وەزارەتی ئەوقاف 12 هەزار و 90 موڵکی هەیە و دەڵێت پێداچوونەوەی پێدا دەکەن

24-03-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە شارەکاندا 12 هەزار و 90 موڵکی هەن، بەڵام داهاتی ئەو موڵکانە ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت، بۆیە وەزارەتەکە بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە موڵکەکانیدا بکات.
 
هاونیشتمانییەک لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر چایچییە و دەڵێت، مانگانە 800 هەزار دینار دەداتە کرێی دووکانەکەی و نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزاریش بۆ مووچەی شاگردەکانی. رووبەری دووکانەکە شەش مەتر دووجایە و موڵکی وەزارەتی ئەوقافە، بەڵام ئەو هاونیشتمانییە کرێچیی کەسێکە کە ساڵانێکە موڵکەکەی لە ئەوقاف بە کرێی ساڵانە وەرگرتووە.
 
مەحموود حەسەن، خاوەنی چایخانەیە و بە رووداوی گوت، "ماوەی 12 ساڵە لەم دووکانەدا کرێچیم، کرێی مانگانەم 800 هەزار دینارە و مووچەی مانگانەی سێ شاگردیشم لەسەرە، لە کەسێک بەکرێم گرتووە کە ساڵانێکە بە کرێی ساڵانە لە ئەوقاف گرتوویەتی."
 
وەزارەتی ئەوقاف خاوەنی موڵکێکی زۆرە لە بازاڕی شێخەڵڵا، راینمۆڵی ئیسکان نزیکەی 100 دووکانە و کرێچییانی بازاڕەکە مانگانە پارەیەکی زۆر دەدەن بە کرێی دووکانەکانیان. خەسرۆ ‌حەمەد، دووکاندار باسی لەوە کرد، "کاتێک کرێی مانگانەم هەرزان بێت شتوومەکیش هەرزان دەفرۆشین، ئەوکات کڕیاران سوودمەندی یەکەمن."
 
حوسێن عەبدولغەنی، دووکاندارێکی دیکەی بازاڕەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "من کرێچیی دەستی دووم و کرێکەم 500 دۆلارە، لەم بازاڕە تاوەکو 700 دۆلاری مانگانەش کرێچی هەیە، بەڕاستی زۆرە و چەندین جاریش داوای پێداچوونەوەمان کردووە."
 
وەزارەتی ئەوقاف لە هەرێمی کوردستان 12 هەزار و 90 موڵکی هەیە، لەوانە هەزار و 487یان دووکان، 628 خانوو و، 180 شوقە و باڵەخانە. موڵکەکان لە لایەن هاونیشتمانییانەوە بە مزگەوت و خانەقاکان دراون، دوای پێداچوونەوەی ئەوقاف بە دیاریکردنی نرخی نوێیان، لیژنەی فەتوا بڕیار لە داهاتە کۆکراوەکە دەدات.
 
سەید سەدیق کەپرانی، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر دەڵێت، "لیژنەکە بە تەنها ئەوقاف نییە، داواکاری گشتی، موڵکایەتی و زۆر دەزگای دیکەی پەیوەندیدار لەگەڵیەتی و دووبارە خەمڵاندنی نرخ دەکەنەوە و بەدواداچوون بۆ تەواوی موڵکەکان دەکەن."
 
زۆرن ئەو موڵکانەی بە سەرقفلانەی زۆرەوە فرۆشراون و یەکلایی کردنەوەیان ئەستەم بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە