سەدان کەس لەبەردەم قایمقامیەتی هەولێر داوای مۆڵەتی چوونەدەرەوە دەکەن

 
 
 
رووداو - هەولێر

لە بەردەم قایمقامیەتی هەولێر سەدان کەس سەرەیان گرتووە داوای مۆڵەتی چوونە دەرەوە دەکەن.  سەریان بەناو یەکدا کردووە، هەناسەیان بە رووی یەکدا دەچێ، بەشێکیان دەسکێش و دەمامکیان نییە ئەگەر توشبوی کۆرۆنایان تیابێ رەنگە هەموو لە یەکەوە بیگرن، سەرەگرتنەکە درێژە و هیچ نیشانەی قەدەخەی هاتووچۆ و پابەندی بە رێنماییەکانەوە پێوە دیار نییە.
 
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، کەچی هێشتا خەڵک نۆرەی دوورودرێژیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە گرتووە.
 
کۆبوونەوەی ئەو هاونیشتمانییانە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستیەکانە کە نابێت زیاتر لە دوو کەس لەگەڵ یەکدی کۆببنەوە.
 
هاونیشتیمانییەک دەڵێت، "گوزەرانم خراپە. ئەگەر حکومەت هیچم نەداتێ، بە چی ژیانم بەڕێوە دەچێت؟ ژیانم لەسەر ئەو کارە راوەستاوە".
 
هاونیشتیمانییەکی دیکە دەڵێت، "ئەگەر من بچمەوە ماڵ، بژێویم لە کوێ پەیدا بکەم؟ ئایا حکومەت بەخێوم دەکات؟ من نیمە و کارەکەم رۆژانەیە".
 
تاوەکو دێت رێکارە ئەمنییەکان تووندتر دەکرێن. هێزە ئەمنییەکان لە رۆژانی رابردوودا لەسەر شەقامەکانی نێو شار و دەروەی شارەکان زیاتر بڵاوەیان پێکراوە. تەنیا لە هەشت رۆژدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 500  ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەردا گیراوە دوو هەزار و 50 سەرپێچی تۆمارکراون. هەشت هەزار و 115 بەلگەنامەش دەستیان بەسەردا گیراوە.  لە ئەگەری پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییەکانەوە سزا و لێپێچینەوەکانیش تووندتر دەبن.
 
فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە قۆناخێکی هەستیارداین. ئەگەر پابەندنەبین، لەوانەیە وەکو ئەو وڵاتانەمان لێبێت کە ئەو نەخۆشییە گیرۆدەی کردوون و گەیاندوونیەتە قۆناخی مەترسیدار. ئەگەر خەڵک پابەند نەبن، ئێمەیش دەگەینە قۆناخی مەترسیدار".
 
یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی تۆمارکردنی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پابەندنەبوونی خەڵکە بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە. لە ئەگەری پابەندنەبوون بە رێنماییەکانیش کاردەبەدەستانی تەندروستی دەڵێن، ئەگەر واقبڕوات ژمارەی مردووانیش هاوشانی تووشبووان بە زۆری تۆمار دەکرێت.
 
د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، "ترسمان هەیە و ئەم هەفتەیە سەرەتای زیادبوونی ژمارەی تووشبووانە. ئەگەر خەڵک پابەند نەبن، ئەوا رۆژانە ژمارەی تووشبووان چەند هێندەی ئەوەی ئێستا زیاد دەبێت. ئیتر ئەو کاتە گیانلەدەستدانیش دەست پێدەکات و وابڕوات دەگەینە قۆناخێک کە پێیدەگوترێت لە کۆنترۆڵ دەرچووە".
 
ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 85 تووشبوو کە سەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تایبەت بە کۆرۆنا 13 نەخۆشخانەن کە 400 تەخت لە خۆ دەگرن.