ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات: دەبێت عەفرین بکرێتە ناوچەیەکى داماڵراو لە چەک


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات سەرکۆنەى کۆمەڵکوژکردنی چوار هاونیشتمانیی رۆژئاواى کوردستان دەکات و داوا دەکات سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لە شارى عەفرین دەربچن، دەڵێت: "سەرکۆنەکردنى ئەو تاوانە بەبێ دانانى لەو چوارچێوە و ژینگەیەى، کە ئەو تاوانەى لێکەوتووەتەوە، هەڵاتنە لە راستى و بەشداریکردنە لەو تاوانەدا."
 
رۆژی 22ـی ئادارى 2023، ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى "شەهیدکردن"ى ئەو چوار هاونیشتمانییەی شارۆچکەى جێندرێسى سنوورى شارى عەفرینى رۆژئاواى کوردستانى کرد کە هاوکات لەگەڵ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە لەلایەن چەند چەکدارێکى گرووپى ئەحرار شەرقییە تەقەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا.
 
ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "پێویستە لەسەرمان هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکەین کە سەرکۆنەى ئەو تاوانە بەبێ دانانى لەو چوارچێوە و ژینگەیە کە تاوانەکەى لێکەوتووتەوە، بۆ خۆى راکردنە لە راستى. لەهەمان کاتیشدا بەشداریکردنە لەو تاوانەدا و ناکرێت ئەو تاوانە لە چوارچێوەى داگیرکارى و کۆچپێکردن و هاندان لەدژى کورد جیا بکرێتەوە."
 
ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانیان لەدەستدا، چوار کەسی یەک خێزان بوون بە ناوەکانی (فەرحەدین عوسمان، تەمەن 43 ساڵ، محەممەد عوسمان، 42 ساڵ، نەزمی عوسمان، 38 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمان، 18 ساڵ.)
 
بزووتنەوەی ئازادی و ئاوەدانکردنەوەی سەر بە فەیلەقی یەکی سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژی سێشەممە 21-03-2023 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، "ئەو تێوەگلاوانەمان دەستگیرکردن کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵاتبوون."
 
لە ڤیدیۆیەکدا، کە لەلایەن یەکە ئەمنییەکەوە بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە سێ کەسیان دەستگیرکردوون، بەگوێرەی دانپێدانەکانیان، دووانیان لەدایکبووی 2000 و ئەوی دیکەیان 2004ـە و هەرسێکیان لە بنەڕەتدا خەڵکی دێرەزوور و ئێستا نیشتەجێی کەمپی جندرێسن.
 
ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات داوایکردووە شارى عەفرین بکرێتەوە ناوچەیەکی مرۆیی لە چەک داماڵدراو، هەروەها سەرجەم گرووپە سەربازییەکان لەو شارە دەربکرێن، رێگە بدرێت بە گەڕانەوەى دانیشتووانە رەسەنەکەى و سزادانى ئەوانەى بەرپرسن لە تاوانە دژ بەمرۆڤایەتییەکان و سەرجەم دەستگیرکراوان و رفێندراوانیش ئازاد بکرێن.