شێوازی خوێندنی کەبار بە کوردی لەم قەزایە و لەو مزگەوتە دەنگی داوەتەوە.
زۆرن ئەو هاونیشتمانییانەی ئەگەر دەنگی مامۆستا کامەران نەبێت و گوێیان لە کەبار نەبێت، بەخەبەر نایەنەوە و پارشێو ناکەنەوە.
شەمال حەمەد، دانیشتووی هەریرە و لەو بارەیەوە دەڵێت، "بەڕاستی خەڵک کە گوێی لە دەنگی ماموستا کامەران دەبێت، بە تام و چێژی زیاتر بۆ پارشێو هەڵدەستنەوە، خەڵک هەیە نانی پارشێوان ناخوات، بەڵام کە گوێی لە دەنگی مامۆستا کامەران دەبێت بە کوردی کەبار دەکات، دێتە مزگەوت و سوپاس بۆ خودا ئێستا مزگەوتەکەشمان زۆر قەرەباڵخ بووە.
عەبدوڵڵا مستەفا، دانیشتووانێکی دیکەی هەریرە و دەڵێت، "هەموو کەبارێک چێژ و خۆشیی خۆی هەیە، بەڵام بەکوردییەکەی زیاتر کاریگەریمان لەسەر دەکات، خەڵکیش زیاتر تێدەگات."
ئەرکی ئەو مامۆستایە هەر کەبار و بانگ دان نییە، بەڵکو لە پرسە و بۆنە ئایینیەکان بە دەنگە زوڵاڵەکەی بەشداری دەکات و لە سنوورەکە بە دەنگ و سەدا خۆشەکەی دەناسرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ