كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال: عومەر فەقێ لە هەولێر دەستگیرکرا

23-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێشەممەی رابردوو دادگەی کەلار بڕیاری دەستگیركردنی بۆ عومەر فەقێ دەرکرد. سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال بە رووداوی گوت، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ عومەر فەقێ دەستگیر کرا."

لە سەرەتای ئەم مانگە، عومەر مەحموود فەقێ، بانگخواز و چالاکڤان لە هەڤپەیڤینێکدا نموونە بە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق هێنایەوە و لە بەشێکی قسەکانی دا گوتی: "گۆڕی پڕ نوور بێت." ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە چالاکڤان، رۆژنامەنووس و هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و لە داواکاری گشتی سکاڵایان لەسەر کرد.
 
لە سکاڵاکەدا 18 کەس بە ناونیشانی جیاواز واژۆیان لەسەر کردبوو و، بەشێکیان کەسوکاری ئەنفالن. تێیدا هاتبوو: "داوا لە داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ قسەکانی مامۆستا و بانگخواز و خاوەن کۆمپانیای عەقارات عومەر مەحموود فەقێ، دانیشتووی شاری هەولێر بکەن."
 
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، ئەکرەم ساڵح رەشید، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ عومەر فەقێ لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کرا."
 
عومەر مەحموود فەقێ لە بنکەی پۆلیسی کەلار و بنکەی پۆلیسی کوردستان لە هەولێر سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو. سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال دەڵێت، "ئێمە بەردەوام لەدوای کەیسەکە بووین، ئەمڕۆ لە بنکەی پۆلیسی کوردستان لە هەولێر دەستگیر کرا."
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە، کە عومەر فەقێ دەستگیرکراوە.
 
18ـی شوباتی 2025، ئەکرەم ساڵح رەشید، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی لە 10ـی ئەم مانگە سكاڵامان پێشكێش بە جێگرایەتیی داواكاری گشتیی كەلار کرد، لەلایەن دادوەری دادگەی لێكوڵینەوەی كەلار گوتەی ئێمە و نوێنەری یاسای بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان وەرگیرا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕیاری دەستگیركردن بۆ عومەر فەقێ دەرچوو."
 
هەر ئەوکات، عومەر محموود فەقێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری دەستگیرکردنم هەنگاوە یاساییەکانی نەبڕیوە و چەند کەسێک دەیانەوێت کەیسەکەی من بەلاڕێدا ببەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.