حیزبە کلدان سریان ئاشوورییەکان: هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا دەستی سیاسیی لەپشت بوو

23-02-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ دەربڕینی هەڵوێست بەرامبەر بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان، شەش حیزبی کلدان سریان ئاشووری، کۆبوونەوە و رایدەگەیێنن، "ئەو بڕیارە پاشەکشەی دیموکراسییە و دەستی سیاسی لەپشتەوە بووە."
 
ئەمڕۆ هەینی، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی "زاڵمانە و دژە دەستوور بوو، هەروەها پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکانیش بوو."
 
چوارشەممە، 21-02-2024، دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد.
 
رۆمیۆ هەکاری کە وەکو سەرۆکی یەکێک لە شەش حیزبە بەشداربووەکەی کۆبوونەوەکە قسەی بۆ رووداو کرد گوتی، "ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی، دەستی سیاسیی لەپشت بووە، ئەمە پاشەکشەیە لە دیموکراسی و ململانێی نێوان حیزبە کوردستانییەکانیش هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بدرێت."
 
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن ئاماژە بەوە دەکات "زۆر هەوڵدرا پێکهاتەکان نەبرێنە نێو ململانێکان، بەڵام سوودی نەبوو."
 
لەبارەی بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، رۆمیۆ هەکاری گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارمان نەداوە و جارێ چاوەڕێ دەکەین بۆ ئەوەی چاودێریی دۆخەکە بکەین و دواتر بڕیار بدەین."
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە بێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەی لێدێت:
 
- کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات.
- 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
- بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بازنە کەمتر نەبێت.
- کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی دەستەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتەوە.
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان فرە بازنەیی بێت.
 
ئەو سکاڵایەی لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکرابوو لەسەر مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو کە باس لە دابەشکردنی کورسی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە