دوو رۆژە هاونیشتمانییەک کەوتووەتە بەنداوی دەربەندیخان و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە

23-03-2023
هونەر حەمید
وێنەیەکی سامان عەبدوڵڵا و سێ منداڵەکە
وێنەیەکی سامان عەبدوڵڵا و سێ منداڵەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە هاونیشتمانییەک کەوتووەتە نێو بەنداوی دەربەندیخان و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە. قایمقامی شارەکە دەڵێت، داوایان لە تیمی مەلەوانیی بەسرە کردووە کە هاوکاریی تیمەکانیان بکەن.
 
باوکی ئەو هاونیشتمانییەی کە 21ـی ئەم مانگە کەوتە نێو بەنداوی دەربەندیخان و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، بە چاوی گریانەوە بە دیار تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە شەو رۆژ دەکاتەوە و چاوەڕێی دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیەتی.
 
سامان عەبدوڵڵا تەمەنی 37 ساڵ بوو و، سێ منداڵی هەیە. 21ـی ئەم مانگە لەگەڵ هاوەڵزاوایەک و هاوڕێیەکی چووبوون بۆ راوەماسی، بەڵام بەلەمەکەیان نقوومبوو، هاوڕێی و هاوەڵزاواکەی بە مەلەکردن خۆیان رزگار کرد و ئەو لەنێو ئاوەکە مایەوە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
 
عەبدوڵڵا محەممەد، باوکی سامان بە رووداوی گوت، سوپاسی هەرکەسێک دەکەن کە هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەی بدات. دەشڵێت، ئومێدیان هەیە کە تیمەکان بتوانن ئەو کارە بکەن.
 
تیمی بەرگریی شارستانیی سلێمانی و چەند تیمێکی خۆبەخش دوو رۆژە بەدوای تەرمەکە دەگەڕێن، بەڵام بەهۆی قووڵیی ئاوەکەوە نەتوانراوە تەرمەکە بدۆزريتەوە.
 
هاوڕێ عەلی، بەڕێوەبەری تیمی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە پێداویستیی وامان نییە لە کوردستان بتوانین 50 مەتر بچینە ژێر ئاوەوە. چاوەڕێی [رەحمی] خوای گەورە دەکەین یان ئەوەتا [تەرمەکە] خۆی بێتە سەر ئاوەکە و هیچ چارەی دیکەمان نییە."
 
قایمقامی دەربەندیخان لە رێگەی چەند پەرلەمانتارێکی عێراقەوە داوای لە تیمی مەلەوانیی بەسرە کردووە بۆ ئەوەی لە گەڕان بە دوای تەرمەکەدا هاوکارییان بکات.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان باسی لەوە کرد، "پەیوەندیمان کرد بە هەندێک برایانی ئەندام پەرلەمانی عێراق" و ئەوانیش پەیوەندییان بە پارێزگاری بەسرەوە کردووە کە بێن و هاوکاریی تیمەکانیان بکەن بۆ ئەوەی تەرمی ئەو هاونیشتمانییە بدۆزنەوە.
 
ئەو دوو کەسەی لەگەڵ سامان عەبدوڵڵا بوون، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی راویان کردووە، دەستگیرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.