رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوا لە هاونیشتمانییان و گەشتیاران دەکات لەم دوو رۆژەدا نەچنە ناوچە شاخاوییەکان. دەشڵێت، شەختە دروست دەبێت و هەرکەس بچێت ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین نەچن بۆ ناوچەکانی حاجی ئۆمەران، سیدەکان، مێرگەسۆر و وەرتێ، چونکە گیر دەخۆن."
لە چوارشەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت: "خەڵکێکی زۆر دەچنە نێو بەفر و گیردەخۆن، بۆیە داوایان لێدەکەین ئەم چەند رۆژە تاوەکو شەپۆلەکە کۆتایی دێت، نەچنە ناوچە شاخاوییەکان."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لەوەکرد، بەشێک لە شۆفێران پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نابن و بەشی زۆریان شارەزای شوێنەکان نین، بۆیە باشتر وایە سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
ئەمڕۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: "بەهۆی بارینی بەفر و دروستبوونی بەستەڵەک، ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان و شوفێران دەکەینەوە، رێگەکانی ناوچەکانی حاجی ئۆمەران، سیدەکان، مێرگەسۆر و وەرتێ لەباری سەخت و مەترسیداردان خۆتان بپارێزن لە هاتووچۆکردن بۆ ئەم ناوچانە تەنها بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ