وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک: قەبارەی زیانی لافاوەکە زیاتر لە شەش ملیار دینارە

رووداو دیجیتاڵ 

وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک دەڵێت، زیانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە شەش ملیار دینار بووە. دەشڵێت، ئەو ماڵانەی لەسەر رووباری هشکەڕۆ بە زێدەڕۆ دروستکراون شوقەیان پێدەدرێت و شوێنەکە چۆڵدەکەن.
 
پیر دەیان پیر خدر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، لەدوای ئەوەی لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی 117 شوقە پێشکێشی ئەو خێزانانە کرا کە بەهۆی لافاوەوە ماڵەکانیان رووخا، ماڵەکانیش کە بەشێوەی زێدەڕۆ لەسەر رووباری هشکەڕۆ دروستکراون شوێنەکە چۆڵدەکەن و دەکرێتە کۆڕنیشێکی گەشتیاری.
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان دەڵێت، "لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک هەشت تیم پێکهێنراون و خەمڵاندن بۆ قەبارەی زەرەر و زیانەکان دەکەن، هەموو هەوڵێکش ئەوەیە تاوەکو پێش جەژن قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە."
 
پیر دەیان ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی، وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ژینگە، هێزەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەی گوڵان سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو ماڵانەن کە بەهۆی لافاوە پیسبوون.
 
گوتیشی: "لەدوای لافاوەکە، 1040 کەس گواستراونەتەوە بۆ 11 هۆتێلی دهۆک و ئێستا ماڵی ئەو کەسانە پاکدەکرێتەوە کە زیانی کەم بەرماڵەکانیان کەوتووە."
 
لەبارەی قەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی سنووری پارێزگای دهۆک، بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەکرد "بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان تائێستا نزیکەی 7 ملیار دینار زیان بەر هاونیشتمانیان و پرۆژەکانی حکومەت کەوتوون، ئەمە بێجگە لە پرۆژەی کەرتی تایبەت."
 
پیر دەیان پیر خدر گوتیشی، لەلایەن مانگی سووری عێراقی و حکومەتی عێراقەوە هیچ هاوکارییەک بۆ دهۆک نەنێردراوە، تەنیا ئۆفیسی دهۆکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هەزار سەبەتەی خۆراکی بۆ زیان لێکەوتووان دابینکردووە."
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە بەهۆی بارانی بەخوڕ لە دهۆک و زاخۆ لافاو دروست بوو، بەهۆیەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە تەرمی دوو کەسیان تائێستا نەدۆزراونەتەوە، زیانیش بە نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل کەوت.