HRW: پێویستە ئەنقەرە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و بێلایەن لە رووداوەکەی جندرێس بکات

23-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لەسەر رووداوی کوشتنی چوار هاونیشتمانییەکەی عەفرین راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تێوەگلاون و داوا لە ئەنقەرە دەکات، پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان نەکات و لێکۆڵینەوەیەکی "بێلایەن و شەفاف" لە رووداوە تاسێنەرەکەی ئێوارەی نەورۆز بکات. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لە شارۆچکەی جندرێسی باکووری سووریا، 20ی ئاداری 2023 سێ ئەندامی گرووپێکی چەکداری سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریای لایەنگری تورکیا تەقەیان لە خێزانێکی کورد کرد، کاتێک کە پێشوازییان لە نەورۆز و سەری ساڵی کوردی دەکرد. سێ برا و کوڕی یەکێکیان کوژران، کەسێکی دیکەی نزیکیان لە دۆخێکی مەترسیداردایە و دووی دیکەش بە سووکی برینداربوون."
 
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "لە کاتێکدا پۆلیسی سەربازیی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا سێ هێرشکاری گومانلێکراوی دەستگیرکردووە، گرووپە چەکدارەکانی سوپاکەش رەتیانکردووەتەوە پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەبووبێت."
 
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رەخنە لە سوپای بەناو نیشتمانیی سووریا دەگرێت و دەڵێت، هێزەکە "بە دەگمەن لێپرسینەوەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیدا کردووە لە بەرامبەر ئەو زنجیرە پێشێلکارییانەی لە شەش ساڵی رابردوودا دژی مافەکانی مرۆڤ کردوویانن."
 
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "ئەم رووداوانەی کوشتن دوای پێنج ساڵ لە چارەسەرنەکردنی پێشێڵکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دێن، کە هێزەکانی تورکیا و ئەو گرووپە چەکدارانەشی ئەوان پشتیوانی لێدەکەن کردوویانن. تورکیا رێگەی بەم چەکدارانە داوە، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان ژیانی خەڵک تێکبدەن بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەمەش تورکیا لە پێشێلکارییەکاندا تێوەگلاوە."
 
کوگڵ دەشڵێت: "تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لە عەفرین بەردەوام شکستیان لە پاراستنی خەڵکی سڤیلی باکووری سووریا هێناوە."
 
بەرپرسەکەی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ جەختیش دەکاتەوە، "دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم بکوژانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفافانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەنگاوێک دەبێت بەرەو رێگە راستەکە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە