رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سنە و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی زیاتر لە 250 گوندی هەردوو پارێزگەکە داخراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە رایگەیاند، رێگەی زیاتر لە 143 گوندی پارێزگاکە داخراون، داوای لە قایمقامەکان کرد، لە رێگەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان زانیاری تەواو سەبارەت بە گوندەکان بدەن بە ئیدارەی رێگاوبان و تیمەکانی فریاگوزاری تاوەلو بتوانرێت رێگاکان بکرێنەوە.
ئارەش لهۆنی گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کەشوهەوای لە پارێزگاکەدا، پێویستە دەزگا جێبەجێکارەکان ئامادەکاری تەواویان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان و بارودۆخە نەخوازراوەکان بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هەفتەیە بە کەمترین کێشە تێپەڕین".
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، ئەسغەر قارەمانی، قایمقامی شاری دولفان رایگەیاند: "لە دوا نیوەڕۆی دوێنێوە، رێگەی زیاتر لە 120 گوند داخراون و هێزەکانی خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگاکە بە هاوکاریی خەڵک لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کردنەوەی رێگاکان."
قایمقامی دولفان، داوا لە خەڵک دەکات خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بەدووربگرن، ئەگەر ناچار بوون گەشت بکەن پێویستە بەنزینی پێویستیان پێ بێت و هەروەها زنجیری تایەی ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی گەرمیشیان پێ بێت.
لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بەفر و سەرما ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. لە دوێنی شەممە شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین رووی لە ناوچەکە کردووە و بە گوێرەی کەشناسیی ئێران، شەپۆلەکە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکوور و نێوەڕاستی ئێران دەگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ