رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆری خانووە دێرینەکانی سلێمانی چ بە هۆکاری سرووشتیی وەکو باران بێت یانیش بە دەستی مرۆڤ بێت، مەترسیی رووخانیان لەسەرە، بەشێکیان پێشتر رووخێندراون و کراون بە گەراجی ئۆتۆمبێل.
سالار و هاوکار دوو هاوڕێن، 24 ساڵە لە سلێمانی خۆبەخشانە کاردەکەن بۆ پاراستن و مانەوەی شوێن و خانووە کولتووری و دێرینەکانی سلێمانی، لەبەردەم ئەو خانووەن لە گەڕەکی شێخان کە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی بارانبارین بەشێکی رووخاوە.
سالار خوارەم دەڵێت، "بەداخەوە دۆخی خانووە کۆنەکان زۆر خراپە، رۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت، باران و زریان زیانی پێدەگەیەنن. هەندێ جاریش بە مەبەست زیانیان پێدەگەیێندرێت، ئایا چاوەڕێن بکرێتە گەراج و باڵەخانەی چەند نهۆمی؟"
پێنج ساڵە ڤیو گرووپ بە هاوئاهەنگیی زانکۆی سلێمانی، گەڕەک و خانووە کۆنەکانی سلێمانی دۆکیومێنت دەکەن، ئەوان لە 6 هەزار خانووی سلێمانی 106 خانووی کۆن و مێژووییان تۆمارکردووە، دەشڵێن زۆرینە لەنێوچوون یان مەترسیی لە نێوچوونیان لەسەرە.
ئەندازیار عادل مەولەوی، خاوەنی ڤیوگروپە و دەڵێت، "خانووەکان زۆرینە لەنێوچوون یان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، هۆکارەکان زۆرن، لەوانە کولتووری، یان داراییە کە کەس ناچێت بەلایاندا."
بەڕێوەبەراتیی شوێنەوار پلانی وایە ئەو خانووە کۆنانە بکرێنەوە و دواتر بە دیزان و شێوازی خۆی نۆژەنیان بکاتەوە و بۆ کەرتی گەشتیاری سوودی لێوەربگیرێت.
بەڵام قەیرانی دارایی پرۆسەکەی دواخستووە و رێگەش نادرێت کەس خانووەکان دەستکاری بکات، بەڵام لە رابردوو ئەوانەی رووخێندراون، کراون بە گەراجی ئۆتۆمبێل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ