لە سێ خانووی گەڕەکی موسڵی نوێ زیاتر لە 200 کەس کوژران

رووداو - موسڵ 

پەیامنێری رووداو لە موسڵ رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان لە گەڕەکی موسڵ جدیدە، زیاتر لە 200 هاووڵاتی سڤیل کوژراون، رەنگە لەنێویشیاندا چەکدارانی داعش هەبن،  

بەگوتەی پەیامنێری رووداو ئێستا ئەوان لەژێر دار و پەردووەکاندان و لەلایەن چەند کەسێکەوە تەرمەکانیان دەردەهێندرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 23-3-2017،  هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە موسڵ نوێترین زانیاری لەبارەی ئاڵۆزیی و شەڕی موسڵ ئاشکرا کرد و رایگەیاند "بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان لە ماڵێکی گەڕەکی موسڵی نوێ 130 کەس کوژراون، هەروەها لە دوو خانووی دیکەشدا نزیکەی 100 کەس کوژراون".

پەیامنێری رووداو راشیگەیاند "بەشێک لەو کەسانەی لەنێو خانووەکەدا کوژراون خۆیان لەژێر زەمینەکاندا شاردبووەوە". دەشڵێت "ئەو خانووانە لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردوومان کراون".

سەبارەت بەو کەسانەی کە کوژراون، پەیامنێری رووداو گوتی "ئەوان هاووڵاتی سڤیلن و لەنێویاندا ژن و پیاو و منداڵ هەن، هەروەها چەکدارانی داعشیش لەنێو کوژراوەکاندا هەن".

پەیامنێری رووداو گوتیشی"هێزی بەرگریی شارستانی هاتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئەو تەرمانە دەردەهێنن کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کوژراون، لەو ماڵەی کە 130 کەس تێیدا کوژراوە تەنیا کۆترەکان رزگاریان بووە".

لەبارەی پێشڕەویی هێزە عێراقییەکانیش هێڤیدار ئەحمەد گوتی" شەڕ بۆ گەڕەکی حەدبا وەستاوە، بەڵام شەڕکەڕانی هێزی عێراقی بەرەو گەڕەکی ئابیسە رۆیشتوون. بەڵام ئێستا دەنگی تەقە نابیسترێت، ئەمەش لەبەر ئەو بۆردوومانەی ئەمڕۆ لەو گەڕەکە روویداوە".

بەگوتەی هێڤیدار ئەحمەد، ئەو بۆردوومانانە دوای ئەوە دێت کە چەکدارانی داعش خۆیان لەنێو ئەو خانووانەدا شاردووەتەوە کە هاووڵاتی سڤیلی لێبووە، پاشان بۆردوومان کراون و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.




داڕشتنەوە: راوچی حەسەن