پێشمەرگەیەک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
پێشمەرگەیەک لە میحوەری خازر کارەبا گرتی کە خاوەنی چوار منداڵە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی بەناوی مەجید سەعید لە میحوەری خازری هێزی پێشمەرگە کارەبا گرتی و تەرمەکەی دەبرێتە دادپزیشکیی هەولێر.
 
هاونیشتمانییەک بەناوی فەریق کە خاڵۆزای پێشمەرگەکەیە، لەبەردەم دادپزیشکیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشمەرگەکە ناوی مەجید سەعید ئەحمەدە و جێگری ئەفسەر بوو لە هێزی زێرەڤانی".
 
فەریق دەڵێت، "ئەمڕۆ دوایین رۆژی دەوامی بوو و بڕیار بوو سبەی بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام ئێوارە پەیوەندییان پێوەکردین و گوتیان مەجید کارەبا گرتوویەتی و رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی هەولێر کراوە؛ کاتێک گەیشتینە نەخۆشخانەکە، گیانی لەدەستدابوو".
 
بە گوتەی خاڵۆزاکەی ئەو پێشمەرگەیە، بەهۆی بارانەوە کارەبای شوێنەکە تێکچوو بوو و مەجید سەعیدیش شارەزایی لە کارەبادا هەبووە و ویستوویەتی چاکی بکاتەوە و گوتی، "ئێستاش چاوەڕێین راپۆرتی پزیشکی دەربچێت و لە هۆکاری مردنەکەی دڵنیاببین".
 
مەجید سەعید ماڵی لە کەرکووک و خێزاندارە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچە و خاڵۆزاکەی دەڵێت، دوای دەرچوونی راپۆرتی پزیشکی تەرمەکەی دەبەنەوە و لە کەرکووک بە خاکی دەسپێرن.