بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان: بکوژی بەرازەکە نەناسراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هێشتا بکوژی بەرازەکەی خەلەکان نەناسراوەتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان دەڵێت، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە و داوای یارمەتیی دەکات بۆ دۆزینەوەی بکوژەکە و دەستگیرکردنی.
 
دەرباز قادر بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان لەبارەی روودانی کوشتنی ئەو بەرازەی لە رۆژی جەژنی نەورۆز لە سنوورەکەی روویدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بابەتەکە بەدواداچونی تەواوی بۆ کراوە و دەرکەوتووە تەقەکەرەکە سەیرانکەر بووە".
 
دەرباز قادر باس لەو گرتە ڤیدیۆیە دەکات کە لە پۆرتاڵی رووداو دانراوە و، دەڵێت: "لە ڤیدۆکەدا تەقەکەرەکە دیارە و سەیرانچی بووە و خەڵکی سنوورەکە نییە"، هەروەها گوتیشی پۆلیسی دارستان وەک لایەنی پەیوەندیدار بە بابەتەکە لەسەر هێڵن.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان لەبارەی ئەوەی ئایا سکاڵا لەسەر بکوژی بەرازەکە دەجوڵێنن گوتی: "بەدڵنیاییەوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و پۆلیسی دارستان پەیوەندیدارین بە بابەتەکەوە، لەسەر هێڵیشین، دوو بۆ سێ جار مەفرەزەمان ناردووە، بەڵام تا ئیستە کەسەکەمان بۆ دیارینەکراوە بزانین کێیە تا لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەین".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان رەتیدەکاتەوە بەرازەکە دووگیان بووبێت و دەڵێت، گۆشتی لێکراوەتەوە بۆ خواردن. دەرباز قادر داوادەکات هاوکارییان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن لەو رێگەیەوە کەسەکە بدۆزنەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 2021/03/21 لە کاتێکدا خەڵک بۆ جەژنی نەورۆز سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردبوو، بەرازێک لەنێو گەشتیاراندا دەبینرێت و لەلایەن کەسێکەوە کە چەکی کڵاشینکۆفی پێیە، دەستڕێژی گولـلەی لێدەکرێت و دەکوژرێت. ئەوەیش دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو.
 
ڤیدیۆکەی لە فەیسبووکی رووداو ریکۆردی بینینی ڤیدیۆی لە ماوەی 24 کاژێر شکاند و تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار بینەری هەبووە.