چوار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی کرماشان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ئێران بریندار بوون کە تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. لە ناوچەی سنووریی بەستامی سەقزیش لە پارێزگای سنە کۆڵبەرێک بریندار کرا.
 
شەوی چوارشەممە، 21ی شوباتی 2024، هێزەکانی ئێران لە ناوچەی نەوسوودی سەر بە شاری پاوەی پارێزگای کرماشان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە لانیکەم سێ کۆڵبەر بریندار بوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی فوئاد کارگەر بە سەختی بریندار بووە و تەندروستیی ناجێگیرە. فوئاد کارگەر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە براوەتە نەخۆشخانەی شاری پاوە و دواتریش بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی شاری کرماشان گوێزراوەتەوە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕی ئەو نەخۆشخانەیە خەوێندراوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، هەر هەمان شەو لە سنووری بەستامی سەقز هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بە هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی کازم عوسمانی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بریندار بوو.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو كۆڵبەرە بریندارە گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی شەفای شاری سەقز و لە ژێر چاودێری پزیشکەکاندایە.
 
لە یەکەم مانگی ساڵی 2024، لانیکەم شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکاندا بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران کوژراون و 44 کۆڵبەریش بریندار کراون. 
 
کۆڵبەرەکان، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و لەڕووی ناچاری و تەنیا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و لەپێناو بڕە پارەیەکدا کەلوپەلی بازرگانەکان دەگوازنەوە. 
 
لە ساڵانی پێشتردا تەنیا خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کۆڵبەرییان دەکرد، بەڵام لەم چەند ساڵەدا کە دۆخی ئابووری خراپتر بووە، لە شارە دوورترەکانی سنووریشەوە خەڵک بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان، روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن.